(لاهور جەنگی) لە شایکردنەوە بۆ شینگێڕان

سۆران محەمەد غەریب
   لە کوردستاندا هەر پاڵەوانێک دەرکەوتبێت ستەمکاری سەردەمی خۆی بوە، هەتا دەسەڵاتی هەبوە بە ڕاست و بە چەپ چی ویسبێت ئەوەی کردوە ... ئەوەی لە توانایدا بوبێت بەرامبەر خەڵکی ئازادیخواز و زەوتکراو و بێ پشت پەنا کردویەتی و درێغی نەکردوە.
   زۆرینە هەرە زۆری سەرکردە سیاسی و سەربازیەکان لە کوردستانی باشور(لێرەدا مافی ئەوە نادەم بە خۆم بڵێم هەر هەمویان، چونکە ڕەنگە هەندێکیان تیادا مابێت لە سوچ و پەنایەک یان لە زاری هاوڵاتیانەوە ناویان بهێنرێت کە لەبەرەی مافخوراوان و ستەملێکراوان بون) ئەوەی ناشێت و ناگونجێت دەرهەق بە هاوڵاتیان ئەنجامیان داوە.
   هەموان ئاگادارین ئەم بەناو سەرکردانە ئەگەر سەرنجیان لێ بدەین، بۆمان دەردەکەوێت تەنها ئەوانەیان لەگەڵدا بوە (جا بەخوێندەوار و نەخوێندەوارەوە بە ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیرەوە بە شانشین و گوندنشینەوە) کە پێهاتون لە کۆمەڵە کەسانێک یان دەستەیەک یان دەستەبژێرێک کەوا پاشکۆی خۆیان بون وە بەڕێگایەکی ئاشکرا یان شاراوە سومەندبوون و کەڵکیان لە دەسەڵاتیان وەرگرتوە یاخود تا ڕادەیەکیش هەندێ خەڵکانی کاڵفام یان هەڵخەڵەتێنراو یاخود ساویلکە و لەخشتەبراو وەدویان کەوتون، دەنا هەر کامێکیان بگریت و بیخەتە ژێر لێکۆڵینەوە و تاوتوێی کردارەکانیان بکەیت تاکیان لێ قوتار نابێت.  بەوەی لەو قۆناغەی جڵەوی فەرمانڕەوایەتی لەدەستدا بوە، ئەوەی ویستبێتی ئەوەی کردوە نەک ئەوەی ئاوات و خواستی هاوڵاتیانی ئازادیخواز و سەرڕاست و دڵسۆز بوبێت.
   هەر هەمان ئەم خاوەن دەسەڵاتانە کە تەواوی کایەکانیان لە دەستدا بوە بەتایبەتی دەزگاکانی بەناو ئاسایش(ئینجا بە ناوی جیاجیا و هەمەجۆر)  کەوتونەتە وێزەی خەڵکی بە بەندکردن و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و مانگرتنەکانی فەرمانبەران و مامۆستایان وتەواوی چین و توێژەکان... تەنانەت کوشتن و ئازاردانی ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندکاران و ئەوەی ناشێت ئەوەیان کردوە. وەلێ جێگای سەرسوڕهاتنە لە هۆیەکانی ڕاگەیاندنیش وا خۆیان نمایش دەکەن کە لەگەڵ داواکاری و خەمی هاوڵاتیاندان.
   سەرباری هەر هەمو ئەم کارەساتانەی بەسەر هاوڵاتیانیان هێناوە ئەم خاوەن بڕیارانە کاتێک کاریان لە کار دەترازێت و لە دەسەڵات نامێنن یان لە لایەن بەرپرسە گەورەکانەوە پەراوێز دەخرێن، ئیتر لەبەر هەرچیەک بێت یان بۆ چ مەبەستێک بێت..!؟ یەکسەر ڕاستە و ڕاست سەد و هەشتا پلە هەڵدەگەڕێنەوە و دێنە بەرەی خەڵکی و داواکاریە ڕەواکانیان. کورد گوتەنی : (وەکو ئەوەی نە بایان دێبێت و نەباران) وەکو بڵێین لە پێشودا ئەوان هەر لەگەڵ خەمی خەڵکیدا ژیابن و بە تەنگ ئازارەکانیانەوە بوبن و خەڵکی خۆیان لەخۆیانیان دابێت و خۆیان بەپێی خۆیان چووبنە زیندانەوە و لە ناو یەکدا مافی یەکتریان خواردبێت...
   دوا شانۆنامە و نمونەی ئەم جۆرە دەسەڵاتەش (لاهور شێخ جەنگی)ە کە لە ورد و درشتی بەسەرهات و بابەت و ڕوداوەکان قسە دەکات و لێدوان دەدات تەنها لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی سۆز و هەستی خەڵکی ڕابکێشێت و جەماوەر لە چێوەی ئەو بازنەیەدا کۆبکاتەوە کە خۆی چەقەکەی بێت.
   ئەم بابەتەم بۆ ئەوە نیە دوور بێت شتی ناپەسەند بخرێتە پەنای ناوبراو، ئەمەش لەبەر دوو هۆ: یەکەم/ سروشتی من نیە قسەی نابەجێ بکرێت لەسەر هەر کەسێک بکەم بە تایبەتی لە ڕێگای گوتار نوسینەوە. دوەم/ تا بەرچاوڕوونی بکەم لەسەر ئەو ڕاستیانەی کەسانی تر بە شێوازی تر دەریدەبڕن و پیادەی دەکەن بە شێوازێک خەڵکان و هاوڵاتیان بە کینەی تایبەت و ڕقی تایبەتی و کەسێتی لێکی دەدەنەوە و باوەڕیان پێ ناکەن، بەڵام من لەم ڕێگایەوە بە شێوەیەکی زانستیانە و ڕەوان شتەکان زەق دەکەمەوە لەبەردەم خوێنەر. ئەگینا ئەوەی ئەو دەسەڵاتە کردویەتی بە هەزارەها هێندەی تر وتراوە لە قسەی ناشیاو و جنێودان و هێرشی زارەکەی ساڕێژ نابێت و تیمار ناکرێت، بەڵکو دەبێت سزای هەر هەمویان بە کردەوە بدرێت و ڕیشەکێش بکرێن.
   دەبێت هاوڵاتیانی کوردستان و خەڵکی ستەمدیدە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخانەدا بکەن، بەوەی لەوە بگەن هەر بەرپرسێک لەمانە هەتاوەکو گڵۆڵەیان نەکەوێتە لێژی و کانی ئاویان وشک نەکات و دەستیان کورت نەبێتەوە جەماوەر و هاوڵاتیان لەبیر نیە.
   چەندین بەڵگە هەن کە خەڵکی کاڵفام ئاویان دەکردە ناو ئاشی بێ باراشەوە لەوانە لەکاتی ناشتنی تەرمی(نەوشیروان مستەفا) لە گردی زەرگەرتە لە ٢٠١٧ کاتێک لاهور جەنگی هاتبوو بۆ ناوەندی بۆنەکە سەدەها بەناو گۆڕانخواز و هەڵسوڕاو هات و هاوار و دروشمی پیاهەڵدانیان بۆ ناوبراو بوو بەوەی (ڕێکەوتنەکەی دەباشان) جێبەجێ بکرێت، ئا لەو کاتەدا بە چاوی خۆم بینیم و گوێم لێ بو کاتێ تێبینیم دەکرد ... چۆن ئەو خەڵکە هێندە بچوک بیردەکەنەوە و سەرلێشێواو و ڕابردوو لەبیرکەر بوون ..؟؟ بەوەی چەندین ساڵ ئەم کەسە بەرپرسی یەکەمی توندووتیژترین و سەرکوتکەرترین دەزگای ئاسایش و دژە تیرۆر بوو بە تایبەتی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣ لە بنکەی سندوقیەکانی هەڵبژاردنەکان لە ناوچەی(ئەلبیسەکە)ی سلێمانی هەڵیکوتایە سەر هەڵسوڕاو و نوێنەرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە ناشرینترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا کرا تا ئاستی هێنانە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بەزۆر قسەپێکردنیان تا ساختەکردنەکانی دەسەڵاتدارانی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکان بشارنەوە. هەروەها لە خۆپیشاندانە یەک لەدوای یەکەکانی شاری سلێمانی و گەرمیان لەو کاتەدا دەیەها و سەدەها کەس ئازار و ئەشکەنجەدران و گیران و بەندکردکران لە کاتێکدا تەواوی دەزگاکانی ئاسایش لە ژێر فەرمان و بڕیاری ناوبراودا بون.
   هەر ئەمانە نا، بەڵکو سەدەها تاوان لە ژێر سایەی ئەم بەرپرسە ئەنجامدراوە و کراوە تەنانەت بە بەڵگەوە لامان هەیە کاری لەسەر بێدەنگ کردنی کەس و خزمی نزیکی خۆی کردوە لە هەڵدانەوەی گەندەڵیدا یان. سەرەڕای ئەمانەش بەفێڕۆدانی سامانی گشتی و کردنی بەناوی کەسانی تری نزیک خۆی و دامەزراندنی ئەوانەی کە سەربەباڵی خۆی بون بە شێوەیەی لابەلا، بەمەش دەردەکەوێت ئەم و تەواوی بەرپرسەکانی تر خۆیان بکەری سەرەکی هەموو ئەو تاوانانەن کە بونەتە مایەی ماڵوێرانی و پاشەگەردانی بۆ خەڵکی کوردستان لە باشوردا.
   بۆیە ژیرێتی هاوڵاتیان لەوەدایە بە قسە و بەڵێن و هاوسۆزی نیشادانی ئەم بەرپرسە و هیچ بەرپرسێکی تر تەفرە نەخۆن و نەکەونە ژێر کاریگەری وتە بێ ناوەرۆک و دوور لە کردارەکانیان.



22/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر