(ئێن ئاڕ تی) وشاسوار.. خوێنی یەک دەمار

سۆران محەمەد غەریب

   ئاشکرا و زانراوە ئەرکی گەیاندنی هەواڵ و ڕوداو و بەسەرهات و  زانیاری هەمەلایەنە دەکەوێتە ئەستۆی کەسانێک کە پیێان دەوترێت نوسەر و ڕاگەیاندکار ئەمەش لە ڕێگای جۆرا و جۆرەوە دەکرێت هەر لە ڕۆژنامە و گۆڤارەوە سەرچاوە دەگرن تا دەگاتە کەنەڵەکانی تەلەفزیۆن. ئەگەرچی ئەم جۆرە هۆکارانەی ڕاگەیاندن ڕیشەیەکی مێژووییان هەیە و تەنانەت باسکردنیان لە پەلەوپۆی جیاجیاوە کاتێکی زۆری دەوێت ، وەلێ ئەوەی ئێستا مەبەستمە ئەو کەناڵەیە کە پێی دەوترێت (کەناڵی سەربەخۆ).
   ئەگەر ڕاستۆیانە و بە مروەتەوە قسەبکەم لەبارەی کەناڵەکانی باشور دەتوانم بێ دوو دڵی بڵێم کەناڵی(NRT) لەهەرە کاریگەرترین کەناڵەکانە و ناتوانرێت ئاستی بەرپرسیارێتی ئەم کەناڵە بە دیدە نەگرین لە گۆڕەپانی کاری ڕاگەیاندندا. ئەمەش لەبەر گرێدراوی لەگەڵ گواستنەوەی بەسەرهات و ڕوداوەکان هێندەی پەیوەست بێت بە مەودایەکی دیارکراو لە ڕابردودا ، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جیاواز بەمە کەناڵەکانی تر لەسەر بنچینە و ئامانج و بەرژەوەندی حیزبی دروست بون و لە ژێر چاودێری تەواوی بڕیاردەران و باڵادەستەکانن. بەشێوەیەک هێندەی ڕەنگدانەوە و گوزارشتکارن لە ئاراستەی ئەو لایەن و حیزبانەی کە دایان مەزراندون تۆزقاڵێکی ئەمە هەڵقوڵاوی ئەندێشە و داواکاریەکانی خەڵکی  و کۆمەڵگا نین.
   زەمینەی هاتنە ئارای ئەم کەناڵە جیاوازی هەیە کە ساڵی (٢٠١٠)ە زیاتر دەرکەوتنەکەی لەو قۆناغە هەستیارەدا بوو بە دیاریکراوی لەسەروبەندی پەخشەکانی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە تەواوی ئامادەگی لە ناو خۆپیشاندانەکانی (١٧ شوبات) و ڕۆژانی دوایی ... پەیتا پەیتا بەم شێوەیە بوە مایەی متمانە پێ کردن.
  هەر هەموو ئەمانەش لەسەر بنەمای دروشمی(ڕاستگۆیی - هاوسەنگی – بوێریی)بوو...
  قسەکە لێرەدا ئەمەیە : ئایا تا چ ڕادەیەک کار بەم دروشمە دەکرێت لە قۆناغی ئێستادا ...؟؟؟
   شتێکی سروشتیە کاتێک حیزب بڕیار بدات بە کردنەوەی کەناڵی حیزبی و کارنامەکەی ئەوە بێت هەرچی بەرژەوەندی حیزبەکە بخوازێت ئەوە بکات ، چونکە لەگەڵ ئەم کارەر نادروستەشدا خەڵکی کوردستان دەزانێت کردنەوەی کەناڵێکی حیزبی مانای چیە و چ مەرامێکی لەپشتەوەیە ...؟؟؟ بەڵام ئەوە سروشتی نیە کەناڵێک لەسەر بنەمای سەربەخۆ دامەزرابێت ، کەچی لە پڕێکدا لەسەر ڕێڕەوی بنەماکانی سەربەخۆیی لابدات سەرئەنجامیش بچێتە ناو قۆزاخەی بە حیزبی کردنەوە...!! 
   پێویستە بپرسین : ئایا ئەم کەناڵە وەکو ڕابردوو ماوە..؟ بە تایبەتی کاتێک دامەزراندنی لەسەر سێکوچکەی((ڕاستگۆیی - هاوسەنگی – بوێریی) بوە ...!!!
لەسەر ئەم دروشمە سێ سەرنجم هەیە :
یەکەم/ ڕاستگۆیی : کەناڵی سەربەخۆ پێویستی بە هیچ ڕونکردنەوەیەک نیە ئەویش بە بەڵگەی ئەوەی ئامانجی چاکە و بەرژەوەندی گشتیە ، بەڵام کاتێک کەناڵەکە دەکرێتە ئامرازێکی بەکارهێنراو بۆ مەرامی حیزبی و زیاتر لەسەر ئەمەش لە ناو حیزبەکەدا بۆ خزمەتی کەسی یەکەم ...!! 
   ئا لێرەدا دەبێت هەڵوەستەیەک بکەین و بڵێین: ئەم ڕاستگۆییە تا چ سنورێک بڕ دەکات و ڕاستگۆییەکەی لە کوێدایە...؟    
   ئایا ئەوە ڕاستگۆییە کاتێک ڕەخنە گرتن لە سەرۆکی جوڵانەوەکە ببێتە مایەی هەژمارکردنی ڕەخنەگر بە ڕکابەرێکی دوژنکارانە ...!؟ ڕەخنەلێگیراویش بکرێتە فریشتەیەکی فریادڕەس ...!؟    
   بە بڕوای من ڕاستگۆیەتی لە کاری ڕاگەیاندن ئا لەو خاڵەوە دەستپێدەکات ، کاتێک تێڕوانینی بابەتیانە بونی هەبێت جا ئەگەر جیاوازیش بێت لەگەڵ بیری بەرامبەردا و دەبێت پێوەریش هەبن و قسە لەگەڵ هاوشانی کردار ڕێبکات ، ناکرێت و ناشێت لە چەمکی ڕاستی و ڕاستگۆیەتیدا هەر کەسەو لە شوێنی خۆیەوە هەڵبستێت و خودی خۆی بە خاوەنی بزانێت ، بەڵکو خاوەنی ڕاستەقینەی دەبێت ئەو کەسە بێت کە ڕاستیەکەی لایە.
دوەم/ هاوسەنگی : هاوسەنگی ئەگەر وشەیەکی لێکدراوە لە ڕووی زمانەوانیەوە ، بەڵام لە ڕووی زاراوەی ڕاگەیاندنەوە هێندە مانادارە ڕەنگە وەکو پێویست بە هیچ کەس و لایەنێک مافی خۆی پێ نەدرێت نەک کەناڵێکی وەکو(NRT) بە تایبەتی کەناڵێک پێشتر سەربەخۆ بوبێت  ، کەچی لەو کاتەدا کە خاوەنەکەی بزوتنەوەیەکی سیاسی دادەمەزرێنێت ڕاستەوڕاست سەد و هەشتا پلە هەڵدەگەڕێتەوە و دەبێتە ماشێنێکی خراوەگەڕ و ئاراستەکراو بە پێی ئارەزوو و بڕیاری تاکەکەسی.
   بۆ زانیاری خوێنەر ئەم کەناڵە لە ئێستاداهەژمونی بەسەردا کراوە و جڵەوەکەی بە دەست کەسێکی دیایکراوەوەیە و هەرچۆنێک و بەرەو هەر لایەک بیەوێت ئاراستەی دەکات. زیاتر لەسەر ئەمەش لە ساتێکدا دەتوانین بڵێین هاوسەنگی پارێزراوە کە هەموو قسە و هەڵوێستێک بەسەر هەموان پیادەبکرێت و هیچ کەس و لایەنێکی لێبەدەر نەکرێت ، بەڵام بەپێی ئەو بەڵگانەی لای منن ..!! ئەم هاوسەنگیە نەک هەر بونی نیە ، بەڵکو کەسی یەکەم لەسەر هەندێ بیرۆکەی کۆڵەوار ئەم کەناڵەی کردۆتە تەختەبەندێک بۆ ململانە و کێبڕکێکردن لەگەڵ هەندێ کەس و خەڵکی چالاک کە ئامادەیی ئەوەیان نیە دەستەمۆ بن و ڕادەستی بیردنەوەکانی بن.
سێیەم/ بوێری : ئەگەر مەبەست لە بوێری ئەوە بێت ..؟ کەناڵەکە بوێری ئەوەی تیادایە هەرچی بابەت و ڕوداوی و بەسەرهات هەیە هەر هەمووی دەگوازێتەوە ئەمە ڕاستە و دیارە ئەمە دیوە ئاشکراکەیەتی ، بەڵام دیوە شاراوەکەی کە زۆرینە خەڵکی و تەنانەت ڕاگەیاندگاران و نوسەران بەلایدا نەچون ئەمەیە :  کاتێک ڕەخنە یان بابەتێکی هەستیار لەسەر کەسی سەرۆکی نەوەی نوێ دەگیرێت یان باس دەکرێت ئایا کەناڵەکە بوێری ئەوەی تیادایە بڵاوی بکاتەوە تا خەڵکی ڕاستیەکانیان بۆ دەربکەوێت هەر خەڵکی ببنە ناوبژیوان. بۆ ئەم لایەنە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بەڕێوەبەری کەناڵەکە و بەرپرسەکانی دەتوانن وەڵامی ئەمە بدەنەوە ..؟؟ گومان لەوەدا نیە ئەم کەناڵە دەستێکی باڵای هەیە لە شاردنەوە و ئاشکرا نەکردنی ئەم بابەتانە. وە هەڵگری چەندین بەڵگەم کە لە کاتی خۆیدا بڵاویان دەکەمەوە.
کەواتا بوێری لە کوێدایە ...؟  بۆکێیە و لە پێناو چیدایە ..؟؟  
هەر هەموو ئەمانەی باسم کرد دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی کە کەناڵی (NRT) وەکو ئەو خوێنە وایە لە ناو یەک دەماردا دێت و دەچێت ئەویش (شاسوار عەبدوالواحید)ە ، ناوبراو چۆنێکی بوێت هەڵیدەسوڕێنێت و ئاراستەی دەکات.

26/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر