قۆناغەکانی رێکەوتنەکە

ئاشتی عەبدولآ



ئەوەی لایەنی کوردی ( واتە یەکێتی و پارتی) لەگەڵ حکومەتی عیراقی بەئاگاداری دەوڵەتانی ئیقلیمی و ئەمریکاش لەسەری رێکەوتن، قۆناغی یەکەم لەنەخشە سەربازیەکەیەو بەشی هەرە زۆری جێبەجێکرا، لەگەڵ ئەو موزایەداتانە و جوڵاندنی عاتیفەی خەڵک پارتی و پشتیوانەکانی زۆر هەوڵیان دا ، پەردە پۆشی رێکەوتنەکە بکەن، بەڵام دواجار لایەنی کوردی هەردوو حزب رازی بوون لەناوەرۆکی رێکەوتنەکە، کە واژاوکراوە، تائێرە قۆناغی یەکەم قۆناغی سەربازی بوو .

چاوەڕێی قۆناغی دووەمین، کە قۆناغی ئابووریەکەیە بەپێی یاساو دەستوور جێبەجێدەکرێت و هەردوو لایەن لەسەری رێکەوتوون.

ئەم رێکەوتنە و رازی بوونی لایەنی کوردی لەڕووی عەقڵانی و سیاسەتی ئێستا دروستە و ناچاریە، چونکە لەکاتێکدا لایەنی کورد بەبێهێزی و حکومەتی عیراق لەخاڵێکی بەهێزەوە بەپشتیوانی ئیقلیمی و جیهانی ئەم رێکەوتنە واژووکرا، ئەبێ ئەوەش بووترێت، کە ئەم رێکەوتنە شەڕێکی زۆر گەورەتری لەماڵی کورد دوورخستەوە. ئەگەر رێکەوتنەکە دووربووایە لەموزایەدات و دروشمی عاتفی ئەوا ئەو ژمارەیەش لەپێشمەرگە نەدەبوونە قوربانی، خەڵکیش ماڵ و حاڵی خۆی جێنەدەهێشت، بەڵام هێشتا لایەنی کوردی بەسەر شکستە سیاسیەکانیشەوە شەڕی مانەوەو پێگەی حزبی دەکات، دەبوو لەبری ئەم چەواشەکاریانە ئەو دەستەو تاقمە سیاسیە، لەگەڵ خەڵکەکەی خۆی راستگۆبووایە دواتریش داوای لێبوردنیان بکردایە، کەئەوان هۆکاری ئەم شکستەن و هۆکاری بێهێزی پێگەی کوردن.

ئیتر ئەمە واقیعەکەیە و کورد ئێستا دوای ریفراندۆم بەم دووقۆناغەدا تێدەپەڕێت و بۆ ئەوەی بەکەمترین زیان لەم شکستە دەربچێت، پێویستە چیتر خۆڵ نەکرێتە چاوی خەڵک و بەخەڵک بووترێت بۆ مانەوەی ئەوەی بەدەستمانەوە ماوە و پاراستنی گیانی پێشمەرگەو خەڵکیش رێکەوتنێک کراوەو جێبەجێدەکرێت، تا لەدوای ئەم دوو قۆناغەوە، جارێکیتر کوردبەجۆرێکیتر و بەعەقڵێکیتر و نوخبەیەکیتر سیاسەت و خەبات بکات لەپێناو بەهێزبوونەوەی پێگەی کورد لە ناوخۆو ناوچەکەش.


21/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر