گرێیەک کە بە دەست دەکرێتەوە!

نوری بێخاڵی
ئەگەر هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە ئاستی ناوخۆییدا هەر ئاوا بە پەرتەوازەیی بمێننەوە و خەریکی قۆڵبادانی یەکتر بن، ئەوا جگە لەوەی چیتر کورد لە بەغدا وەک پێکهاتەی خاوەن مافی نیشتمانی و نەتەوەیی، بوون و ئامادەیی لاواز دەبێ، وەکووتر، بەغداش داشی زیاتری لە بەرامبەر ئێمەدا سوار دەبێت و لەسەر ناکۆکییەکانمان، دەرفەتی زۆرتری بۆ دەڕەخسێت تا کاری جیددیتر لەسەر بە سەنتەرکردنی دەسەڵاتی خۆی و گەمارۆدانمان بکات.

بەرپرسیارییەتی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەوە لە هێزە کوردستانییەکان بە گشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی دەخوازێت، لەبری ئەوەی ناکۆکییەکانیان بکەنە دەرفەت بۆ بەغدا، پێویستە هەڕەشە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی بەغدا لە هەرێمی کوردستان، هێز و ئیرادەی ئەوەیان پێ بدات، بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

لەو باوەڕەدا نیم هێزە کوردستانییەکان خۆیان خستبێتە نێو بەرداشی یاریی قەیرانسازی و کاتکوژی لەگەڵ بەغدا، بەڵام گریمان ئەگەر وایان کردبێت و پێیان وابێت کە بە دروستکردنی قەیران لە بەغدا و سوودوەرگرتن لە کات، یارییەکە دەبەنەوە، ئەوا ڕەنگە پێچەوانەکەی ڕاست بێ و خودی کاتکوشتنەکە خزمەتی خۆکۆکردنەوەی بەغدا و تۆکمەکردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆی لە ئاست هەرێمی کوردستاندا بکات.

ئەگەر قەدەر و چارەنووسی کورد هێشتا هەر ئەوەیە کە لە بەغدا بێت، دەبێ هێزە سیاسییەکانی، وەک کورد، وەک پێکهاتە، یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لە بەغدا بن، نەک وەک حزبی  پەرتەوازە و ناکۆک، کە بەداخەوە خەریکە هاوکێشەی ئامادەبوونەکە بە ئاقاری یەکەمیاندا دەچێت.

بوون و ئامادەیی کورد لە بەغدا، دەبێت بۆ پاراستن و تۆکمەکردنی پێگەی یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕال بێت. دەبێ ئامادەیی بێت بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان و مسۆگەرکردنی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، نەک بۆ بەرژەوەندیی حزبی و خەمی پچڕینەوەی پۆست و ئیمتیازی کەسی و تایبەتی. 

دوور نییە زۆر کەس و لایەن، تەنیا وەک پیرۆزبایینامە سەرەدەریان لەگەڵ پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، لە جەژنی ڕەمەزاندا کردبێت، لەکاتێکدا پیرۆزبایی جەژن دەرفەتێک بوو بۆ گەیاندنی پەیامە نیشتمانی و نەتەوەییەکەی ناوەڕۆکی جەژننامەکە، کە پەرۆشی و جەختکردنەوەیان بوو لەسەر گرنگیی یەکڕیزی و تەبایی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی زۆر باش دەرکی بە مەترسیی بەردەوامبوونی ئەو ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییانە و دەرهاویشتە نەرێنی و ترسناکەکانیان لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان و پێگەکەی کردووە، بۆیە بێ پەردە و بە ڕاشکاوی، ڕووی پەیامی کردە پارتی و یەکێتی کە ئاییندەی کوردستان و چارەنووسی کوردستانیان نەکەنە قوربانیی ململانێکانیان.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باوەڕێکی پتەوی بەوە هەیە، کە خاڵە هاوبەشەکانی بەیەکەوەهەڵکردنی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی، لە خاڵی دژایەتیی نێوانیان زیاترن. بۆیە ئەگەر بیانەوێت لە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان و مێژوودا ڕوو سوور بن ، ئەوا خاڵە هاوبەشەکانیان دەکەنە هەوێنی ئاشتەوایی و یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد و گرێیەکە هێندە وشک و کوێر نییە، تا بە دەست نەکرێتەوە و ددانیانی پێ بشکێنن.

بە کورتی و بە کوردی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی خاڵی لەسەر پیتەکان دانا و گوتی: 

ئەگەر هەموومان بەیەکەوە خاوەنداریەتی لە دۆزە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەمان بکەین، ئەگەر لە ئاست یەکتریدا دڕدۆنگ و بەدگومان نەبین، ئەگەر متمانەی نێوانمان بونیات بنێینەوە و پتەوی بکەین، ئەگەر بەیەکەوە و بە جیاوازییەکانمانەوە هاودەنگ و هاودەست بین، ئەگەر لە ئاست یەکتریدا لێبووردە بین و سازش بۆ یەکتری بکەین، ئەگەر ویست و ئیرادەی جیددییمان بۆ  گفتوگۆ و دانوستاندنی هاوسەنگ هەبێت، ئەگەر لە خەمی بەرقەرارکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی دەروونیی خەڵک و سەقامگیریی سیاسیدا بین، ئەوا ئیرادەگەرانە ناکۆکییەکانمان بەلاوە دەنێین و هەموو هێز و هەوڵەکانمان بۆ یەکڕیزی و تەبایی و بەیەکەوەیی دەخەینە گەڕ، بەمەش لە شەڕی پاراستنی دەسکەوتەکان و وەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی تری خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، براوە دەبین.

10/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر