لەواشنتۆنەوە!

هادی حەمەرەشید


#لە_یادی_مردنی_مەلا_مستەفا_و_لە_سەرەمەرگی_کابینەی_نۆیەمی_نەوە_میراتگرەکەیدا

چل و پێنج ساڵی تەواو لەمەوبەر مەلامستەفا لە واشنتۆن بوو، ئێستاش مەسروری نەوەی لەوێیە، ئەوێ ڕۆژێ مەلا مستەفا دواڕۆژی تەمەنی خۆی بەڕێکرد، وا ئەمڕۆش نەوەکەی خەریکە خاڵێك دائەنێت و کۆتا ڕۆژی کابینەکەی بەڕێ ئەکات!

 مەرگی مەلا مستەفا بۆ کوڕ و نەوەکانی مردنێکی زەلیلانە بوو،  نزیك بە چوار ساڵ پاش ئاشبەتاڵی (شۆڕش) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.

مەرگی ئەو لە کاتێکدا بوو کە زۆر نەبوو کوردی کوردستانی عێراقیان نابود و نائومێد کردبوو، لە کوردستانی ئێرانیشدا خۆیان بەدناو بوو بوون، چونکە بووبوون بە بەشێك لە دەرباری حەمەڕەزا شا، و دەستیان چوو بووە خوێنی چەندین تێکۆشەری کورد لە ئێراندا!

لە کوردستانی تورکیاش چەند ساڵێك لەوەوبەر سەعید یاڵچیی و د.شڤانیان تیرۆر کردبوو، دیسان لەوێش بەدناو بوون.

لەسەر ئاستی میدیاییش لەسەروەختی ڕێککەوتننامەی یانزەی ئازاردا، مەلا مستەفا گەلێك ناوبانگی پەیداکردبوو، گەورەتریین هەواڵنێر و ڕۆژنامەوانی دنیا گفتوگۆیان لەگەڵ کردبوو، بەشێك لەو پەیامنێر و نووسەرانە خاوەنی دیدگای ئەوتۆ بوون بۆ ڕووداوەکان و ئامۆژگاریی مەلا مستەفایان کردبوو تا لە هەستیاریی بارودۆخەکە تێبگات، بەڵام ئەو زۆر بێبایەخ لەو هۆشدارییانەی ڕوانیی بوو!

موحەممەد حەسەنەین هەیکەل لە ٦ی ئەیلولی ١٩٧٥دا و پاش چەند مانگ لە ئاشبەتاڵ، گفتوگۆی لەگەڵ ئەکاتەوە، بیری ئەخاتەوە کە بە نوێنەرەکەیدا کاتی خۆی هەواڵی بۆ ناردووە کە با ئاگاداربێت ئێران و عێراق پێکدێن، تکایە ڕێگاچارەیەك بدۆزنەوە و مشورێکی خۆتان بخۆن. لێیئەپرسێت: بۆچیی هیچتان نەکرد؟!
بارزانیی ئەڵێ: ئیرادەی خوا بوو!!

نەوشیروان مستەفا ئەڵێ: کە ئەم وەڵامەم بینیی، چیرۆکێکی کۆنی بەبیرهێنامەوە؛ هۆلاکۆ کە بەغدا داگیرئەکات لە خواجە نەسیرەدینی توسیی پرسیی(ئەگەر خەلیفە بکوژرێت ڕاستە دنیا سەرەوژێر ئەبێت؟)
توسیی ئەڵێ(ئەم هەموو سەحابەی پێغەمبەرە لەتوپەت کران، هیچ نەقەوما، بۆچیی بەکوشتنی ئەم دنیا وێران ببێت؟!

هۆلاکۆ خەلیفە موعتەسیم بیللای گرت و بەزۆر گەنجیینەی سەدان ساڵی بنەماڵەی عەباسیی پێدەرهێنا، کە پڕبوو لە خشڵ و دەفری زێڕیین.
خەلیفەیان لە قەفەزێکدا دانا، کاتێك کە برسیی بوو داوای خواردنی کرد. هۆلاکۆ فەرمانیدا کە ژەمێکی گەورە لە زێڕ و گەوهەر و مرواریی بڕازێننەوە و بۆی ببەن.
کاتێك کە دایاننا لەبەردەمی و فەرموویان لێکرد.
خەلیفە ووتی: ئەمە ناخورێت!

ئینجا هۆلاکۆ لێیپرسیی: مادام ناخورێت، بۆچیی کاتێك کە هەواڵت زانیی من لەشکرم سازداوە تا بێمە سەرت، ئەم زێڕەت نەکرد بە دراو و بیدەی بە مووچەی مانگانەی سەربازەکانت و بیاننێریتە سەر ئاوی جەیحون ڕێگەم پێبگرن؟
خەلیفە ووتی: ئیرادەی خوا بوو!
هۆلاکۆ ووتی: مادام وایە، منیش هەر بە ئیرادەی خوا، تۆ ئەکوژم!

لە باوەڕی مەغۆلەکاندا نەئەبوو خوێنی گەورە پیاوان بڕژێتە سەر زەوی، بۆیە هێنایان و لەبادێکیان لێوەپێچا و فەرمانیکرد کە بیسوونەوە و هەڵیگڵۆفن تا ئەمرێت!

بارزانیی بە بێ هیچ بەرەنگارییەك پشتی لە گەلەکەی کرد و ئاڵای سپیی هەڵکرد، ئەگەر بمایەتەوە و بە ئاشتیی بێت یان جەنگ گەلەکەی گورگانخواردوو نەکردبا، ئەبوو بە ئەفسانەی نکولیی نەکراو!
ئەو تاکە دەسکەوتی ئەوەبوو کە(بەختەوەر)بوو لەسەر جێگا و بە نەخۆشیی کۆچیی دواییکرد، بەو حاڵە زەلیلییەیەوە نەکەوتە دەستی سەددام تا ئەویش لەبادێکی تێوەپێچێ و بیفلیقێنێتەوە بە ئیرادەی خوا، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە چارەنووسی بارزانیی وەك پێشەوای سیاسیی و سەرکردەی عەسکەریی لە خەلیفە موعەتەسیم بیللا باشتر نەبوو!

پاش چل و پێنج ساڵی تەواو، ئێستا کە بەشێك لە هەرێم لەلایەن یەکێك لە نەوەکانی ئەوەوە ئیدارە ئەدرێت و بەناویش سەرۆکی حکومەتە یەکگرتووەکەیەتی، خراپتریین کاتەکانی خۆی ئەگوزەرێنێت!

هەرێم بە قەیرانێکی هەمەلایەنەدا تێئەپەڕێت، ناو ماڵی پارتەکەی و هەموو حیزبەکان پڕ لە ئاژاوەیە، لەسەر کورسییەك هەڵنیشتووە کە وەختە بڵێین کەس لەسایەیدا ئارام و دڵنیا نییە لە ئایندەی، قەڵەمڕەوییەکەی لەژێر هێرشی سایبەریی و درۆن و  ڕۆکێتدایە، سیخناخە بە گەندەڵیی و دزیی و سەرانە سەندن، خۆی و هاوبەشەکەی زەوی شارە گەورەکانیان تاڵانکرد و لەلایەن کوڕ و شازادەکانیانەوە کران بە سیتیی و سەدان هەزار مووچەخۆر نەك لەو زەوییانەدا بەشیان نییە، بگرە تەنیا چاوەڕێی مووچەکانیانن و نییشە!

کۆتایی دەسەڵاتی کابینەی نۆیەم، هاوکاتە لەگەڵ هێرشە چڕەکانی دادگای باڵای فیدراڵییدا، کە بێ ئەندازە مایەی خۆشحاڵیی خەڵکی کوردستانە.

مەسرور بارزانیی کە نەوەی سێیەمی بارزانییەکانە، جگە لەوەی کە ماوەی یاسایی دەسەڵاتە چوار ساڵییەکەی تەواو بووە و سەرۆکی کاربەڕێکەرە، سەرباری خۆی، مانەوەی قەوارەکە و بەردەوامیی دەزگا دانپێدانراوەکانیشی خستووەتە گرەوەوە و چارەنووسیان بە نادیاریی ماوەتەوە!

هەواڵەکان لە واشنتۆنەوە لە چل و پێنج ساڵ لەمەوبەر خۆشتر نین بۆ بنەماڵە و لایەنگرانی پارتەکەیان، بە گوێرەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان دەسەڵاتدارانی ئەمریکا سەرزەنشتی مەسرور بارزانییان کردووە لەسەر ئیدارەدانی کابینەکەی، لەبارەی گەندەڵی ماڵیی و ئازادیی ڕادەربڕین و ناڕەزایی هاوڵاتیانەوە هۆشدارییان پێداوە.

لە پەیوەست بە پەیوەندییەکانی ناوەند و هەولێریش، داوایان لێکردووە کە بیر لە پێکهاتن و چارەسەری دەستووریی بکەنەوە.
کە ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ دووپاتکردنەوەی پشتگیرییە بۆ دادگای فیدراڵیی و جووڵەکانی ئەم دواییەی.

01/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر