ئایا بارزانی و کەسە نزیکەکانی خۆیان کاندید ناکەنەوە؟

ئیبراهیم عه‌باس
ئەو وتەیەی مەسعود بارزانی کە رایگەیاندووە "نە خۆم، نە كەسانی نزیك لەخۆم خۆمان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاندید ناكەین"، هەمان ئەو یاریە لە حوزەیرانی ٢٠١٣ کردی، کاتێک لە ژێرەوە داوای دوو ساڵ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی دەکرد و بۆ گەوجاندنی خەڵکیش دەی وت ئەو پێشمەرگەیەو پێویستی بە پۆست نییە. هەر ئەوەندەش نا، هەمان سیناریۆیە کە لە حوزەیرانی ٢٠١٥، هێنا پێش و زۆری نەمابوو شەری ناوخۆی لەسەر هەڵبگرسێنێ و یەکێتی نەیکرد، بەڵام دوایی پارتی بزوتنەوەی گۆڕانی جیا کردەوەو شەڕی ناوخۆیان لەگەڵ ئەوان راگەیاند، بەڵام چونکە کاک نەوشیروان نەویست خوێن بڕژێت، حکومەت و پەرلەمان و یاسا و بژێوی خەڵکی کوردستان بوونە قوربانی کورسییەکەی سەرۆک!  

بەدەر لەم دووجارەش دوو جاری تریش بارزانی لە بەیانی فەرمی و چەند جارێکیش لە کۆبوونەوەی حزبەکان، وتوویەتی خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم کاندید ناکاتەوەو کێ ئامادەیە جێگاکەی بۆ چۆڵ دەکات؟! بەڵام لە کرداردا هێندە بەکورسییەکەی چەسپاوەو خەریکی قایم کردنییەتی تا ئێستا سەرۆکایەتی هەرێم لەسەری رەشەو جگە لە کەسانی سەربە پاراستنی پارتی کەسی تر ناتوانێت بچێتە ئەو جێگایە.

ئەمجارە جیاوازتر لە جاران باسی کەسانی نزیکی خۆی دەکات کە خۆیان بۆ سەرۆکایەتی هەرێم کاندید ناکەن، لە کاتێکدا نزیکەکانی بەئاگرو ئاسن بە کورسییەکانی ئەم وڵاتە پەسپاون و هەر ئەوەندەشنا نێچیرڤان بارزانی ئۆفیسی پێشوازی کردنی میوانانی بیانی لەناو ماڵ و مەزرەعەکەی خۆی داناوە! ئەی کە وابێت خێرە هەموو دامەزاراوە گرنگەکانی کوردستانتان کردە موڵکی خۆتان و کوڕو نەوەکانتان؟!

پرسیارێکی جەوهەری ئەویە بۆچی بارزانی لە ئێستادا جارێکی تر ئەو بابەتە دەوروژێنێتەوە؟ وەڵامەکە ئاسانە، چونکە لەم رێگایەوە بارزانی پەیامێک بەدونیا دەدات، کە ئەوجارە هەر خۆی نا بەڵکو کەسە نزیکەکانیشی لەسەرۆکایەتی هەرێم نابن، ئەمەش بەو واتایەی بێ بارزانی و نزیکەکانی ئەو هەرێمە لەدەست دەردەچێت و کەس نازانێت ئەو کەسەی دەگاتە ئەو پۆستە چۆن، مامەڵە لەگەڵ دونیای دەرەوە دەکات؟! کە ئەمە ئەو یارییە پارتی لەم ساڵانەی دوایی بە لۆبی تورکی و عەرەبی و ...هتد کردوویەتی، بۆ ئەوەی شەکوا بۆ مانەوەی بارزانی لە خۆرئاوا بکەن، ئەو شەکوایەی بووتە هۆی خاڵی بەهێز بۆ بارزانی و لایەنەکانی تر هیچی لێ نازانن.

هاوکات تاقیکردنەوەی حزبەکانی ترەو بزانیت کەس هەیە جورئەتی وەرگرتنی ئەو پۆستە بکات. هاوکات باشترین کارتی گەوجاندنی خەڵکانێکە کە سەرکوێرانە باوەریان بە بەڵێنە بێ کردارەکانی بارزانی هەیە، باوەڕ بەو بەڵێنانەی ئەگەر بارزانی لە ژیانی سیاسی حزبەکەی خۆی و ژیانی نزیکەی ١٢ ساڵ سەرۆکایەتی هەرێم گەر رێژەیەکی کەمیشی لێ جێبەجێکردبایە هەرگیز کوردستان نەدەگەیشتە ئەو دۆخەی خەڵک پارتی و حوکمڕانی کوردستان لەگەڵ دوژمنانی کوردستان بەروارد بکات

20/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر