د.بەرهەم ئەمەش مەکە!

هادی حەمەرەشید

 سەرمایەی ڕەمزیی مرۆڤەکان وەك سێبەر وایە و لێی نابێتەوە، گەلێ جاران لەهیچەوە بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشان ئەبیت بە خاوەنی، بەپێچەوانەشەوە سەرمایە ڕەمزییەکەت هەیە، کەچی بە خوت و خۆڕایی لە دەستی ئەدەیت!
بەرهەم ساڵەح خاوەنی ناوێك بوو، کە میلی ڕادیۆکەت لە سەرەتای نەوەدەکاندا بائەدا، ئەم ناوەت لەلا نامۆ نەبوو، کاتێك لەپرسەکانی عێراق و کوردستان و کۆبوونەوەکانی موعارەزەی عێراقییدا هەمیشە بە سیفەتی(نوێنەری یەکێتیی لە ئەمریکا) بە ویقار و سەنگینییەکەوە قسەی بۆ میدیاکان ئەکرد، هەم پێگە و دیسان لێدوانەکانی لەو دوورەوە، هاوکات لێرەش کە ئەوترا خاوەن بڕوانامە و پیاوێکی خوێندەوارە، جۆرێك لە بایەخی بۆ پەیداکرد بوو.
ئەمە زیاتر بوو کاتێك کە ئیدارەی سلێمانیی وەرگرت و کرا بە سەرۆکی حکومەت، سەرۆکێك چونکە سکرتێر و جێگر و کاربەدەستانی یەکێتیی پشتگیری بوون، وێنەیەکی جیاوازمان لە کاری ئیدارەدانی دەوڵەتیی بینی.
بۆ خەڵك گرنگ نەبووە و ئێستاش نییە کە ململانێ ناوخۆییەکانی یەکێتیی چۆن بوون، کێ چۆن و بۆچیی و بەچیی شکێنرا و ئەم چۆن هێنرا، بەڵکو دەرئەنجامەکەی باش بوو بۆ خەڵك.
بەرهەم باشی هێنا، ئینتیباعی خەڵك لەبارەی ئەوەوە زیاتر بە ئەرێنیی شکایەوە، تا ئەوکاتەی کە دەستی بە یاریی کرد، یارییەك کە تیایدا ئەو جەمسەر نەبوو، بەڵکو ئەکرا یان عاقڵانە دووری بگرتایە، یان بەشوێن ڕێڕەوی بچووکبوونەوەی خۆیدا بچێت و ببێت بە بازیچەی دەستی یەکێك لە جەمسەرەکان!
دروست ئەوەی دووەمی هەڵبژارد، لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان بە هەیەجانەوە دژی ستەم و نادادیی وەستانەوە، د.بەرهەم هێنرا و کرا بەسەرەڕمی ململانێیکان و جەمسەری ماڵی(تاڵەبانیی) کردیان بە #سەرۆکی_لیستی_کوردستانیی لە هەڵبژاردنی خوولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە 2009دا.
پێشتریش لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتییدا هەمان هەڵوێستی ناجۆری هەبوو، بگرە جۆرێك لەیاریی پێکرا کە لە ڕووکاردا ئەوی لە ئەندامی مەکتەبی سیاسییەوە بردە جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بچووکی کردەوە!
ئەو کە ئەو دەمانە هەرگیز بێ پۆست نەبوو لە حکومەتدا(لە هەرێمیش و لە بەغداش) ئەیتوانی نەهێڵێت یەکێتیی تووشی لەتبوون ببێت، ئەیتوانی دامەنگیری لایەنە ناکۆکەکانی ناو یەکێتیی بێت، نەك هەوڵ بدات زووتر پاڵ بە نەوشیروان مستەفا و تیمەکەیەوە بنرێت تا خۆی(بەناو) بکرێت بە جێگری سکرتێر!
جێگری سکرتێرێك بەبەرچاوی ئەوەوە بێ ڕۆڵ ئەکرێت، کە لەو بەهێزتر، بەئەزموونتر،بەمەعریفەتر،خاوەن پێگەتر و تاد...
بە چ عەقڵێکەوە تۆ شانەخڕێ ئەکەیت بۆ جێگاکەی؟!
ئەم فاوڵانە بەرهەمیان لە پۆزیشنی «هێز»ـەوە بردە بەرەی بەرامبەرەوە و ئیتر پێویست بوو مل بنێت بە ڕێگایەکەوە کە ئەو لە بنەمادا ڕێبواری وەها ڕێگایەك نەبوو!
ئەو ئەیتوانیی لەسەردەمی زێڕینیدا دابڕان(قگیعە)ێك بخاتە نێوان مێژووە(پرشنگدار)ەکەی و ئەو سات و ئایندە پڕ لە ملشکاندن و قۆڵبادانەوە!
ئاخر بەرهەم ساڵەح چەندو«سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران)ێکی باش بوو، واوەتر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی خراپ بوو، بۆچی ئەبێت لە حکومەتدا سەروسەودا بە کورسییەکەیەوە بکرێت و کەچی لەحیزبدا کە هێشتا ئەندام مەکتەب سیاسییەکی باشیش نییە، ئیغرا بکرێت و ببرێت بۆ جێگری سکرتێری گشتیی؟!
بەرهەم ساڵەح لە تەنیشت پیاوێکی وەك تاڵەبانیی یان نەوشیروان مستەفادا ئەیتوانی پیاوی دەوڵەت بێت، بەڵام هەرگیز حیزبییەکی باش نەبوو، چ بگات بە لە نەبوونی ئەواندا بیەوێت ببێت بە جێگری سکرتێر!
لەوێش ئاو لەژێر کرا و هێشتا نەهات ئەو قەتیعەیە بخاتە نێوان ڕابردوو و داهاتووی، ناوەندی بڕیاری ڕاگەیاند، نەیتوانی تیمەکەی بپارێزێت، هاوپەیمانیی دروست کرد و هاوڕێکانی بۆ پۆستێك جێهێشت( ئەوانە پێیان بەخشیی کە پێشتر تا بۆیان کرا هاڕییان)!
یەکێتیی خۆی ڕێکخستەوە و کۆنگرەی گرت، چاوەکان(بە ژاوەژاوی میدیایی) خرانەوە سەر بەرهەم ساڵەح بۆ«سەرۆك» یان«هاوسەرۆك» ئەو قەبوڵی بوو وەك«قوباد تاڵەبانیی و ڕێواز فایەق» بەبێ هەڵبژاردن ببن بە سەرکردایەتی، ئەمە واتە هەمیشە ئیشتیهام لە«وەرگرتنی ئیمتیازە لەلایەن یەکێکی لەخۆم باڵاترەوە» بۆیە قەبوڵیشمە کە باجی ئەم بەخششە بە لە دەستدانی سەرمایەی ڕەمزیی بدەمەوە!
هێشتا ئیستێکی نەکرد، لە بێنەوببەی«هاوسەرۆکان»ـدا دیسان دەستی کردەوە بە یارییە کلاسیکییەکەی خۆی(لەو فەوزا و بازاڕە شێواوەدا فرسەتە) لەبری ئەوەی وەك«سەرۆکی کۆمار» کە ئەگەر زیاتر قەرزداری لاهور شێخ جەنگیی نەبووبێت، بێگومان هاوتەریبی ئامۆزا هاوسەرۆکەکەی چاولەبەری بوو، ئەمجارە بیکاتە مەیدانی گێڕانەوەی متمانە لای هاوڕێکانی و ناوەندگیریی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا بکات نەك دیسان تەرەفگیرێکی لاواز!
بەرهەم ساڵەح لەو پرسەدا لە هەمووان زیاتر و ئاشکراتر خۆی و تیم و ڕاوێژکار و میدیاکەی بوون بە لایەنگری لایەك دژ بە لایەکیتر!
د.بەرهەم شتێکی ئەوتۆی دژ بە پارتیی نەکرد، لە بەغدا و لەسەر عەرشی کاخی«سەلام»ـەوە، خوازیار بوو ڕێگای بدرێت بچێتە هەولێرەوە، کەچی ھێشتا بارزانیی و پارتییەکان لێی لالوت بوون!
پارتیی بەهەر چوار پەلەوە لە موئامەرەدا بوون بۆی، کەچی ئەو شەرمنانەش نەئەجەنگا، بەجدیی«لەتیف ڕەشید» یان تەنانەت«ڕێبەر» ئەگەر ببوایە بە سەرۆك کۆمار، چی بۆ پارتیی و بارزانیی ئەکرد کە بەرهەم نەیکردبێت؟!
هەر لە تەنیشتییەوە«فواد حسێن» کە وەزیری دەرەوەی عێراقە چی کردووە بۆ هەرێم و پارتیی و بارزانیی کە د.بەرهەم نەیکردبێت؟!
