هونەری دەستخەڕۆکردن!

نوری بێخاڵی

(1)

هەموو بێدەنگیێک بە واتای ترس، یان نەبوونی توانای وەڵامدانەوە نایەت، بەتایبەتی لە سای باڵادەستیی بیرکردنەوە و سیاسەتی پاساودانەوەدا، بەڵکوو جار هەیە هەڵبژاردنی بێدەنگیی بۆ ئەوەیە بەرامبەرەکەت بریندار نەکەیت، بڕێک جاریش بەهۆی برینێکەوەیە کە دەنگکردن ئازارەکەی زیاتر و بە سوێتر دەکات. وەک چۆن هەندێک جار بێدەنگیی سەرچاوە لەو باوەڕ و یەقینەوە دەگرێت، کە قسەکردن هیچ سوودێکی نییە، بەتایبەتی کە نەک هەر گوێیەک نەبێت بیژنەوێت، بەڵکوو هەموو دەنگێک وەک پیلانگێڕی و تێکدان بخوێندرێتەوە. بێدەنگییش هەیە جۆرێکی خۆپارێزییە لە هەڵچوون و هەڵەشەیی، بەتایبەتی لەکاتی تووڕەییدا، بەڵام دواجار لە شوێنکاتێکدا کە پێویستە، هەر دەبێ کانیی بێدەنگیی بتەقێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر لەوە زیاتر ژیان بۆگەن نەکات و ئەوانەی لەناو وەهمی بێدەنگکردنی بەرامبەردا خەونی پەمەیی دەبینن، بێدار بکرێنەوە و وەبیریان بهێنرێتەوە کە هێشتا بێ ژمارن ئەوانەی نە گەمژەن، نە گەوج و گەلحۆ! 

(2)
سروشتی حزب لە ڕەشهەڵات وا بووە و وایە (چ دەسەڵاتدار، یان ئۆپۆزسیۆن بن)، ئەگەر لەناو خۆیاندا کۆک و تەبا بن، بەیەکەوە (گا) لە کونی (دەرزی) دەرباز دەکەن، چاو لە گزی و فزی، گەندەڵی و ساختەیی، چەتەیی و شەوکووتیی یەکتری دەپۆشن و هەر یەکەیان عەیب و عاری ئەوی دیکە پینە دەکات. خۆ ئەگەر بەرژەوەندییەکانیشیان بەر یەک بکەون و ناکۆک بوون، یەکتری دەکەنە پەڕۆی بێ نوێژ، کۆمەڵگا نقوومی ئاڵۆزیی و دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی دەکەن. تەنانەت ئەگەر بزانن بەهۆی جیاوازیی و ناکۆکییەکانیان، بەرژەوەندییەکانیان دەکەونە مەترسی، گۆبەندێک دەنێنەوە ئەوسەری دیار نەبێت، تا دەگاتە هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕی بێ ئامان. 

هەر سەیری ئەو عێراقە بەڵالێدراوە بکەن، کە بەهۆی پاشکۆیەتیی ئەم حزب و تایفەیە بۆ فڵان وڵات و شوێنکەوتەیی ئەویان بۆ فیسارە ئەجێندای دەرەکی، ململانێ و ناکۆکیی تایفی و مەزهەبی کردوویەتییە دۆزەخ. هۆکارێکی دیکەی ئەم وێرانەیی و پاشاگەردانییەی عێراق ئەوەیە کە هیچ کەس و لایەنێک تیایدا خۆی بە خاوەنی دۆزێکی ڕاستەقینە نازانێت و هەر هەمووی بە شوێن پشکی زیاتری کێکی دەسەڵات و ئیمتیاز و پۆست و پارەیە، بۆیە هەر کاتێک حزبەکان (بە هەموو دەنگ و ڕەنگ و باکگراوندی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییانەوە) کۆک و تەبان و بەرژەوەندییەکانیان تەریب دەڕۆن، بەیەکەوە بە خلەیی لێی دەخۆن. بە پێچەوانەوە، هەر کە ناکۆکیێکیش بەهۆی دژکەوتنەوەی بەرژەوەندییەکانیان لەنێوانیاندا دروست بوو، لەگەڵ یەکتر دەیگەیەننە مریشکە ڕەشە، تا دەگاتە تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی کۆمەڵگا و کوشتنی یەکتر! 

(3)
لە دۆخی وادا، خراپترین شتێک کە عەقڵی دەسەڵاتدار و ڕکابەرکانیشی دەتوانن بەردەوام و لە بەرگی جیاوازدا بیکەن، بەرهەمهێنانی بێهوودەییە. ئیدی هەر یەکەیان بە جۆرێک کار لەسەر ئەم پیشەسازیی بێهوودەکردنە دەکەن و وەبەرهێنانی سیاسی تێدا دەکەن. 
بۆ عەقڵی سیاسیی لەم جۆرە و بەتایبەتی هی دەسەڵاتدار، هیچ کارێک لە بەرهەمهێنانی بێهوودەیی ئاسانتر و بەرهەمدارتر نییە، چونکە لە ڕێگەیەوە هەستکردن بە لاوازیی، بێدەرەتانیی، بێ چارەیی و دەستەپاچەیی لای خەڵک دروست دەکات و بۆ خۆیشی چێژ لەوە دەبینێت کاتێک خەڵک لە بێ چارەییدا، وەک فریادڕەس دەستی داوا و بەدەنگەوەهاتنی چاککردنی دۆخەکەی لێ دەکەن. 
بۆیە کاتێک عەقڵی دەسەڵاتدار بە شێوەیەکی دامەزراوەیی و سیستەماتیک، لە ڕێگای کۆمەڵێک ئامراز و دەزگای جیاواز و بە میکانیزمی هەمەجۆرەوە، بە پلان کار بۆ بەرهەمهێنانی ئەو بێهوودەییە دەکات، بازاڕی نوزانەوە و لاڵانەوەی خەڵک گەرم و بە هەڕمێنتر دەبێت و ئەمەش دەرفەت دەداتە دەسەڵات، تا لە دوای هەر گەڕێکی بێهوودەکردندا، زەمینەسازیی بۆ بەرهەمهێنانی فۆڕمێکی دیکەی بێهوودەکردن بکات. 

بە کورتی: سیاسەت لە سەر زەمینی ڕەشهەڵاتیشدا هونەرە، بەڵام هونەرێکی قێزەون، کە دەستخەڕۆکردن بەشێکی بچووکی ناو دونیای ئەو هونەرە ژیانکوژەیە!

27/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر