شەڕی غەززە دەمامکەکانی لابردن

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
شەڕی غەززە مانگێکی تێپەڕاند، بێ ئەوەی سنوورەکان ببڕێت، واچاوەڕوان دەکرا، جەنگەکە گەورە ببێت،  ئەوانەی لێدوان و وتاری ئاگرین دەدەن بۆ پاڵپشتی غەززە، تا ئەمڕۆ هیچیان نەکردووە، زۆر دووریشە هیچیان بۆ بکەن، بۆیە خەڵکی غەززە جگەلە هەندێک دروشم و خۆپیشاندان نەبێت، هیچیان لەو لایەنانە دەستنەکەوت، ئەگەر مەسەلە هاوسۆزی و خۆپیشاندان بێت، هاوسۆزی و خۆپیشاندانەکانی ئەوڕوپاو ئەمریکاو ئوستڕلیا، زۆر لە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتانە گەورەتربوون، کە بەدروشمی ئاگرین هانی شەڕکردن دەدەن.

شەڕی غەززە دەریخست هەموو ئەو وڵاتانەی هانی فەڵەستینییەکان بۆ شەڕکردن دەدەن،  ئاسایشی خۆیان بۆ خاتری ئەوان ناخەنە مەترسی، بۆیە ئەم خەڵکەیان تەنیا جێهێشت و ماڵیان وێران کرا،  ئەو گروپە چەکدارانەی جارناجار بەهەندێک دڕۆن، هێرشی شەرمنانە بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن، تەنها بۆ ماڵینەوەی ئارەقی نێوچاویانەو هیچی تر، چونکە چاک دەزانن ئەمریکا لەسەر ئەم کردارە شەرمنانە، شەڕیان لەگەڵ ناکات، بەتایبەتی لە باروودۆخێکی وەک ئێستادا کە بە هیچ شێوەیەک ئەمریکا نایەوێت، جەنگەکە گەورە بکرێت، ئەگەرنا مەیدانی شەڕ دیارە، بۆ ناچن ئەو هێرشانە بکەنە سەر ئیسڕائیل، دیارە دەزانن ئەگەر شتێکی لەم چەشنە بکەن، شەڕەکە گەورە دەبێت و ژیان و مانەوەیان دەکەوێتە مەترسیییەوە.

ئیدێ پێموایە چیتر نەهێنییەک بۆ خەڵک نەماوەتەوە  نەزانن یان شاراوەبێت، کە ئەو لایەن و گروپانەی ڕۆژنانە هاوارو ڕۆ رۆیانە بۆ لێدان و نەمانی ئیسڕائیل، جگەلە قسە هیچی تر نییە، ئەگەرنا وەک کورد دەڵێت: رۆژ بۆ ئەمڕۆیە، چونکە بەدرێژایی مێژوو هیچ کاتێک وەک ئێستا غەززە دووچاری ماڵوێرانی نەبۆتەوە، ئەو جەنگەی ئەمڕۆ ئیسڕائیل لە غەززە بەڕێوەی دەبات، کارەساتێکی ئێجگار گەورەیە،  ئەگەر لە کاتێکی وەک ئێستادا ئەو گروپ و لایەنانە شەڕی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسڕائیل نەکەن، ئیدی با گەلی فەڵەستین بۆ هەتا هەتایێ دڵنیاببێتەوە، کە هیچ لایەنێکی دەرەکی لەسەر ئەوان جەنگ لەگەڵ ئیسڕائیل هەڵناگیرسێنێ.

ئیسلامی سیاسی زۆر رەخنەیان لە تەیاری نەتەوەیی  عەرەبی دەگرت، گوایە مەسەلەی فەلەستینیان فرۆشتووە، نەتەوەییەکان سێ جەنگی گەورەیان لەگەڵ ئیسڕائیڵ هەڵگیرساندووە، وەک دەوڵەت بەشداری شەڕی راستەوخۆ بوونە، بەڵام ئەوان دەبینن ئێستا غەززەییەکان لە ناو دەچن و دەمرن، جگەلە قسەو لێدوانی ئاگرینی نەبێت، ناوێرن شەڕێکی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسڕائیڵ بەرپا بکەن، بۆیە ئەم شەڕە دەمامکەکانی لابردن. 

06/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر