ستەمە داوای کشانەوەی حکومەت لە گۆڕان بکەیت!

هادی حەمەرەشید



هەرچەندە بە بەیت و بالۆرەی(جڤاتی نیشتیمانیی بەرزترین ئۆرگان و باڵاترین سەرچاوەی بڕیاردانە لە ناو گۆڕاندا) وەڵامی هەر ئۆرگانێکی دیکەی ئەو بزووتنەوەیە ئەدرێتەوە، بەڵام گریمان جڤاتی نیشتیمانیی ئەم جڤاتەی ئێستا نییە کە دۆستێك وتی: قوربانی خوات بم کاك نەوشیروان چ سەرکردایەتییەکت دروست کردووە، بە کۆستەر لێیان ببە بۆ ناو پارتیی و یەکێتیی هیچ لە هاوکێشەکان ناگۆڕێت!

 
بەڵکو جڤاتێکە و بڕیارەکانی زۆر بابەتیانەیە، جڤاتێکە و پاش کۆبوونەوەیەکی ئامادەکراوە و بڕیاری ئامادەکراوی دوو مناڵ، ناچن سەرە بۆ وەرگرتنی ٢٠-٢٥هەزار دیناری چاپی بریمەریی بگرن لە ژووری کارگێڕیی و دارایی!

 
دەی هێشتا گەورەترین ستەمە کە داوای کشانەوە لە جڵەو لەدەستانی گۆڕان بکەیت!


چونکە؛


*لە ٢٠٠٩ـەوە هیچ ساتێك نادۆزیتەوە کە نێوان گۆڕان و دەسەڵاتدا هێندە خۆش و بێ کێشە بووبێت!

 
هاوکێشەیەك هەیە دەمێکە لە کوردستاندا بەرکارە، کە بریتییە لەوەی چەندە نزیك بیت لە دەسەڵاتەوە، بارتەقای ئەوە دوور ئەبیت لە خەڵکەوە، ئێ خواهەڵناگرێت ئێستا سپەیسی نێوان جەماوەر و دەنگدەرانی گۆڕان(تەنانەت زۆرێك لە هەڵسوڕاوانیشی) لەگەڵ ئەم سەرکردایەتییەدا لە بەرینترین ئاستیدایە، ئەمە هیچیشی نەبەدڵ نەکراوە، بگرە زۆر دڵخوازانە و خۆویستانە کراوە، بۆچی تێکیبدەن؟!


*سەرباری ئەوەی کە گۆڕان بۆ چەواشەکاریی بەیت و بالۆرەیەکیتری فڕێ داوەتە ناو ڕای گشتییەوە(لەسەر کارنامەی چاکسازیی حکومەت ڕێککەوتنێکی مەرجدارمان لەگەڵ پارتیی هەیە) و کەچی پێچەوانەی ئەم حەکایەتە ئەبینین لەناو حکومەتدا!


بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە؛ گۆڕان لەسەر بنەمای وەرگرتنی کۆمەڵێك پۆست چووەتە ناو ئەم کابینەیەوە، دەی لەم بارەیەوە تەحەددا ئەکەم یانزە ساڵە دەسەڵات ئەوەندە ڕاستگۆ نەبووە لەگەڵیدا، لەسەر ئاستی هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتییدا هەیە، لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارتییدا پەیوەندییەکانی لە نزیکترین ئاستدایە، لە پەرلەمانیش لەگەڵ پارتیی و یەکێتیی موو لە دەمی یەك دەرئەهێنن! لەسەر ئاستی پارێزگاکانی سلێمانیی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکێتیی هەیە، لەسەر ئاستی مەرز و بازرگانیی زۆر زۆر لەگەڵ هەردوو لایەن ڕێکە و بەڵێنی باشترکردنی پەیوەندییەکانیش دراوە، لە ئاستی گرووپی کۆمپانیاکانی #لۆکاس_ئێجینسی کوڕەکانیش(کە ڕەنگە گرنگترین هۆکاری چوونە حکومەت بێت) زۆر بێ گرفت و پەیوەندییەکان لەسەردەمی زێڕین و مانگی هەنگوینییدان...بۆچی تێکیبدەن؟!


*واز لە ڕای گشتیی بهێنن، ئەزانم زۆرینەی هەڵسوڕاوانی گۆڕان لێو بەبار و هەناسەساردی بەردەم خەڵکن، بیست و چوار کاتژمێری شەو و ڕۆژێك ئەوان دڵیان لە مشتیاندایە تا بەرپرسانی بزووتنەوەکە فەلەت نەکەن، جڤاتەکان لە خانە شێواوتر، خانە لە فراکسیۆن وێرانتر، فراکسیۆن لە تیمی حکومەت بەربادتر، تیمی حکومەت لە دنیا سەر لێشێواوتر، ڕێکخەری گشتیی لە هەمووان بێ ڕوئیاتر... خۆزگە ناخورێت بە هەڵسوڕاوی بەدبەختی گۆڕان لەم دۆخەدا!


بەڵام هێشتا ئەوانەی کە ئیدارەی گۆڕان ئەدەن، پێیان وایە لەسەردەمی کاك نەوشیروان سەرکەوتووترن، بە 12 کورسییەوە قورسایی 24 کورسیی زیاتریان هەیە، پەیوەندیی سیاسیی و لینکی بازرگانییان زۆر باشە، بۆچی تێکیبدەن؟!


*خۆزگە ئەم قسانەی ئێمە لەنزیکترین کاتدا پێچەوانەکەی ئەبینرا، بەڵام سەرنجەکانمان ماون، زۆرمان ووت لەسەر باری ڕێکخراوەیی گۆڕان و هەژموونی کوڕانی کاك نەوشیروان، دارایی گۆڕان و میدیا و چوونە حکومەت و پەیوەندییەکان و جڤاتی دەست و پێ سپییان و خانەی دەرپەڕاندنی دۆستان و ستاف و (تەحالوفی فاسیدین) و زۆر پرسیتر، وەك کەسانێك نیین کە ساڵانێك بێدەنگ و بە ڕۆژوو بوون و چەند ڕۆژێك بەربانگ ئەکەنەوە بە نووسین و پۆستی پڕ لە ماستاو تا پۆستێك وەربگرن، کە وەریان نەگرت دێنەوە و ڕەخنە لە گۆڕان ئەگرن!


تەنانەت بە هیچ جۆرێك نامەوێت بۆچوونەکانی ئێمەومانان بەشداربێت لە یارییەکی ناوخۆیی گۆڕاندا کە دەمێکە کۆمەڵێك بۆینباخ لە مل سەرقاڵن پێوەی، بە بارەکەڵڵای کوڕانی کاك نەوشیروان سەرەتا زەمینەسازیی بۆ چوونە حکومەت و بەبنەماڵەییکردنی گۆڕان ئەکەن و دەستکەوتەکان بۆ نزیکەکانیان ئەچننەوە و دواتر کە بارەکە لار ئەبێتەوە، دێنەوە و بە تووندیی ڕەخنە لە خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەر ئەگرن و ئەیانەوێت پەرێزی خۆیان پاك بکەنەوە!
بۆچی لەبەر ئەم جۆرە بەشەرانە تێکیبدەن؟!


* گۆڕان تاکە مۆڕاڵێکی سیاسیی تێدا نەماوە، هیچ نەبێت با خاوەنی (بەڵێن) بێت، هەرچەندە لە زیانی خەڵکیش بێت!!

 
بۆ مێژوو ئەیڵێم ئەوپەڕی بێ بەڵێنییە و سوونەتێکی زۆر سەیئەیە کە گۆڕان فێری حیزبی کوردیی ئەکات، کە سوور بزانێت یەکێتیی و پارتیی گوشراون لە ئەخلاقی سیاسیی، دارای ئەوەیان نییە کە چاکسازیی و گۆڕانکاریی بکەن، تۆ هەر مل بابدەیت و لەسەر وەرگرتنی قایمقامی شارێك بەهار بێنیتە ئەژنۆ و بڵێیت ڕێبازیی گۆڕانکاریی سەرکەووت، کەچی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردندا بێیتە دەرەوە و چاوشارکێیەکیتر سەرپێ بخەیت!!
بۆچی بە فیکەی ئەمانە تێکیبدەیت؟!


ستەمە لەخۆت و خەڵك و ئەوانیتریش، ئێوە بەردەوام بن و چاوێك بە کۆمێنتی سەر بەیاننامەکانتاندا بخشێنن، جا تێئەگەن کۆمەڵگا ئێوەی تێپەڕاند، تازە کشانەوەتان ڕووداو ناخولقێنێت!



20/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر