دنەدانی نابەرپرسانە!

نوری بێخاڵی

وا بڕوا، لە کۆتاییدا هەواڵی فەیک، دنەدانی ئایدیۆلۆژی و خەمی لایک و ڤیوی ئەم میدیا و سۆشیال میدیا بێ پرەنسیپ و بێ مۆڕاڵانە، سەری ئەم کوردستانە دەخوات.

خەریکە بۆ (غاية في نفس يعقوب!) ڕووداوی مزگەوتەکەی شنگال دەکرێتە (کراسی عوسمان!) و بازاڕی بۆ گەرم دەکرێت. لەکاتێکدا ڕاستیی ڕووداوەکە، پەرچەکرداری چەند هەرزەکارێکی هەڵچووە، بەرامبەر بە گەڕاندنەوەی ژمارەیەک خێزانی تیرۆریستانی داعش، لەناو ئەو چل خێزانە ئاوارەیەی کە گەڕێندراونەتەوە ناوچەکە.

ئەرێ ڕۆژنامەنووسە بنکۆڵکارەکانمان لە کوێن، تا بچن بەدواداچوونێکی ورد بۆ ڕووداوەکە بکەن، کە خەڵکێک بەردیان گرتووەتە خێزانە داعشییە گەڕێندراوەکان، نەک بە نیازی سووتاندن و تێکدان، هێرشیان کردبێتە سەر مزگەوتەکە!

بەڵێ، گردبوونەوەیەک بووە و وەک ناڕەایی و کاردانەوە بەرامبەر گەڕاندنەوەی ژمارەیەک خێزانی داعش لەگەڵ ژمارەیەک خێزانی تر بۆ شارۆچکەکەیان، چەند هەرزەکارێک بەردیان گرتووەتە ئەو مزگەوتەی ئەو گەڕێندراوانەی لێی بوون، بەڵام ڤیدیۆی سووتان و تێکدانی مزگەوتەکە، کە لە سۆشیال میدیای نابەرپرس و میدیای دنەدەری ئیسلامی  و لای هەندێک خەڵکی ڕەشۆکیی بێ ئاگا، ئەوانەی بە فیتێک سواری کەر دەکرێن و بە دووان دادەبەزێنرێن، هاوکاتی ئەم ڕووداوە گەرم کراوەتەوە، مێژووەکەی بۆ ساڵی ٢٠١٦ دەگەڕێتەوە و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (کە داعش کورتکراوەکەیەتی!) وێرانی کردووە!
سەرچاوەی زانیاریی ڤیدیۆ و وێنەکان: (Fergay rozhnamawany) فێرگەی رۆژنامەوانی)

ڕاستییەکەی، هەتا ئەو تیرۆریستانە نەهاتن، هەموو پێکهاتەکانی ئەو دەڤەرە بەیەکەوە و بە ئاشتی دەژیان. تەنانەت ساڵانی ساڵە مزگەوت لەناو شنگالی زۆرینە ئێزدی هەبووە، کەچی نە بیستمان و نەبینیمان، کەسیان بێڕێزی بە موسڵمان و مزگەوتەکانیان بکەن و نەیانکردووە. 

سەرەڕای ئەوەی هەرگیز ناکرێت و نابێت ئەو تاوانکارییە دڕندانە و ستەمە مێژووییەی، کە تیرۆریستانی داعش بەرامبەر ئێزدییەکان کردیان، بکرێتە پاساو و ڕەوایی بە ئێزدییەکان، یان بە پەیڕەوانی هەر ئایینێکی دیکەی دەڤەرەکە بدات کە قوربانیی تیرۆریزمی داعشن، بێڕێزیی بە موسڵمانان و مزگەوتەکانیان بکەن، بەڵام نابێ خۆشمان لەو ڕاستییە گێل و نەبان بکەین، کە گەڕاندنەوەی خێزانەکانی تیرۆریستانی داعش لە (کەمپی پێنجی جەدعە) بۆ شنگال، سووکایەتیکردنێکی ئاشکرایە بەو ئێزدییانەی، کە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام خوێن و سەر و ماڵ و نامووسیانی حەڵاڵ کرد و جەللادەکانیشی بە هەزارانیان لێ کۆمەڵکوژ کردن و بە هەزاران کچ و ژنیشیان وەک سەبی و کۆیلە لێ بردن و لە بازاڕەکانی سێکس و شەهوەتبازیدا، کڕین و فرۆشتنیان پێوە کردن! 

هەر بۆ بیرخستنەوە:
زۆرجار لەسەر زاری خەڵکێک شتێک بە ناوی فەرموودە دەبیستین، کە دەڵێت: "لَهَدْمُ الكعبة حجرًا حجرًا أهون من قتل المسلم”. ئەگەرچی واتا و مەغزای ئەم گوزارشتە لە هەندێ فەرموودەشدا هاتووە، بەڵام فەرموودە نییە و پێچەوانەی ئەوە، کۆمەڵێک لە شارەزا و زانایانی فەرموودە، ئەو دوو فەرموودەیەی خوارەوەیان لەم بارەیەوە ڕاست و پشتڕاست کردووەتەوە. 
عن ابن عمر "رأيت رسول الله صلى الله عليه وسلم يطوف بالكعبة، ويقول: ما أطيبَك، وأطيب ريحك! ما أعظمك وأعظم حرمتك! والذي نفس محمّد بيده لحرمة المؤمن أعظم عند الله حرمةً منك، ماله، ودمه”.
أخرجه ابن ماجه بسندٍ صحيح

عن ابن عباس: "لمّا نظر رسول الله صلى الله عليه وسلم إلى الكعبة، قال: مرحبًا بك من بيت، ما أعظمك وأعظم حرمتك! وللمؤمن أعظم عند الله حرمة منك”.
أخرجه البيهقي

سەیرکەن، لە هەردووکیاندا دەستەواژەی (مؤمن/ باوەڕدار) نەک (مسلم/ موسڵمان) هاتووە، ئینجا چونکە ئێزدییەکانیش یەقین و باوەڕی کۆنکرێتییان بە خودا و یەکتاپەرستی هەیە، بۆیە وەک مرۆڤ و باوەڕدار، ئەم پێوەرە ئەوانیش دەگرێتەوە.

بە کورتی:
کاتێک شکۆ و ڕێزی مرۆڤی باوەڕدار لە هی کەعبە گەورەتر بێت، کەواتە شکۆی مرۆڤێکی باوەڕدار بە خوا کە (بە ناهەق کوژراوە، بە ناهەق دەستدرێژی کراوەتە سەر ژیان و شکۆ و ئابڕووی، بە ناهەق کراوەتە کۆیلە و سەبی و ئەتک کراوە) بە تێکدانی مزگەوتێک هەر بەروارد ناکرێت!

29/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر