ئەمریكاش رێسای یارییەكەی نەشكاند

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

ئەو تەقوتۆقەی ماوەیەكە چەند گروپێكی ناو حەشدی شەعبی، بەناوی هێزی بەرگری، دژی هێزەكانی ئەمریكا لە ناو عیراق و دەرەوەی عیراق بۆ دەركردنیان دەیكەن، شەڕێكە بۆ خۆیان و لەپێناوی خۆیان نایكەن، بەڵكو بەسەر خۆیان و عیراقیشدا سەپێنراوەو چار نییە دەبێت بیكەن، تاو ئەو كاتەی ئێران هەندێك دەسكەوت و بەرژەوەندی خۆی لەناوچەكە وەدەست دێنێت، ئەوكاتە بێدەنگیان دەكات، ئێران دەیەوێت بە هۆی تەق و تۆقی ئەو گروپانە گوشار بخاتە سەر ئەمریكا بۆ ئەوەی ئیسراِئیل، شەڕ لە غەززە بوەستێنێت، تا حەماس لە ناو نەچێت، دوای هێرشی بۆ سەر ئیسڕائیل بمێنێتەوە، چونكە مانەوەی حەماس دوای ئەو هێرشەی كردییە سەر ئیسراِئیل، دەبێتە سەركەوتن بۆ ئێران، لەبەرئەوەی لەلایەك، تۆڵەی خۆی كردەوە، لەلایەكی تریش حەماسی هێشتەوە، بۆیە ئێران زۆر تەنگاو بووە، نەوەك ئەو هێرشەی ئیسڕائیل ببێتە هۆی دەركردن و نەمانی حەماس لە غەززە، چونكە ئەگەر ئەمە روویدا، هێرشەكەی بۆ سەر ئیسراِئیل لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو، دەسكەوتێكی وای بۆ ئێران تیێدا نابێت، چونكە هێزێكی كاریگەری وەك حەماس لە غەززە لە دەست دەدات، كە هیچ هێزێكی تر ئەو كاریگەرییەی حەماسی نابێت لەسەر ئیسڕائیل. حزب اللەی لوبنانی و گروپەكانی حەشد لە عیراق و حوسییەكانی یەمەن، ناتوانن نوێنەرایەتی مەسەلەی فەڵەستین بكەن و لە ئیسڕائیل بدەن، بۆ خۆشی بە هیچ شێوەیەك ناچێتە شەڕێكی راستەوخۆ، لەگەڵ ئەمریكا و ئیسڕائیل، بۆیە هەر جارەو یەك لەو هێزە وەلائیانە بەكاردێنێت، تەنها بۆ مەبەستی گوشار خستنە سەر هێزەكانی ئەمریكا، لەو ململانێیەشیدا رێسای یارییەكەی پاراستووە، ناهێڵێت بنككەی بشكێت، بۆ ئەوەی یارییەكە بەردەوام بێت.

 وەڵامی ئەمریكاش بۆ لێدانی چەند بنكەو بارەگاێیكی ئەو گروپانە لە سوریاو عێراق، بەهەمان ئەندازەی ئێران نەیویست، بنكەی یاریەكە بشكێت، ئەمە هەفتەیەكە هەموو رۆژێك دووبارەی دەكردەوە كە تۆڵەی خۆمان دەكەینەوە، هەر زوو ئەو پەیامەشی گەیاندە ئێران، كە ئێمە لە ناوخاكی ئێوە هیچ گورزێك ناوەشێنین، لە رێگای لێدوانە بەردەوامەكانیشیدا ئەو گروپانەشی ئاگادار كردەوە كە بڕیار بوو لێیان بدات، بۆ ئەوەی بارەگاكانیان چۆڵ كەن، لەمەش زیاتر كاتی لێدانەكەشی لە رێگای چەند كەناڵێكەوە دزە پێكرد، بۆ ئەوەی بەتەواوی ئاگاداربن.

ئەمریكاش وەك ئێران و زیاتریش حەز لە شەڕێكی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران ناكات، بۆیە دەزانێت ئەگەر بەهۆشیارییەوە نەبێت و رێسای گەمەكە نەپارێزێت، رەنگە ئەو كاتە راستەوخۆوو بەبێ ویستی خۆی، بكەوێتە ناو جەنگێكی فراوان، ئەمە مانای وانییە وا تێبگەن، كەئەمریكا لە ئێران و گروپەكانی دەترسێت، بەڵكو ئەوەی لێی دەترسێت فراوان بوونی جەنگەكەیە، ئەو وەڵامەشی بۆ لێدانی بارەگاكانی حەشد، زۆرتر پەیوەندی بە گوشارەكانی ناوخۆ و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەوە هەبوو، ئەگەرنا بایدن و ئیدارەكەی زۆر حەزیان لەم گورز وەشاندنە نەبوو، ئەمە مانای وانییە دوای ئەم لێدانە، ئیدی تەقوتۆقی گروپەكان دەوەستێت، بەڵكو بەردەوام دەبێت، بەڵام هەردووكیان تا ئەو ئەندازەییەی دەتوانن، رێگە نادەن جڵەوەی گەمەكەیان لەدەست دەریچێت، بۆیە با لایەنگرانی هەردوو لا، هیچیان هیوا لەسەر ئەو شەڕو لێدانانە هەڵنەچن، چونكە هەم حەشد چاك دەزانێت ، ئەمریكا ئێستا نییە لە عیراقە، هەم ئەمریكاش باشتر لەهەموو لایەنێك دەزانێت، ئەو گروپانە سەر بە ئێرانن و بەشێكی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتی عیراقیشن.



04/02/2024



وتارەکانی تری نوسەر