ئیسماعیل خەیات: دەستێک بۆ تکا و یەکێ بۆ نزا

سۆران محەمەد غەریب
هونەر جیهانێکی تایبەت بە خۆی هەیە بە دیاریکراوی هونەری تابلۆ و ڕەنگ.. بەرلەوەی خەڵکی لێی تێبگەن.. خاوەنەکەی دەزانێت هەڵگری چ مانایەکە و لە پێناو چیدایە دەینەخشێنێت...؟؟ بەشێکی گەورەی پێشکەوتنی گەلان لە هونەر و ئەدەبەوە سەرچاوەی گرتوە دواتر پێی ناوەتە قۆناغەکانی تری گەشەکردن و بەرەوپێشچونەوە هەروەکو لە ئەوروپادا ڕێچکەی گرت و هاتە ئاراوە لە ڕێگای تازەگەری و ڕاچەنین(ڕێنیسانس)ەوە. بەوەی لە ڕێگای هونەر و ڕۆشنبیریەوە کۆمەڵگایان لە قۆناغێکەوە گەیاندە ئەو قۆناغەی کە ئێستا پێی گەیشتون. 

ئەوەی دەبێتە پێوەر بۆ ئاستی ڕۆشنبیری خەڵکی و هاوڵاتیان بەلایەک، بەلایەکی تریش ڕووی دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکانت بۆ دەردەخات ... بایەخدانە بەم لایەنانە بەو پێیەی هەر کاتێک دەسەڵاتدار ئاستی ڕۆشنبیری بەرز بوو، ئەوا هونەر برەوی دەبێت و خودی خاوەنەکەی هەستی پێدەکات و دەگاتە باڵابوون. لەو ساتەوەختەشی لە لایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانەوە فەرامۆشکرا و وەلانرا..! گومان لەوەدا نامێنێت بەر لە هەر کەسێک ناخی خاوەن هونەر وێران دەکات و دایدەپێنێت.

هونەری شێوەکاری یەکێکە لە هونەرە هەرە دیار و کاریگەرەی سەراپا وڵاتە پێشکەوتوەکان لە سەدەکانی پێشو تاوەکو ئێستاش جێگای بایەخپێدانیانە... کەم لە ئێمە ناوی (دافینشی - بیکاسۆ – ڤان گوخ) چەندینی ترمان نەبیستبێت بە تایبەتی نەوەی کۆتایی سەدەی ڕابردوو کە هەمیشە بە دوای ئەو هەواڵانەوە بووین کە باسی لە هونەر و ئەدەب و مۆسیقا دەکرد و خولیای خوێندنەوەی هونەری پرشنگداری ئەو مرۆڤە باڵایانە بووین. تەواو پێچەوانەی ئەم قۆناغ و سەردەمەیە کە هیچ مانایەکی پڕ ئەرزشانەی شیاو نادرێتە خاوەن هونەر و بەرهەمەکانی.

نمونەی پێشومان هێندە زۆرن لە خەمساری و گوێ پێنەدان ... گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی هەر لە باسکردن نایەت وەها بێزارکەرن. تەنانەت لە کاتی ئەم نوسینەمدا تەواو ناخ ڕوخاو و بێ هیوام لە هەموو ئەو ئاواتانەی کە تیامدا هەڵدەقوڵێت و کوڵ و کەف دەکات.
   لێرەدا و لەو زۆرەی کە لە هەناومدا پەنگی خواردۆتەوە و کەمێکی باس دەکەم ... ئەویش بۆنەی دواکۆچی گیانی بەرزەفڕی مامۆستایەکی مەزن و بەهرەدار و بەهاداری ناوەندی هونەرە ئەویش مامۆستا(ئیسماعیل خەیات)ە کە بەداخێکی زۆرەوە هێندەی تر برینەکانی ترمی کولاندەوە لەکاتی بینینی هەواڵی مەرگە جەرگ بڕەکەی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. دەتوانم بڵێم ئەم مرۆڤە شێوەکارە لە پلەیەکی بەرزی هونەریدا بوو ئەگەر ناوزەدی بکەین بە (ڤان گوخ)ی کورد، هونەرەکەی هێندە پێشکەوتو بوو دەخوازێت شێوەکاران لەسەر ڕێچکەکەی بڕۆن.  

