پارتی دیموکراتی کوردستان، بەحوکمی ستراکچەرو پێکهاتەی سەرکردایەتیەکەی هەمیشە وەک حزبێکی جیاوازتر دەرکەوتووە، ئەم خەسڵەتی جیاوازییە، بۆتە هۆی بەردوامی و مانەوەی لە لووتکەدا، بەڵام لەم دواییەدا هەست دەکرێت پارتی حەزی لە جێهێشتنی ئەو خەسڵەتە جیاوازانە بێت، کە پێی ناسراوەو دەناسرێت، رەنگە ئەو بڕواییەی لەوە سەرچاوە گرتبێت، کە پێیوایە قۆناغەکە جیاوازە، من پێموایە هەر کەس ئەو بۆچوون و قەناعەتەی بۆ پارتی دروست کردبێت، کە گۆڕانکاری لەو خاسیەتانەدا بکات، زیان لە حزبەکە دەدات، ئەوەی من دەبینیم و هەستی پێدەکەم، هەندێک لە سەرکردەکانی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو رەوتە پۆپۆلیستیەی هەیە، بەتایبەتی لە هەڵبژاردن و دانانی ئەندامانی پەرلەمان لە هەرێم و عیراقیشدا لەم چەند خولەی دوایدا.
پارتی لە مێژووی خۆیدا واناسراوە کە بەهیچ شێوەیەک تەوژمە کاتییەکان و هەڵچوونە سیاسییەکانی رۆژ کاریان لێنەکردووە، باوەڕو قەناعەتەکانی بەپرسە سیاسی و کۆمەمەڵاتییەکان لە ژێر کاریگەری هیچ کەس و لایەن و رەوتێک داناڕێژێت، بۆیە گرنگە لە ئێستا پارتی پارێزگاری لە خاسیەت و کەلەپووری خۆی بکات، نابێت بواری رای جیاوازو پڕەنسیپی رەخنە لە ئەدەبیاتی حزبەکەدا لاواز بکات، ئەو کاتە حزب لاوازدەبێت و دەپوکێتەوە کاتێ بواری رەخنەی تێدا نامێنێت، پارتی لە مێژووی خۆیدا واناسراوە کە هیچ کاتێک لە بەرپرسیاریەتی خۆی بەرامبەر جەماوەررای نەکردووە، سەرکەوتنەکانی لەگەڵ لایەنەکانی تربەش کردووەو شکستەکانیشی بۆخۆی بەتەنیا.
پارتی لە دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان بەقوڵی باوەڕی بەفرەیی و پێکەوە ژیانی سیاسی هەیە، بۆیە نابێت لە ئێستادا ئەم بڕوایەی لاوازببێت، چونکە لەم سەردەمە بە ئەزموون سەلماوە کۆمەڵگەی فرە لایەن و کولتوورو فرە ئاین و مەزەب و نەتەوە زۆر سەرکەوتووترن لەو کۆمەڵگایانەی یەک رەنگ و تاک رەهەندن، هیچ کاتێک فرەیی سەرچاوەی کێشەی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو تاک لایەنی و هەولی یەک رەنگی، کێشەی گەورەی کۆمەڵگان.
فەیلەسوفی ئەڵمانی نیشتە قسەیەکی گرنگی لەم بارەیەوە هەیە و دەڵێت: ( پێویستە مرۆڤ ئاگاداربێت لە ململانێ لەگەڵ وەحش نەبێتە وەحش) ئەم قسەیە بۆ هەموو گەلی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانیش گرنگە، چونکە هیچ نەتەوەیەک وەک گەلی کوردستان لە گەڵ وەحشێکی وەک بەعس نەجەنگاوە، بۆیە ئەبێت زۆر ئاگاداربێت نەوەک لە شوێنێک لە گۆشەیەک، بەبێ ئاگای خۆی کولتوری بەعس بەرهەم بێنێتەوە. پارتی هەورازو نشێوی زۆربینیووە، بۆیە هەمیشە بە حزبێکی پشوو درێژ لە سیاسەتدا ناسراوە، کەچی لە ئێستا هەندێک جار هەناسە سواری پێوە دیارە، پارتی بەحوکمی ئەوەی پارتێکی زیاتر جەماوەریە، پێویستە بواری رەخنە لێگرتنی تەنها مافی کادیرەکانی نەبێت، بەڵکو پێویستە خەڵکی دەرەوەی رێکخستنەکانیشی مافی بەشداربوونیان هەبێت لە رەخنەو پێشنیاردا، ئەمڕۆ سەردەمی ماڵی شوشەییە و رێکخستنی پۆڵاینی کۆتایی هاتووە.
لە مێژوو نمونەیەک نادۆزیتەوە حزبێک یا رەوت و لایەنێک بەهۆی رەخنەوە روخابێت، بە پێچەوانەوە ئەوەی رووخاوەو تێک چووە بەهۆی نەبوون و نەمانی رەخنەوە بووە، بۆیە ئەبێت پارتی لەم بارەیەوە بوێرانەتر بێت، لەوەی کە هەیە، چونکە پارتی مقەوەماتی مانەوەی گەلێک زۆرن، لە هەناوی خۆشیدا هەڵگری هێزێکی گەورەی پەنهانە، کەساڵ لە دوای ساڵ توانای نوێ بوونەوەو درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی هەیە. پارتی نەیارو دوژمنی زۆری هەیە چونکە بەهێزە، کەس و لایەنی بەهێز هەمیشە نەیاری زۆرن، بە پێچەوانەشەوە کەس و لایەنی لاواز دوژمن و نەیاری کەمن.