ئاشتی و ئاستەنگ!

نوری بێخاڵی

لەگەڵ خێراتربوونی هەر هەنگاوێکی نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە یەکتر، لەپڕ هەرایەکی دەنگیی لەم و لەو، ڕیسەکە دەکاتەوە خوری!
لەگەڵ ئەگەری سەرگرتنی هەر هەوڵێک بۆڕێککەوتنی نێوانیان، لەناکاو بەدگوفتارییەکی ئەم و ئەو، هاوکێشەکە دێنێتەوە خاڵی سفر!

مرۆڤ دەبێ ڕاست و ڕاشکاو بێت و بەم بەزمەی سەرەوەدا بزانێت، کە لەگەڵ ئەوەی ویست و ئیرادەیەکی ئاشتیخوازانەی جیددی بۆ ڕێککەوتن هەیە، هاوکات هەست دەکرێت حەزێکی دۆزەخی و باوەڕێکی شەڕانگێزانەش بۆ تێکدان هەبێت!

هەر ئەوەی کە چەندین جار بڕیار دراوە فڵان کات کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە بکرێ و کۆتایی بە کێشە و ناکۆکییەکانیان بهێنرێت، ڕێک شەوی پێش ئەو کاتە، نووسین یان لێدوانێکی نابەرپرسانەی ئەم و ئەو (کە وێناچێت هیچیان ڕێکەوت و ئیجتیهادی کەسی بن!) شکستیان بە هەوڵەکان هێناوە، بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەمەڕ چییەتیی هاوکێشەی ململانێ و ناکۆکییەکە بەرچاوی ڕوونتر بێت.

ڕاستییەکەی، مرۆڤ لە نیاز و مەبەستی ویست و ئیرادە ئاشتیخوازانەکە (ڕوون و ڕەوان و ئاشکرایە!) تێ دەگات، کە گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر کێشە و خزمەتکردنی چاکەی گشتییە، بەڵام لە ئامانج و مەرامی حەز و باوەڕی شەڕخوازانەکە (لێڵ و تاریک و نادیارە!) بەدگومانە، کە ئاخۆ نانیان لە بەردەوامیی ناکۆکی و ڕێکنەکەوتندایە، یان ئەوەیە ئاو دەکەنە ئاشێکی تر!

پارتی و یەکێتی لە هەموو خەڵک باشتر دەزانن، کە ئەزموونی سی ساڵی ناکۆکییان لەسەر حوکمڕانیکردنی هەرێمی کوردستان (لە فیفتی - فیفتیەوە بگرە، بۆ شەڕی ناوخۆ، تا دوو ئیدارەیی) سەلماندی، کە هەرگیز یەکێکیان بەبێ ئەوەی تر ناتوانێ ئەم هەرێمە بەڕێوە ببات. هەر ئەو ئەزموونە تاڵەش دەبێ لەوە دڵنیایان بکاتەوە، کە کەسیان ناتوانێ ئەوەی تر بسڕێتەوە و بە تەنیا حوکمی هەرێمی کوردستان بکات (لە ئەگەری ئەوەی خەونێکی وایان هەبێت!). دەی، کەواتە ئیتر ئەم شەڕە دەروونییە چییە لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەیکەن!

ڕاستییەکەی، پارتی و یەکێتی بە نەگەڕانەوەیان بۆسەر مێزی گفتوگۆ، بە نەبوونی ئیرادەیان بۆ ڕێککەوتن، بە گیرۆدەکردنی کوردستان بەدەست دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی، بە هێشتنەوەی خەڵکی کوردستان لەناو گێژاوی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و بێهیوایی، خوێنی شەهیدان نادیدە دەگرن و تاوانێکی گەورە بەرامبەر ئێستا و داهاتووی گەلی کورستان دەکەن و ئەو ئەزموونەی گوایە شانازیی پێوە دەکەن، خەریکە دەیخەنە بەردەم مەترسیی جیددی. 

ئەوەتا، بەهۆی پەرتەوازەیی و فرەگوتاری و هەرکەس بۆ خۆی، ڕۆژ دوای ڕۆژ گڵۆڵەی کورد لە بەغدا دەکەوێتە لێژی و داشی ئەو بەسەر کوردستان سوار دەبێت، هاوکات وردە وردەش پاڵپشتی و پشتیوانیی دۆست و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمان لەدەست دەدەین.

لە لایەکەوە بە هۆی بەردەوامیی ناکۆکیی نێوانیان، خەریکە لە بەغدا شتێک نامێنێت بەناوی دۆزی کورد و کوردستان، بەڵکوو ئەوەی هەیە کارکردنە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و ئیمتیاز، هەژموون و هێزی حیزبی.

لە لایەکی تر و هەر لە سای ئەم ناکۆکییە، هەموو دۆستە نێودەوڵەتییەکانی کورد (ئەمریکا، وڵاتانی ئەوڕوپا و نەتەوە یەکگرتووەکان) لەم دۆخەی کوردستان ناڕازین و بە ئاشکرایی و تا ئاستی هۆشداریدان، سەرکۆنەی پارتی و یەکێتی دەکەن، بەتایبەتی لە پەیوەست بە پرسی ئاشتبوونەوە و ڕێککەوتن، چاکسازیی سیاسی و کارگێڕی، یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، پاشەکشەکردن لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئازادییەکان.

لەم ڕوانگەیەوە، پارتی و یەکێتی ئەگەر بڕیاریان داوە تاهەتایە ڕێکنەکەون، ئەوا پێویست بەم هەموو شێر و ڕێوی بۆ یەکتر هێنانەوە، بەم تەیارکردنەی ئەم و ئەو بۆ شەڕی بەوەکالەت، بە قوتکردنەوەی (ئەسپی تەروادە) لە ڕیزەکانی یەکتردا، بە هێشتنەوەی خەڵکی کوردستان لەناو نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ ناکات.

بە کوردی و بە کورتی: چیتر پێویست بەم شەڕە ناڕاستەوخۆیە ناکات، یان (حی علی الصلاە) لەگەڵ یەکتری بیگەیەننەوە مریشکە ڕەشە و بەمەش کارەکە بۆ بەغدا و دۆستە نێودەوڵەتییەکانمان ئاسان بکەن، تا ئەمیان بەسەرماندا ببێتەوە کەڵەگا و ئەوانیش پەنجەی پەشیمانی بگەزن، یان ئەوەتا کۆتایی بەم ناکۆکییانەتان بێنن و بە تەواوی ڕێک بکەون، هەرنا بۆ ئەوەی لانیکەم و وەک (أچعف الإیمان)یش بێت، شەرمەزاری بەردەم مێژوو و خوێنی شەهیدان و نەوەی داهاتوو نەبن!

26/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر