دەسەڵاتی حزب بۆ خزمەتی ئەشخاس!

ئاشتی عەبدولآ
لەماوەی 24 ساڵی رابردوودا، هەموو هەوڵی سیاسیە دەست ڕۆشتووەکانی ناو حزب و ئەوانەشی بەحزبەوە بەسترابوون، بۆ ئەوە بوو حزب گەورە بکەن، تا ئەو ڕادەیەیی کە حزب رۆچووە نێو ژیانی هەموو تاکێکەوە، ژیان و گوزەران و مووچەو پۆست و زۆریتر... بەسترایەوە بەحزبەوە .

 حزب دەستی گرت بەسەر هەموو جومگەکاندا. هەستی نەتەوەیی وەلانراو هەستی حزباتی باڵادەست بوو، زۆرینەمان سەرنجمان دابوو لە بۆنە نەتەوەییەکاندا ئاڵای حزب پێش ئاڵای کوردستان بەرزئەکرایەوەو دروشمی حزبی و ئەوترایەوە، ئەم هەوڵانە مەبەستداربوو . بۆ بەهێزبوونی دەسەڵاتی حزب بوو بۆ زاڵبوون بەسەر بیرو هۆشی تاکەکان و بۆ دەستگرتن بوو بەسەر سەروەت و سامانی وڵاتدا ، بەڵام دواتر ئەم فۆرمەش گۆڕا. لەماوەی دوو سێ ساڵی رابردوودا تەواو هەست بەم حاڵەتەش ئەکرا. 
حزب بچووککرایەوەو لەچەند ئەشخاسێکدا خۆی بینیەوە. لەئێستادا حزب واتە چەند کەسێک و ئەم چەند کەسە چارەنووسی حزبەکانیان و هەرێمی کوردستان و ئایندەی میلەتێکیان بەدەستە، بۆ مانەوەیان (حزب و هەرێم و میلەتیش) بەکاردەهێنن بەویستی خۆیان.

بێگومان حزبە گەورەکان، چونکە حزبە بچووکەکان هێشتا نەگەیشتونەتە پلەی باڵا، رەنگە لەداهاتوودا ئەوانیش هەمان چارەنووسیان هەبێ، یان بۆچوونەکەم راست نەبێ و ئەمان بەفۆرمێکیتر و عەقڵی کراوەتر حزبایەتی بکەن. 

ئەم ئەجندایەیی حزب لێرە پەیرەوی ئەکات، لەدونیادا  هاوشێوەی زۆر کەمە، چونکە هەموو حزبێک ئەجنداو پلان و بەرنامەی خۆی هەیە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، تالەوێوە خزمەتی وڵاتەکەی پێ بکات، بەڵام لێرە هەمیشە هەر ئەم حزبانە دەسەڵاتن و ئەجندا و پەیڕەو بەرنامەیان لە خزمەتی چەند کەسێکدایە، بۆ مانەوە لەعەرشی دەسەڵاتدا.

مانەوە لەعەرشی دەسەڵاتدا لای ئەو حزبانەی بوونەتە پارێزەری ئەشخاس گرنگترە لە ژیانی هاووڵاتیان و رۆحی مناڵەکان، گرنگترە لەئاوەدانی و بەشارستانی بوونی هەرێم . ئەم پارێزەرانە هەموو بەها مۆڕاڵیەکانی حزبایەتی و مرۆڤایەتی و هەستی نەتەوەیەتیان فەرامۆش کردوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بوونەتە پەروانە بەدەورەی ئەشخاسدا، بۆ خاتری مانەوەیان لەعەرشی دەسەڵاتە بەسەرچووەکاندا.

26/01/2016



وتارەکانی تری نوسەر