بۆچی پارتی ئەم جارەش یەکەمە

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
چەند رۆژێکمان ماوە بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پارتە سیاسیەکان و بەشێک لە بەربژێرانی سەربەخۆش لە تەواوی وڵات، بەهەرێمی کوردستانیشەوە لە کێبەڕکێ و ململانێدان، بەپێی رای زۆربەی چاودێران و ئەو راپرسیانەش کە رێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکانیش ئەنجامیانداوە، پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنەیە، ئەم راستییە نەک هەر لە جەماوەرو ئەندام و لایەنگرانی پارتییەوە دیارە، بەڵکو رکابەرو نەیارەکانیشی ئەم راستییە چاک دەزانن، بۆیە تیرەکانیان زۆر توندتر دەگرنە پارتی و سەرکردایەتیەکەی، هەندێک جار ئەوەندە تەنگاودەبن، دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ئەدەبیاتە پڕلە جنێوو تەشهیرەی  سەردەمە خوێناویەکانی شەڕی ناوخۆ، کە دڵنیام هیچ کەسێکی نیشتمانپەروەرحەزلە بیستن و بیرهاتنەوەی ناکات.

ئەو هۆکارانەی وایان کردووە کە پارتی دوای حەفتاو پێنج ساڵ حزبی یەکەمی کوردستان و عێراق بێت. گەلێک زۆرن، لەهەمووی بەهێزتر پارتی خاوەنی سەرۆکێکی بەهێزە، هەربۆیەش زۆر جاردەبینین نەیارەکانی پارتی هیوایان لەسەر دوای نەمانی سەردەمی سەرۆک هەڵچنیوە، ئەمە نیشانەی بێ ئومێد بوونیانە لەململانێکردنی پارتی، خاڵێکی تری بەهێزی پارتی ئەوەیە، ساڵانێکی گەلێک زۆر پارتی و سەرکردایەتیەکەی بوونەتە ناونیشانی کوردبوون و کوردایەتی، سەیرکەن هەر کەسێک لە هەر شوێنێک باس لە کوردبوون و شوناسەکەی بکات، ئەوە مەحکومە بە پارتی بوون، سەرەڕای ئەو بەرگریەی پارتی لە شوناسی کوردبوون دەیکات، لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئاین و ئاینزایەکانی تریش راستگۆیەو بەتەواوی مافەکانیانەوە قەبوڵکراون، خاڵێکی ترئەوەیە ئەم بنەماڵەیەی ئێستا سەرکردایەتی ئەو حزبە دەکەن، ئەمە زیاتر لەسەتەیەکە لە مەیدانی بەرگری کردن لە کوردبوون و کوردایەتی وەک کێۆ چەقیون، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە هیچ جارئەم مەسەلە، لەدەستیان نەشکاوە و دووچاری نسکۆبوون نەبووە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەمووجارێک لە ژێر هیچ بارودۆخێکی قورس و گراندا چۆکیان دانەداوەو دووبارە بۆ بەرگری لەو مەسەلەیە تێهەڵچوونەتەوە، خاڵێکی تر ئەوەیە هیچ پارت و لایەنێک لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی وەک پارتی نەیتوانیوە تێبگات، یان خوێندنەوەی بۆ بکات، بۆیە دەبینین هەمیشە پارتی و خەڵک لەیەکەوە نزیکن، هەرچەندە ئێستا بەهۆی خرابی هەندێک لە بەرپرسەکانی درز کەوتۆتە ئەو پەیوەندییە.

 زۆر جار ئێمەی رۆشنبیرو رۆژنامەنووسانی ناو پارتی، رەخنە دەگرین و پێمانوایە ئەبێ پارتی لیبڕاڵتربێت لەوەی کەهەیە، یان دامەزراوەترو کراوە تربێت، هەروەها سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین سینگی فراوانتربێت، بەڵام کە سەیری لایەنەکانی تر دەکەین، کە لەرووی ئیعلامیەوە زۆر باس لە ئازادی رادەربڕین و لیبڕڵ بوون دەکەن، هیچیان بەقەد پارتی کراوەترو لیبڕالترنین، بۆ ئەوەی بە بەڵگەوە قسە بکەین، سەیری هەردوو کەناڵی تەلەفزێۆنی رووداو کوردستان 24 بکەن، کە چەند بابەتیانەو نیشتیمانیانە سەرەدەری لەگەڵ رووداو پێشهاتەکان دەکەن، لەمانەش بگەڕێن سەیری لاپەڕەی بیروڕای رۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی پارتی بکەن، دەبینن چۆن رای جیاوازو بابەتی رەخنە ئامێزی  بابەتیانە بڵاو دەکاتەوە، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە جیاوازی و رەخنە و ئازادی رادەربڕین، پێویستمان بەوە هەیە  جیاوازی لە نێوان رەخنە و تەشهیربکەین، ئەوەی ئەمڕۆ باوە لە ناو کۆمەڵگای ئێمە پێمانوایە تەشهیر، ئازادی رادەربڕین و رەخنەیە، ئەمە هەڵە تێگەیشتنێکی قورسە وپێویستمان بە وشیاری فیکری هەیە بۆ تێگەیشتن لەم ئیشکالیەتە. 

زۆر جارمن وتارو بابەتی رەخنەیی بڵاو دەکەمەوە، کادری خۆمان هەبووە بەمنی گوتووە، ناتوانێت یان ناوێرێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لایکی ئەم وتارە بکات، کەچی رۆژی دواتر رۆژنامەی خەباتی حزبی بابەتەکەمی بڵاو کردۆتەوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە پارتی رەخنەی قبووڵە، بەڵام ئەوەی کۆمەڵێک خەڵک لێی تێناگات، ئەوەیە پێیانوایە ئەبێ پارتی تەشهیرو لێدان و ناوزڕاندنیش قبوڵ بکات. 

ئەم هۆکارارانەی سەرەوەو کۆمەڵێک هۆکاری تریش هەیە، وای کردووە پارتی بە حزبی یەکەم بمێنێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی وتارەکەم درێژتر نەبێت باسیان ناکەم.

01/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر