سەردەشتێکی گوڵ‌و گەڵا..پێنوس پۆڵا بوو بە بەڵا

سۆران محەمەد غەریب

  بە بایەخترین ئەو ئەرکانەی دەکەوێتە ئەستۆی ڕۆژنامەنوس گەیاندنی پەیامی پیرۆزە لە ڕێگای ئەو گوتارانەی دەیخاتە بە دیدەی خەڵکی و سەرچاوەکەشی هەست و هزرە ... لەم سۆنگەیەشەوە دەبێت پەیام ڕوون و ڕاشکاو بێت نەک شاراوە و پەنهان کراو...
   لێرەدا قسەم لەسەر کەسانێک نیە کە بە ناوی ڕۆژنامەنوسی و کاری ڕۆژنامەکاریەوە خۆیان خستۆتە ژێرچەتری حیزبەکان ولە پاڵ بەرپرسانی سیاسیەوە بە ناشیاوترین شێوە ئەم ئەرکە هەڵدەگێڕنەوە بۆ سەر ڕاستەهێڵی بەرژەوەندی خودی خۆیان تا ئەو ڕادەیەی ئامادەگی ئەوەیان تیادایە ببنە پەردەپۆش و قەڵغان بۆ شاردنەوەی هەموو جۆرێک لە ستەم، قۆرخکاری، گەندەیی و گەندەڵی. یاخود خۆیان نابینا دەردەخەن دوور لە هەموو ئاکار و ڕەوشتێکی مرۆڤانە و دەکەونە چێوەی سازش کردن لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ژیان و خەمی هاوڵاتیان، بەو مەبەستەی تا لەم ڕێگایەوە بتوانن دەستکەوتی تاکەکەسی خۆیان بە دەست بهێنن نەک ئامانج و چاکەی گشتی.
   لە هەرە دیارترین ئەو پێنوسانەی کە هەڵگری مەزنترین پەیام بوو وە نوسەرێکی بوێر و تازە هەڵکەوتووی قۆناغی خۆی بوو ئەویش شەهیدی جوانەمەرگ( سەردەشت عوسمان)ە، تەنانەت لە بڵندگۆ و سەری قوچەکی ڕۆژنامەنوسیدا دەیبنین. بەڵگەش لەسەر ئەمە چەند لایەنێکە کە دەخوازێت لێکدانەوەی زانستیانەی بۆ بکرێت لە ڕووی کاری ڕۆژنامەگەرێتی:
یەکەم/ ڕۆژنامەکارێکی نادیار پەیام بدات بە گوێی ستەمکارترین دەسەڵات.
دوەم/ پەیامەکە گوزارشتکردن بێت لە ئازار و خراپی ژیانی خەڵکی بەرامبەر دەسەڵاتێکی بێدەربەست و بێباک.
سێیەم/ پەیامێک هێندە کاریگەر بێت ...!! دەسەڵات ناچار بکات کە هەڵسێت بە گەڕان و پشکنین و لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی خاوەن پەیامەکە.
چوارەم/ ڕونبونەوەی ئەو لایەنەی کە دامودەزگا و ناوەندەکانی خوێندن خەمساردن لەبەرامبەر ژیانی کەسێک.
پێنجەم/ دەسەڵاتێک والێبکات لە بری گوێگرتن لە ناوەرۆکی پەیام...!!! کار لەسەر ڕوکەش و ڕوکار بکات و زیاتر ڕووی ڕاستەقینەی خۆی بۆ هاوڵاتیان دەربخات.
شەشەم/ لە هەر هەموو ئەمانە گرنگتر مرۆڤێکی هەست ناسک و لاو لە سەرەتای هەستیارترین قۆناغی تەمەنیدا بە توندترین پێنوس لە ڕێگای نوسینەوە بجوڵێت لە ڕووی ستەمکارترین دەسەڵات ...!! لە ئاکامدا بەر شاڵاوی ئەشکەنجە و لە ناوبردن ببێتەوە.
   هەر هەموو ئەمانە مانابەخشن بەوەی کە ڕەقترین پەیام و پڕ ناوەرۆکترین بابەت کە بە پێنوسی کەسێکی خوێندەوار نوسراوە بگاتە دەستی دەسەڵات. ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر لەسەراپای جیهاندا ئەم گوتارە لە لایەن کەسێکی ڕۆژنامەکارەوە بگەیشتایە هەر دەسەڵاتدارێک بەمەرجێک باوەڕی بە پایەکانی دیموکراتیەت و مافی مرۆڤ هەبێت، دەمودەست لێکۆڵینەوەی لەسەر ناوەرۆکی گوتارەکە دەکرز نەک لەسەر نوسەرەکەی. کەچی لە وڵاتی ئێمەدا لەبەر ئەوەی دیموکراتیەت تەنها دروشمێکی ساختەی دەسەڵاتە، بۆیە بەرگەی ناوەرۆکی گوتاری ئا لەو چەشنە ناگرێت و ئەوەی ئیشی پێ ناکرێت یاسا و مافە.
دەسەڵاتێک خەونی گەنجێکی خوێندەوار و پڕ لە هەستی لە لا تاوان بێت...!! لە کاتێکدا نیشتمان و سامانی گشتی بە دەست بەرپرسەکانیەوە تاڵان کرابێت ...!! هەناسەیەکی بۆ ئازادی تیا نەمابێت ...!! یەکسانی و دادپەرەوەی قەوانێکی کۆن بێت ...!! ئێستا و ئایندە و چارەنوسی هاوڵاتیان لە  لایەن باڵادەستەکان بە دوژمنان فرۆشرابێت ...!! خۆیان لەلای خەڵکی لا پاڵەوان بێت ...!! لەبەردەم دوژمنیشدا سەرکز و بێدەسەڵات بێت...!! 
   ڕاستیەکە ئەوەیە شەهید سەردەشت دەیزانی بە نەرمی کەس گوێ لە گوتارەکەی ناگرێت، ناچار بە ڕەقی و بە پێنوسێکی پۆڵاینەوە گوتاری خۆیدا بە گوێی دەسەڵاتی کوردی لە باشوردا، وێڕای ئەوەی چارەنوسی خۆی لێ دیار بوو کە تەنها بە گیان و ژیانی خۆی دەتوانێت پەیامەکەی بگەیەنێت. دڵنیاشم بە کۆتایی ژیانی ئەو لاوە خۆبەخشە ... بەڵا بەسەر دەسەڵاتی کوردیدا دادەبارێ و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گیانی بەرەنگاربونەوە لە دژیان بەهێزتر دەبێت، تەنانەت سەدەها دەنگی دلێر و بوێری تر دەردەکەون و بەردەوامیش مەشخەڵی ڕۆژنامەکاران بەتینتر دەبێت.

07/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر