ئەوەی ئاشتی رەتبکاتەوە شەر دەچنێتەوە

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
 

ساڵانێکی زۆرە ئیسڕائیل ئاشتی لەگەڵ فەلەستینییەکان رەتدەکاتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ رێکخراوی فەتح، بە سەرۆکایەتی هەردوو پیاوی ئاشتی خواز عەرەفات و مەحمود عەبباس. ئیسڕائیل گوێی بۆ هیچ بانگەوازێکی ئاشتی ناوخۆو نێودەوڵەتی شل نەکردووە، هەرکاتێک گفتوگۆیەکان گەرم دەبوون ئیسڕائیل نیشینگەی زیاتری بۆ جولەکەکان دروست دەکرد، تەنانەت گوێی بە نزیکترین هاوپەیمانی خۆیشی ئەمریکا نەدەدا، رێکخراوی فەتحی ئەوەند ریسوا کرد، تا دواجار رێکخراوێکی ئیسلامی تووندڕۆی وەک حەماسی بۆ پەیدابوو، لە ناوخۆیشدا حکومەتێکی توندڕۆی ئاینی پێکهێنا، کە لە هەموو ئەو حزب و کەسانە دروست بووە، کە هیچ باوڕیان بە ئاشتی و دەوڵەتی فەڵەستینی نییە، بۆیە دەرەنجامەکەی ئەوەیە کە ئێستا دەیبینین، هەردوو گەلی فەلەستینی و یەهودی باجە قورسەکەی دەدەن.
 ئەم جەنگەی ئێستا، بۆ هەردووکیان ماڵوێرانییە، زیاتریش بۆ ئیسڕائیل، چونکە ئەزموونی گەلان پێمان دەڵێت: جگە لە ئاشتی کێشەی هیچ نەتەوەیەک بە شەڕو کوشتار چارەسەر ناکرێت، ئەو هێزە و عەقڵە تووندڕۆییەی وای لە ئیسڕائیل کردبوو، کە ملل بۆ ئاشتی نەدات و هیچ حسابێک بۆ فەلەستینییەکان نەکات، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر دەستەو پاچەیە بەرامبەر ئەو شکستەی لەسەر دەستی رێکخراوێکی وەک حەماس خواردی، راستە بەشێکی زۆر لەو کردەوانەی چەکدارەکانی حەماس دژ بە ئیسڕائیلیەکان ئەنجامی داون تاوانی تیڕۆۆرستین، بەڵام دوای هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززەو ئەو گەماڕۆ ئابوورییەی خستوویەتییە سەری، چیدی ئیسڕائیل وەک قوربانی سەیرناکرێت، رای گشتی جیهان  لەگەڵ هاووڵاتیانی غەززەدا هاوسۆزن دەبن.
ئەم هێرشەی حەماس بەرەنجامی ژانێکی دوورو درێژی فەلەستیینەکان و ناوچەکەشە بەگشتی، کە ماوەیەکی زۆرە  ئاوسە، بە ململانییەکی گەورەی نێوان ئێران و ئیسڕائیل، کە دەبوو بە شێوەیەک لە شێوەکان هەر بتەقێتەوە، چونکە وەک لەسەرەوە باسم کرد، ئیسڕائیل سەت و یەک هۆکاری بەدەستەوەدا بۆ تەقینەوەی جەنگێکی وا، کە دیار نییە زوو لێی دەربچێت، ئەم هێرشەی حەماس کێشەی فەلەستینی زیندوو کردووە، کە ناتانیاهۆ و حکومەتە توندڕۆیەکەی هەموو هیوایان لە سەر هێز هەڵچنی بوو، بێ ئەوەی گوێ بە رەوایەتی مەسەلەی فەلەستین بدەن، پێموایە دوای ئەو هێرشەی حەماس، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، باشتر بە دوای چارەسەرێک بۆ کێشەی فەلەستین دەگەڕێت دوور لە حەماس،  ئەوەی لە دوای ئەم جەنگەش دەبێت وانەی لێ فێرببن، ئەوەیە کە هێز ناتوانێت تاسەر مەسەلەیەکی رەوا کپ بکات، توندرۆیی هەر بیرو باوڕێک یا ئاین و ئاینزایەک بێت دواجار هەرشکست دێنێت.
ئەمریکا زور لەهەوڵی ئەوەدایە ئەم جەنگە فراوان نەبێت، چونکە لە بارودۆخێ ئاڵۆزی ئیستای جیهان، کە ئەمریکا بە چەندین کێشەی تری وەک شەڕی ئۆکرانیا و ململانێی چین دەرگیرە، نایەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەرەیەکی فراوانی لێ بکرێتەوە، بەتایبەتی کێشەیەکی هەستیاری وەک فەلەستین و ئیسڕائیل کە چەندین رەهەندی مێژووی و سیاسی و ئابووری و ئاینی هەیە، بەدرێژبوونی جەنگەکەو فراوان بوونی، ئەمریکا بێ لایەنبوونی خۆی لەدەستدەات، لەو کاتەشدا هاو پەیمانە میانڕوەکانیشی دەکەونە ژێر گوشارو شەرمەزار دەبن.
ئەوەی بۆ ئێمە وەک هەرێمی کوردستان گرنگە لەم کاتە، بێ لایەنبوونە لەم کێشەیەدا، بەڵام حەقانییەتی کێشەی فەلەستینییەکان لە مافی خۆیان بۆ دروستکردنی دەوڵەت، وەک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری لە هەولێر باسی کرد، دەبێت یەک لە بنەما نەگۆڕەکانی بیرو هەڵوێستمان بێت.

14/10/2023



وتارەکانی تری نوسەر