ناچارین چەند پرسیارێك لەبارەی«پول»ـەکەوە بکەین

هادی حەمەرەشید
* بیرتان لەوە کردووەتەوە کە پاپا بە شێوەیەکی فەرمیی سەردانی وڵاتێکی کردووە کە ناوی عێراقە، دروست کردنی پولێك کە وێنەی پاپای لەسەر نەخشێنراوە و نەخشەیەکی نیوەناچڵی کوردستانی دابەشکراوی لەسەرە، چ گرنگییەکی هەبوو؟!
لەکوێوە سەرچاوەی گرتبوو؟!
بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو، یان میزاجی کەسیی وەزیرێکی مەسیحیی بوو؟
* ئەگەر بڕیارە لە چوارچێوەی ڕەدکردنەوەی ئەو نەخشەیەی کە ئێستا بەرقەرارە و سنووری وڵاتانی دیاریی کردووە کارئەکەین و پێمان وایە بەشێك لەو وڵاتانە خاکی ئێمەیە و خەبات بۆ دەستخستنەوەیان ئەکەین، کەواتە پێویستە سەرەتا هەرێمی کوردستان لە نفوزی ئێرانیی و تورکیی و سوریی پاك بکەینەوە ئینجا دەست ببەین بۆ کرماشان و دیاربەکر و قامیشلۆ و سنە و شەرناخ و تاد...
مەعقولە ئەوان دار و نەداری ئێمەیان بە دەستە، کەچی بتانەوێت بەم هەنگاوە ئابڕوبەرانە قەرەبووی بکەیتەوە؟!
دروست لە دیمەنەکانی درامای ماڵ بە کۆڵ ئەچێت، کاتێك پیاوێکی دەوڵەمەند دوو پیاوی نەداری ئیفلاس کردبوو، کەچی یەکێك لەوان پێشنیاری بۆ هاوڕێکەی ئەکرد تا بچن تەمبێی بکەن و دەرسێکی دابدەن کە هەرگیز بیری نەچێتەوە.
ئێ باشە چی بکەن؟
کابری لات ئەیووت: ئەچین جەرەسی ماڵەکەیان لێئەدەین و هەڵدێین!!
* پەرچەکرداری دژ لە کوردستانەوە؛ چوارچێوەیەکی وێنەیی لە فەیسبووك دروستکراوە و نەخشەی کوردستانی لەسەرە و نووسراوە #لەدڵماندایت، شەڕ کێ دەستی پێکرد؟ 
دۆستەکان و بەکرێگیراوەکانی تورکیا و ئێران.
کێیان توڕە کرد؟
کارداش و ئاغاکانیان.
دەی من بۆچی بکەومە هەلەکە سەماوە و خۆم دوڕدۆنگ بکەم و دەست بە شیعاراتی ئێڵنجهێنەری قەومگەرایی بکەم؟!
ئینجا هەندێکیتر بەوەشەوە نەوەستاون و هاتوون ئەڵێن هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی «کوردایەتیی»ـیان فەرامۆش کردووە و ئێمە باشتر ئەتوانین نوێنەرایەتیی کوردایەتیی بکەین!
ئەمە بۆ خۆی گەورەترین سەپۆرتە بۆ دەسەڵاتی کوردیی، چونکە هەموو دروشمبازییەك ئاوکردنە بە ئاشی دەسەڵاتدا، جیاوازیی تۆ و ئەو چییە؟ هەردوولاتان خەریکی حەکایەتی مێشن، کە باشترین خزمەتە بەو دەوڵەتانەی کە کورد تیایدا چەوساوە و ژێر دەستە.
مەعقولە من دیموکرات یان کۆمەڵە بم، خەریکی شیعاراتی قەومیی بم، خەریکی هۆندنەوەی دروشمبازیی دەوڵەت و دەروێش و نانخۆری سەرانی هەرێم بم کە ئەوانیش نانخۆر و دەروێشی ئێران و سەرانی کۆماری ئیسلامی بن؟!
یان خۆمم پێ دژە تورك بێت، لە ڕووداوەوە هەواڵ تەرخان بکەم بە شڵەژان و شپرزەیی حکومەتی تورکیا لەسەر پولێك، بەڵام لەگەڵ سوپاکەیدا شەڕی بەرەیی بکەم دژ بە هاوزمانانم؟!
وەك مەیمون سەما بکەم لەبەردەم سۆپەرتیرۆریست #نەسر_حەریریی ـدا!!
ئەوەی ناوی«کوردایەتیی» و بەیت و بالۆرەکەیەتی، کۆمەڵێك ئەکادیمیست و تازەپیاکەوتووی ماستەر و دکتۆرا لەسەری ئەخۆن و ڕێگایان پێئەدرێت کە لە زانکۆدا وانە بڵێنەوە و قۆزاخەی«مامۆستای زانکۆ» بکرێت بە ناونیشانیان، بکرێن بە سەرۆك بەش و بڕیاردەر و ڕاگر و سەرۆکی زانکۆ و شتیتریش!
کۆمەڵێك دوکانی سیاسیی لە هەر چوار بەشی کوردستان لەسەری دابەستە کراوە، هەڵتەك هەڵتەك هەموویان ژاوە ژاوەکەیان کۆئەکەنەوە و ئەیبەستن بە چمکی جامانەکەی بارزانییەوە و ئەو خاڵی کۆکەرەوەی هەموویانە، کە خۆشبەختانە ئەویش ئەوەندە حەقیرکراوە کە بە تکا و پاڕانەوە هەلی چەند خولەکێك بینینی وەفد و نێردراوەکانی پێئەدرێت!
بۆ تەییارکردنی زیاتری نوخبەی نەتەوەگەرا و هەڵخەڵەتاندنی شەقامی سادەدڵی نیشتیمانپەروەرانە، لە کاتێکدا وەك ئاماژەمان پێدا بۆ یەکەمیان بوئرەی خۆدەوڵەمەندکردن و ژیانی ڕەفاهییەتە و بۆ دووەمیان مەینەتباریی.
دەی ڕەوایە من کە یەکەمیان نابم، ببم بە دووەمیان و نائاگا خزمەتی سیاسەت و هەنگاوەکانی ئەوان بکەم؟!
 

13/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر