میدیای کوردی لەنێوان (پاشکۆ) و (پاشخان)دا!

نوری بێخاڵی

وڵاتانی عەرەبی ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار لە میدیای کلاسیک و میدیای نوێدا خەرج دەکەن، کەچی لە پەیوەست بە هاوکێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئاستی جیهاندا، تاک و تەرایان لێی دەربچێت، ڕەنگە بە هەموویان کاریگەرییان هێندەی میدیایەکی دیار و ناسراوی ئەمریکی یان ئەوڕوپی نەبێت.

ئینجا ئەگەر ئەمە بۆ عەرەب وا بێت، ئەوا بۆ کورد دە قات واوەترە. بەتایبەتی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەرچی میدیا هەیە، یان حیزبییە یان سێبەری حیزبە و لەبری کردنیان بە سەکۆیەک بۆ فشارخستنە سەر ئەوی دیکەی ناکورد و بەرپەرچدانەوەی گوتار و مامەڵە سیاسییەکەی لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، کەچی هەر هەمووی شەڕی دەروونیی یەکتری و خەڵکی هەرێمەکەی پێ دەکەن (ئێ قابیلە بە زمانی کوردی شەڕی سیاسی و دەروونیی بەغدا بکرێت!).

میدیای ئێمە، کە تەنیا بە زمانی کوردی گوتاری خۆی ئاراستە دەکات و بۆ دانە جارێکیش بیر لەوە نەکراوەتەوە میدیایەکی کوردستانیی سەرتاسەری خاوەن گوتارێکی نیشتمانیمان، بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی هەبێت، لە لایەک وەک ئەو کەسەی لێ هاتووە، کە لە ئەشکەوتێکدا هاوار دەکات و تەنیا گوێی لە زایەڵە و دەنگدانەوەی خۆیەتی و هیچ ئامانجێکی نیشتمانیی ناپێکێت. لە لایەکی دیکەشەوە، هەموو ئەو دەیان هەزار دۆلارەی کە لێی خەرج دەکرێت، بەفیڕۆ دەڕوات (ئەوە ئەگەر بە سەدان هەزاریش نەبێت، ئاخر بەپێی ڕاپۆرتەکەی درەو میدیا بێت، حیزبەکان بە سەدان هەزار دۆلاریان تەنیا بۆ سۆشیال میدیای فەرمی و سێبەر تەرخان کردووە!).

‏‎بەداخەوە، کورد لە میدیادا سەدی سەد لاسایی عەرەب دەکاتەوە، مەگەر هەر ئەوەی کە هەموو کەناڵە ئاسمانییەکانی لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنیانەوە تا ئەمڕۆ، کراونەتە سەکۆی چەلەحانێ و شەڕە چەق و بازنەی زۆرانبازی، لاساییکردنەوەیەکی سەقەتی کتومتی (ئەلجەزیرە) و هاوشێوەکانی نییە؟

هاوکات هاوشێوەی عەرەب، میدیای کوردی و بەتایبەتی زۆرینەی هەرە زۆری کەناڵە ئاسمانییەکانی (ئێستا نەخۆشییەکەی گەیشتووەتە پەیج و وێب تیڤییەکانیش!)، ئەوەندەی بایەخیان بە دیکۆری ستۆدیۆ و تەکنیک و جەستەی بێژەر و پێشکەشکارەکانیان داوە، بە دەگمەن بیریان لای ناوەڕۆک و گوتاری میدیایی و ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفیی کارەکتەرەکانیان بووە. 

بە واتایەکی تر، هێندەی گرنگیان بە ڕووخساری فووتێکراو و جوگرافیای جەستەی بێژەر و پێشکەشکارەکانیان داوە و دەدەن، چارەگی ئەوە و کەمتریش بایەخیان بە زانیاری، شڕۆڤە، بنکۆڵکاری و کاری پیشەیی نەداوە و خاوەنی گوتارێکی ڕۆشن نەبوون و نین.

ئەوە لەکاتێکدایە، کە بەهۆی قووڵبوونەوە و فراوانبوونی بازنەی ململانێ ناوچەیی و جیهانییەکان، لە ڕۆژگارێکدا دەژین کە ڕۆژگاری میدیا و جەنگی میدیاییە. بۆ ئەوەیش لەم جەنگەدا براوە بیت، دەبێ میدیایەکی بەهێز و پڕۆفیشناڵی خاوەن گوتارت هەبێت. دەزگایەکی میدیایی کە دە بارتەقای دیکۆر و دیزایین، دەبێ گرنگی بە ناوەڕۆک و گوتار بدات و دە ئەوەندەی تەکنیک، پێویستە بایەخ بە ئاستی پیشەیی کارمەندەکانی بدات. دەزگایەکی میدیایی کە لەجیاتی چەپڵە و ئافەرینی ئەوانەی پشتیووانیی دارایی لێ دەکەن، ببێتە جێی سەرنج و دەستخۆشیی وەرگرەکانی و لەبری سنگی قیت و پاشکۆی خڕی بێژەر و پێشکەشکارەکانی، لە خەمی سەنگی قسە و پاشخانی ڕۆشنبیری و سیاسی و مەعریفیاندا بێت!

03/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر