دوای هێرشەکەی سەر هەولێر، ناتۆ هێزەکانی لە عێراق زیاد دەکات

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

 
هێرشە موشەکییەکەی دووشەممەی رابردووی سەر شاری هەولێر، کاردانەوەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا ، ئەمریکاو ئەروپا و ئەنجومەنی ئاسایش بە وڵاتی چینیشەوە سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد ، ئەمەو جگەلە چەند وڵاتێکی دراوسێ و عەرەبیش هاوخەمی و هەڵوێستی خویان بۆ پشتگیری هەرێم دەربڕی ، هەروەها ئەمریکا پێش هەموو وڵاتان لە رێگای وەزیری دەرەوەی ئەنتۆنی بلینکن پەیوەندی بە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد و بەڵێنی هاوکاری دا بۆ دۆزینەوەو سزادانی تاوانکارانی ئەم کردەوە تیرۆرستییە .

 

هاوپەیمانی ناتۆلە رێگای سکرتێری گشتی رێکخراوەکەیانەوە رایگەیاند هێزە سەربازییەکانی لە عیراق زیاتر دەکات ، دەست بە چاڵاکییەکانیان دەکەنەوە ، هێزەکانی ناتۆ ئێستا تەنها 500 سەربازیان لە عیراق هێشتۆتەوە ، بەڵام دوای هێرشی سەر هەولێرهێزەکانیان بۆ پێنج هەزار سەرباز زیاد دەکەن ، ئەمە واتای ئەوەیە زیان گەیاندن بە ئاسایشی هەرێم و هەڕەشە لێکردنی ، هێلی سوورە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهیچ شێوەیەک ئەم هەڕەشانەو زیان گەیاندن بە ئەمنی هەرێم قبوڵ ناکات ، ئەو کۆدەنگییە نێودەوڵەتییە و ، وەدەنگ هاتنیان لەسەر هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە ، ناردنی چەندین پەیام بوون بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە بیر لە تێکدانی ئاسایشی هەرێم دەکەنەوە ، هەر زوو کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی بێ بەری کردو رایگەیاند ئێمە دەستمان لەو کارەدا نییە ، هەرچەندە ئەو گروپەی بەرپرسیاریەتی خۆی لەو کردەوە راگەیاندووە سەر بە حیزب و لڵایە و پێشتریش کاری لەم جۆرەی لە عیراق ئەنجامداوە ، کۆماری ئیسلامی ئێران مەترسی ئەم کردەوەیە دەزانێت ، بۆیە وا بەپەلە هەڵوێستی خۆی راگەیاند .

 

ئەمریکاو ئەوروپا لە گەڵ هەموو کردەوەیەکی تیرۆرستی لە عیراق و هەتا زیانگەیاندن بەهێزەکانیشیان ، کۆدەنگی وایان نیشان نەداوە ، راستە تا ئێستا کردەی سەربازیان بەرامبەر ئەم کارە ئەنجام نەداوە ، بەڵام لوید ئۆستن وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەڕکانی سوپا رایانگەیاند ، چەندین بژاردەیان خستۆتە بەردەم سەرۆک بایدن بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی ، دیارە چاوەڕێی کاری لیژنە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا دەکەن ، یان خۆیان دیراسەی ئەو بژاردانە دەکەن . کاتی خۆیشی کە داعش هێرشی کردە سەر پارێزگای موسڵ و دەورووبەری تا ئەو کاتەی هێرشیان نەکردە بووە سەر هەرێم ، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هیچ کاردانەوەیەکی سەربازیان لە دژی هێرشەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆرستیە ئەنجام نەدا ، بەڵام کاتێ هێرشیان هێنا بۆ سەر هەرێم ، بەر گورزی سەربازی کەوتن . کەواتە دوای ئەم هێرشانە هەموو لایەک تێگەیشت کە پێگەی هەرێم لە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندە بەهێزە ، چونکە عیراق بەبێ هەرێم بۆ ئەوان دەبێتە دۆزەخ و هەرگیز شوێنیان تێدا نابێتەوە ، جگەلەمەش جوگرافیایەک نامێنێ پێی بگووترێ عیراق ، ئەوەی دەمێنێتەوە دوو سەرزەمینی شیعە و سوننە دەبێت ، یەکیان بە پاڵپشتی ئێران و ئەوی تریان بە پاڵپشتی عەرەبستانی سعودیە دەبێت.

 

18/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر