بەداخەوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەزموونی حوکمڕانیی
ئێمە سیاسەتێکی کولتووری و فەرهەنگی نەبووە و نییە، بۆیە ئاساییە دامەزراوە
کولتوورییەکانیشی هیچ پڕۆژەیەکی تۆکمەی کولتوورییان نەبووبێت و نەبێت و لە ڕۆژگاری
ئێستاشدا بیانووی قەیران و نەبوونی پارە بکەنە (کراسی عوسمان) بۆ ئەوەی پاڵپشتیی هیچ
پڕۆژەیەکی کولتووریی جیددی نەکەن.
لە بەرامبەردا و لە سی ساڵی ڕابردوودا، حزبەکان
تەنیا لەسەر بنەمای وەلائی کوێری ئایدیۆلۆژی و بۆ مەرامی تایبەت، لە سێبەردا پاڵپشتیی
داراییی وردە پڕۆژەی کولتوورییان کردووە و دەکەن کە لە خۆجووینەوە زیاتر، هیچ شتێکی
دیکەی نوێ و جیاوازیان بەرهەم نەهێناوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە نائامادەیی و بێ پڕۆژەیی
دامەزراوە کولتوورییەکانی حوکمڕانیدا، باشتر و پێویست بوو، ئەو حزبانە، ئاوڕ لەو پڕۆژانە
بدەنەوە کە جیددی و بەرهەمهێنەرن و خاوەنەکانیشیان بیرکەرەوە و داهێنەرن، با خاوەنی
بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەییش بن.
دەی خۆ لە بنەڕەتدا و ئەگەر ئامانجمان مرۆڤسازی
و نیشتمانسازیی بێت، ئەوا سیاسەت و حوکمڕانی و کولتوور و فەرهەنگ، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی
ڕەخنەیی، پڕۆژەی بەخۆداچوونەوە و دەستپێشخەریی بونیاتنەرانە، گەشە دەکەن و پێش دەکەون،
نەک شتێکی تر.
تاک و تەرایان لێ دەربچێت، وەکووتر و بە درێژایی
سی ساڵی ڕابردوو و تا ئەمڕۆش، هیچ یەکێک لەو پڕۆژە کولتوورییانە و کاراکتەرەکانی
ناویان، کە ئەم حزب و ئەو حزب پشتیووانیان لێ کردوون و دەکەن، جگە لە پڕۆژەیەک بۆ
سەرکزی، سەنگەرێک بۆ ملشکاندنی بەرامبەر، دەریچەیەک بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوونی
هەندێک کەس، لە هەموویشیان گرنگتر، ئاوێنەیەک بۆ جوانکردنی حزب، دەنا بە موو خزمەتیان
بە گەشەپێدانی کولتووریی، بەرەوپێشچوونی فەرهەنگیی، بەرزکردنەووی ئاستی هۆشیاری و
مەعریفی، کرانەوەی کۆمەڵایەتی و داهێنان و نوێبوونەوە نەکردووە و ناکەن!
ئەم هەرێمە لە کاراکتەری بیرکەرەوە و داهێنەری
کەم نییە، کە ڕەنگە تیایاندا هەبێت حزبی و هەشبێت بێ لایەن، بەڵام لە بوونی خۆیاندا،
بە خەون و خولیاکانیان، بە بیرۆکە و پڕۆژەکانیان، کاراکتەری دڵسۆزن بۆ کایەی
کولتووری و فەرهەنگیی وڵاتەکەیان، خەمخۆرن بۆ دۆزی ڕەوای نیشتمانییان و دەبێ هەمیشە
لەبیرمان بێت کە:
کولتوور و فەرهەنگ بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و پڕۆژەی
داهێنەر و بونیاتنەرانە پێش دەکەون، نەک بە وەلائی کوێر و سەرکزیی!