مامۆستای ناوبراو لە هەرە ڕەسەنترین و کەسە بەرچاوەکانی بواری هونەر بوو نەک بە تەنها لە کوردستاندا، بەڵکو لە زۆرینەی دەوڵەتانی عەرەبی و ئەوروپا سەراپای جیهان کە بەوەی تابلۆکێشێکی کەم هاوشان بوو لە دەیەها وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا ناوێکی درەوشاوە بوو... بە پێی ئەوەی بە شێوەی جۆراوجۆر تێکەڵاوی و ناسیاوم هەبوە زۆرم هەیە لە بارەی نەک هەر خودی خۆی، بەڵکو لەگەڵ خانەوادەکەشیان ئەگەر تەمەن مەودا بدات بەم نزیکانە بەدەر لەم گوتارە نوسینێکی بۆ تەرخان دەکەم لە ناو هەژمارەکەی خۆمدا تا کەمێک لە مێژو و ڕوداو باس بکەم کە پێویستە قسەیان لەسەر بکرێت.

مامۆستا(ئیسماعیل) وەکو مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی خاوەن هونەر و توانا و سەلیقەیەکی لە ئەندازە بەدەر بوو، لە هەمان کاتیشدا سروشتێکی زۆر جوانی هەبوو کە خەسڵەتی ڕێزداری و میهرەبانی و هەست پاکی و دڵسۆزی بوو، سەرباری ئەوانەش هەتا باس بکەین هێور و لەسەرخۆ بوو... دەتوانم بڵێم کەم کەس هەڵدەکەوێت ئەم سروشتانەی تیادا کۆببێتەوە و ئەم جۆرە جوانیانەی هەڵگرتبێت لە یەک کاتدا.
   ئەوەی شایانی گوتنە و پێویستە باس بکرێت، وێڕای ئەوەی بوونی ئەم پیاوە خۆی گەنجینەیەک بوو هەرگیز پێناسە ناکرێت، بەڵام لە دەستدان و نەمانی چەندین جارەی بونەکەی ئازاربەخشە لەوەش بە ئازارتر ئەو کەمتەرخەمی و فەرامۆش کردنەی خەڵکی بوو بۆ ئەو کەسایەتیە لە کاتی بەخاکسپاردن و پرسەکەی. کە هەر دوورە وڵاتیەوە ناخی شیتەڵ کردم و دڵم قوڵپی دەدا بۆی کە هەم ڕووی دەسەڵاتە ستەمکار و بێ بەرهەمەکەی باشووری دەرخست لە بەرامبەر هونەر و ڕۆشنبیری، هەم بێ مروەتی و بێ ئەمەکی لە لایەن خەڵکی و هاوڵاتیانەوە.

لێرەدا دەپرسم ئەگەر ئەوە بەرپرسێکی گەندەڵ و دز و داوێن پیسی خاک فرۆش بوایە یاخود دەوڵەمەندێکی هەڵتۆقیوی دەستی بەرپرسانی گەندەڵ ...؟ بزانە چەندین ئۆتۆمبێل و خەڵکی دەچونە سەر ئارامگا و پرسەکەی  جمەی دەهات و خەڵکی تەنها بۆ ناو و باسکردن و خۆدەرخستن دەچونە سەر ئارامگا و بەخاکسپاردن و پرسەکەی تاوەکو لە دوایدا باس بکرێت فڵانە کەس و فیسار کەس لەوێ بوە و سەرەخۆشی خۆی لێکردوە بینیویانە.

تابلۆیەکی مامۆستای گەورە سەروماڵ و سەرمایەی تەواوی بەرپرسەکان و دەوڵەمەندەکان و پاشکۆکانیان دێنێت... تەنها یەک سەرە فڵچەی بێ نازکەوتو و بەجێ ماو لە ژوورە ساردوسڕەکەیدا سەراپا کاسەی سەری زلی بێ بیرکردنەی بەرپرسانی نابەرپرس دێنێت.

ئەوە ماوە کە بڵێم  مامۆستا گیان .. ئەو دەستەت کە بەرزت کربوەوە لە ساتەوەختی خۆرنشین و بەرامبەر گڵەزەردە ئەگەر ڕەش دەرچوە، بەڵام لە لای ئێمە دەستێکی ڕەنگینی ئاوێزەیە و هەموو ڕەنگەکان دەنوێنێت. 

ئەو دەستەی ترت کە تابلۆکانت پێ دەنەخشاند دەستی نزایە بۆ گیانی بێ نازەکان هانای خۆی بۆ هەموو دڵەکان دەهێنێت.

25/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر