چ ئامۆژگاریەکتان بۆ ئەمەریکا هەیە پێمانبڵێن

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

ئەم ناوونیشانەی سەرەوە، داواکاری تیمی بەشی کاروباری گشتی کونسڵخانەی ئەمەریکایە، لە فۆلۆوەرەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەمەریکا بەو هەموو گەورەییەی خۆیەوە، داوای ئامۆژگاری لە فۆلۆوەرەکانی دەکات، وێڕای ئەمەش بەرپرسانی ئەمەریکا لەگەڵیان کۆدەبنەوە و گوێیان بۆ دەگرن. 
 وڵاتێک ئەمە سیاسەتەکەی بێت، هەر دەمێنێت و سەردەکەوێت، لەبەرامبەریشدا دوو وڵاتی زلهێزی تر، کە ئەوانیش رووسیا و چینن، هەردووکیان بانگەشەی  جەمسەربەندی جیهانی دەکەن، سەرباری ئەوەی خۆیان بە هاوتا و دژبەری ئەمەریکاش دەزانن،
 بینیمان لەم چەند رۆژەی رابردوودا، رووسیا سەرکردەیەکی سەربازی خۆی بە چ شێوازێک لەناوبرد، سەرەڕای ئەوەی پۆتین لێیخۆشببوو، چینیش لە مانگی حوزەیرانەوە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی (چین کانگ)ی شوێنبزر کردووە، ئەمەو بە سەتان تاوانی تری دژە مرۆڤایەتی کە ئێمە لێیان ئاگادار نیین، بەڵام ئەم دوو رووداوە بەهۆی گەورەییانەوە ناتوانن بیشارنەوە، ئەگەرنا هیچ کەسێک پێیانی نەدەزانی، لە ئەمەریکاش سەرۆکی پێشووی وڵات ناچارە بچێتە بەردەم دادگا.
ئەوانەی پێیانوایە دواڕۆژ بۆ ئەو دوو وڵاتەیە و ئەمەریکا شکست دێنێت،  ئەوان لە خەیاڵدا دەژین. ئەوەی ئەمڕۆ لە ناوچەکەی ئێمە و بەشێکی جیهانی دواکەوتوو، بانگەشە بۆ  چین و هێزی رووسیا دەکەن، لەبەر بەهێزی ئەو دوو وڵاتە نییە، بەڵکوو هۆکارەکەی ئەوەیە، کۆمەڵێک دەسەڵاتی دیکتاتۆر، دەیانەوێت  خۆیان بدەنە پاڵ ئەو دوو وڵاتە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دەسەڵاتەکانیان بکەن، یان بۆ ئەوەی ئەمەریکا چیتر داوای پاراستنی مافی مرۆڤ و دیموکراسییان لێ نەکات، تا بە ئارەزووی خۆیان لەدەسەڵات بمێننەوە و خەڵکی خۆیان بکوژن. هەرچەندە من لێرە مەبەستم نییە، بەهیچ شێوەیەک، بەرگری لە ئەمەریکا و سیستەمە کاپیتاڵیزمییەکەی  بکەم، بەقەد ئەوەی مەبەستمە بەراوردێکی کولتووری لەنێوان ئەو سێ سیستەم و شارستانیەتە، لە رووی ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموکراسییەوە بکەم. لەم بارەیەوە دەمەوێت بڵێم: ستەمکاری و دژایەتی کردنی مافەکانی مرۆڤ، پێچەوانەی رەوت و ئامانجەکانی مێژووە. وڵاتێک چەندە بەهێزبێت لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە، ئەگەر لە رووی کولتوورییەوە بەهێز نەبێت، ئەوا ناتوانێت تاسەر بمێنێتەوە. رووسیا نموونەیەکی بەرچاوی لەم بوارەدا هەیە، یەکێتی سۆڤییەتی جاران لە زۆر رووەوە کاتی خۆی لە پێش ئەمەریکاوە بوو، بەتایبەتی لە بواری سەربازی و هەواڵگیری و چەکی ئەتۆمییەوە، دواتر بینیمان چۆن داڕما، بەهۆی گەندەڵی و دژایەتی کردنی ئازادی و مافی مرۆڤەوە، ئەوەی ئەمڕۆ چینیش وەک وڵاتێکی بەهێز پیشان دەدات، ئەوەیە، جیهان ئاگاداری یەک لەسەر دەی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە نییە، چونکە سرووشتی سیستەمەکەی وایە، هیچ کەسێک بۆی نییە، باس لە کێشە سیاسییەکانی بکات، هەروەها میدیای جیهانیش، ناتوانێت لەو وڵاتە کار بکات، هەرچەندە لە رووی ئابووری و سەربازیشەوە هەنگاوی گەورەی هاویشتووە،  چین هەرچەندی گەورە و بەهێزیش بێت،  مادام دژی رەوت و ئامانجەکانی مێژووە، ئیدی لە یەکێک لە وێستگەکان دەوەسێت و توانای رۆیشتنی نامێنێت. 
ئاخر زۆر جیاوازە، وڵاتێک داوای  ئامۆژگاری، نەک هەر لە سیاسی و راوێژکارەکانی، بەڵکو لە خەڵکی ئاسایی بکات، لە کاتێکدا بە هەزاران ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و فکری و دامەزراوەی زەبەڵاحی هەبێت، کۆبوونەوە لەگەڵ فۆلۆوەرەکانی وڵاتێکی بیانی و داوای هەڵسەنگاندن بۆ لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی وڵاتەکەی بکات، ئەمە جگەلە گەورەیی و باوەڕ بەخۆبوونی ئەو وڵاتە نەبێت، هیچیتر نییە. 


28/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر