بۆچی سیاسییە باڵاکانی کورد خیانەت لە خەڵک ئەکەن؟

ئیبراهیم عه‌باس
  زۆرن ئەو ویستگانەی سەرانی کورد دەستەو دامێنی خەڵک ئەبن و مەمنونی نەک هەر خەبات و تێکۆشانی خەڵکن، بگرە بۆ جووتە پێڵاوێک و پاروە نانێک و جامە ماستێک! دونیایەک سوپاسگوزاری خەڵکی کوردستانن. ئاخر هەمیشە کە شۆڕش و خەباتە چەکدارییەکان دەستیان دراوەتێ، کاتێک زایەڵەی راپەرین و راماڵینی دوژمنان کەوتۆتە رۆژەڤ، سەرانی کورد و سیاسییە باڵاکان نەک لەخەڵک لەپێشترو پاخەڵپڕترو ئازاو بەغیرەت تر نەبوون، بگرە، بە فرەسەخ لەدوای خەڵکی کوردستان بوون، هەر بۆیە مەمنوونی خەڵکی کوردستان بوون تا ئەو جێگایەی. شوێنی پێی خۆیان قایمکردووە، بەڵام کاتێک شەڕ لە ئارادا نەماوە، ئیتر نەک خەڵکیان لەبیر نەماوە و داهاتی وڵاتیان بۆ خۆیان بردووە، بگرە هاوشێوەی دوژمنان، سەرانی کورد خەڵکی کوردستانیان بە بیانووی جۆراوجۆر لەناو بردووە.

ئەم تایبەتمەندیانە گەر بەشێکی پەیوەندی بەسادەیی و خۆنەویستی و بێ تەماحی خەڵکی کوردستانەوە هەبێت، بەشێکی تری پەیوەندی بە نەهجی خیانەتکارانەی سەرانی کوردەوە هەیە کە خاوەنی بەڵێن خۆیان نین و وەفاداری هیچ بەهایەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی نین.

نووسەری کتێبی ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو، رووداوێک لەسەر مام جەلال تاڵەبانی ئەگێڕێتەوە کە لەیەکێک لەجارەکان، کاتێک بەفرێکی سەخت ئەبارێت پێشمەرگەکان ناچار بە جیهێشتنی لوتکەی شاخێک ئەبن، بەڵام کە مام ئەو پێشمەرگانە ئەبینێت پێیان ئەڵێت بۆ جێگاکەی خۆتان چۆڵ کردوەو دۆشکەکەتان چی لێکرد؟ هەر ئەوەندە پێشمەرگەیەک ئەڵێت لەبەر زۆربارینی بەفر جێگاکەیان چۆڵکردوەو دۆشکەکەیان جێهێشتوە؟! دەست ئەکات بە جنێودان بەو پێشمەرگانە و ئەیانگێڕێتەوە سەر شاخەکەو ئەڵێت "بۆ وا ئەزانن نیشتمان تەنها هی منە؟! نیشتمان نیشتمانی هەموانە، شەڕیش بۆ خۆتان ئەکەن بۆ منی ناکەن!".

مام راستی کردووە نیشتمان هەر هی ئەو نییەو هی هەموومانە، بەڵام تەنها ئەو کاتەی کە پێوستە قوربانی بدەین و خۆمان بەفیدای نیشتمان بکەین و ئامادەبین سەرو ماڵی خۆمان ببەخشین! بەڵام گەر ئارامی و پارە هەبوو، نیشتمان تەنها هی سەرکردەکانەو جگە لە ئەوان و دەوروبەریان و کەس و کارو ژن و منداڵەکانیان کەسی تر خاوەنی نیشتمان نییە!.

لە ژیانی سیاسی خۆشمدا لەچەندان قۆناغ بینیوومە، خودی مەسعود بارزانی چۆن لە کۆنە جاش و مستەشارێک پاڕاوەتەوە کەسەنگەر چۆل نەکات و لە بەرەکانی شەری ناوخۆ نەکشێتەوە، هەر ئەوەندەشنا لەکاتی شەڕ و ناخۆشیدا دەرگای سەری رەش، بۆ کۆنە مستەشارو جاشەکان و خەڵکی تریش واڵبوو، بەڵام هەر ئەوەندە شەڕی ناوخۆ نەما، ئیتر نەک سەری ڕەش کرایە محەڕەمەو شوێنێکی قەدەغەکراو کە گوایە لەبەر ئەوەیە ماڵی بارزانی لێیە؟! بگرە چوار دەوری مەسیفیشیان بە پێنج بازگە دەورەداو نەخێر بەوەش نەوەستان وتیان مادەم ماڵی بارزانی لە مەسیفە پێویست ناکات خەڵک بەو هاوینەهەوارەدا رەت بێت، دەستییان کرد بە تونێل لێدان لە بانەمانەوە بۆ کۆڕێ، خۆ ئەگەر بودجەی بەغدا نەوەستابوایە ئێستا بەدوور نەدەزانرا مەسیفیش وەکو سەری رەش ناوچەیەکی قەدەغە کراوبایەو گەر رەنگی جامانەکەت سور نەبوایە نەت ئەتوانی پێدا گوزەر بکەیت!.

لەبیرتان بێت مەرج نییە کاتێک کە بەر شاڵاوی خیانەتی سیاسی سەرانی کورد کەوتن، خەتاکەی سادەیی و نەزانی و بێ تەماحی خۆمان بێت، بەڵکو مەسەلەکە نامەردی ئەوانە کە پێویستیان بە ئێمە ئەبێت، ئەبن بە کەسانی سادەی وەکو خۆمان. بەڵام هەر ئەوەندە دەستی خۆیان بینی و هێزو پارەیان کەوتە دەست، ئیتر خیانەت لە خەڵکی کوردستان و خۆدابڕاندن لەخەڵک، بە زیرەک و خەسڵەت و تایبەتمەندی سەرکردە بوونیان ئەزانن. ئەوەشتان لەیاد بێت هاتنە ناو خەڵکی لەساتەوەختی هەڵبژاردنەکان و ریفراندۆمدا، هەمان ئەو یارییەیە کە لە کانی خیانەتی سەرانی کورد  ئاو ئەخواتەوە، ئاخر هەر ئەوەندە دەنگدان نەما ئیتر سەرکردەکان تا دەنگدانێکی تر نابینینەوە.


27/02/2018



وتارەکانی تری نوسەر