کەواتە بۆچی شەڕەکەت تا کۆتایی نەکرد؟!
لەم خوولە نوێیەی سەرۆکایەتیی کۆماردا کە بەرهەم ساڵەح لە پێناو ئەو کورسییەدا ڕەنجی فەرهادیی بۆ بەفیڕۆدا، شەرعییەتی بە کودەتای #هەشتی_تەموز دا و خۆی و میدیا و پارەی هائیلی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ تەرخان کرد، تێنەگەیشتم بە کامە لۆژیك وا چەند مانگە قایل بووە ئەو ناو بنرێت«تاکە کاندیدی یەکێتیی» و کەچی لە تەنیشتی ئەودا کەسێکیتر(لەو پێشینەی لە یەکێتییدا زیاتر) هاوسەری یەکێك لە کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی کە فیعلەن تا چاوبڕکات نەیار بە تۆ، ببێت بە کاندید؟!
ئاخر عەزیزم یەکێتیی بە حەڤدە کورسییەوە لە کۆی سێ سەد و بیست کورسیی زیاتر، چۆن ئەکرێت تۆی کردبێت بە(کاندیدی فەرمیی) و (مام)ـی سەرۆکیش بە نافەرمیی و یەك دوو کاندیدیتریش (نزیك لە حیزبەکەت) هەر بۆ قەرەباڵغکردنی سیڤیی هەبن و تۆیش قایل بیت؟!
بەهەرحاڵ ئەمانە هەمووان بوون بە مێژوو، ئێستا ئیتر تۆ لەبەردەم ئەزموونێکیتردایت، ئەگەرچی زۆرێك پێیانوایە ئێوە هیچ پۆتانسێڵێکتان نەماوە، بەڵام حەقە تۆ هێشتا بیر لە قەتیعەیەك بکەیتەوە.
مەسعود بارزانیی چونکە ناتوانێت گەورە بیربکاتەوە، هەمیشە هەوڵئەدات ئەوانەی کە ڕۆژگارێك لە کۆمەڵگای کوردییدا خاوەنی سەرمایەی ڕەمزیی بوون و ئەکرا ئومێدێکیان لەسەر هەڵبچنرێت، ئەو هەوڵئەدات تا ئاستی وردبوون بیانشکێنێت، پاش ئەوە هەوڵی نزیکبوونەوە لە پارتیی ئەدات و عاقیبەتیان ئەباتەوە بۆ بارەگای بارزانیی!
دلاوەر عەلائەدین نووسەر و ئەکادیمیستێکی جێگای بایەخی خەڵك بوو، یەکێتیی کردی بە وەزیری خوێندنی باڵا، پارتیی لە هەولێر بێزاریان کرد و بێڕێزییان بەرامبەر کرد، یەکێتیی قوتابیانیان بۆ تەییارکرد وەزارەتەکەیان هێلکەباران کرد، کەچی دواتر هەر لە هەولێر 
ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) دامەزراند و لە سێبەری عەرشی بارزانییدا مایەوە!
د.نەجمەدین کەریم، کە لە ئەمریکا گەڕایەوە و یەکێتیی کردیان بە پارێزگاری کەرکوك، پارتییەکان ئەوەی بشێ و نەشێ دژی ئەو کردیان، کەچی بە قودرەتی قادر لە بن دیواری بارەگای بارزانیی و بە پارتایەتی سەری نایەوە!
ئەم مۆتەکەیە ئیتر ڕوو بە تۆیە، خۆ ڕاستیی تۆ گرفتت لەگەڵ پارتییدا نەبوو، بەڵکو ئەوان گرفتیان لەگەڵ تۆ هەبوو، هەموو ڕێگایەکیان گرتەبەر تا بتهاڕن، تا ئەو ئاستەی کە هۆشیار زێباریی خاڵ و ڕێبەر ئەحمەدی پسمامیان لە«خستنت»ـدا بە «خستن»ـدا، بەڵام ڕەنگە ئیتر قۆناغی موجامەلە و موغازەلەت دەست پێبکات و بیانهەوێت کە عاقیبەتت زەرد بێت!
هیچ نەبێت لێرەدا ئیستێك بکە و لە پەراوێز وەرە دەرەوە و ئەم کۆتاییەی تەمەنت تەرخان بکە بۆ ئاوڕدانەوە لەو ڕابردووەی کە ئەکرا لە ئێستا زۆر جوانتر تێیپەڕێنیت!

22/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر