ژینا لە ئامێز ئەودیو ڕۆژهەڵات
باشوور دەمێکە کرا بە خەڵات

سۆران محەمەد غەریب
هەنوکە چەخماخەی شۆڕشی سوورە ... لە پێناو ئازادی ... ئازادیەک نەک بە یەک مانا ، بەڵکو بە تەواوی ماناکان ... دەستپێکی ئەم شۆڕشە قوربانیەکی دەستی ستەمی ستەمکارانی ڕژێمی ئاخوندی و کۆنەپەرستەکانی کۆماری ئیسلامیە ، کۆماری پەت و سێدارە لە پێناو سەپاندنی بیری کۆنەپارێزی و تەفروتوناکردنی مرۆڤایەتی ، لە قاڵبدانی کۆمەڵگا ، ناچارکردن بە پابەندبوون بە بیری بێ مانا ، برەودان بە ناوی زل و قەبەی ناوەرۆک پوچەڵ ، شێواندنی ڕوخساری جوانی سەراپا جوانیەکان ... بە دەستی قێزەون و پیسی بەدناوەکان ... ئەو دەسەڵاتە درۆینە و ساختەکارانەی کە خۆیان بە پێشەنگی ئاین و بیری باوەڕداری دادەنێن ... تەواوی باوەڕەکانی تر بە گۆلاوی پاشماوەی ئەهریمەن وێکدەچوێنن ...
   ئەمڕۆ تریقەی بروسکەی شۆڕشە ... لە ڕۆژهەڵاتی وڵات ئەمڕۆکە ساتەوەختی هەوڵ و کۆششە ... گیانی قازی  ئەمڕۆ شادە بەم هەواڵە ... قاسملۆ و شەرەفکەندی دێنە مەنزڵگا و سایە و سێبەری ئەم هەرزاڵە ...

ببینن چۆن کوردی ڕۆژهەڵات ئەمڕۆ هاتونەتە دەنگ لەسەر مافی ئازادی و ژیان ، بەڵام دەخیلتانم ... ئامان ...!!! نەکەن وەکو شۆڕشەکەی ئێمە بکەن ... ڕەنجتان ببێتە خەرمانی بەر باد ... ستەمکارێک لە ناو ببەن و لە جێگای وی ، چەندین دی بەربدەنە گیان و ژیانتان ...    

گەلۆ لە یادی مەکەن .. ئەوەی بەسەر ئێمەدا هات لە لایەن خانەخوێیەکانمان ...!؟ دوژمنیش بەسەریدا نەهێناین ...!! ئەگەر شۆڕشتان وەکو ئێمە بێت دانیشتن باشترە نەک خۆڕاپسکان ...

نەکەن دز بکەنە پاسەوان ... داوێن پیستان لێ ببێتە  یوسف و پێی بسپێرن خاک و نیشتمان ... فشۆڵ بێتە سەر تەلەفزیۆن و پێتان بفرۆشێت ڕابردو و خەبات ... چەقەڵ وا ببینن کە دەست دەهێنێت بەسەر شان و ملی مامر و کەڵەباب ... کەمتیار بکەنە سەرکاروان و ڕیشی کارمامز و کەڵەکێوی بدەنە دەم چارەنوسێکی نادیار ...

هۆ گەلۆ ... ئامان و سەد ئامان ... دەستی منت بە دامان ...

دوایی نەڵێن بۆ نەتانگوت ...!؟؟  تا وا نەکەین ...! با پێتان نەڵێین :(لە بێ خەبەران کەش کەش سڵاوات ... سەر سەلامەتە گەر نەبێت ئافات) ... هەرگیز نەڵێت :(دەست بگرە بە کڵاوەکەی خۆتەوە تا با نەیبات)... لە باشوور زۆر ئاشکرا و ڕوونە ... خەڵکانێک هەن، دەستیان بەو کڵاوێکەوە گرتوە کە بۆ هیچ سەرێکمان نابێت ... هەشمانە دەستی پێوە گرتوە، بەڵام سەری پێوە نیە ... خۆ جۆرێکی تر هەن، لە خۆڕا دەستی پێوە دەگرێت لە کاتێکدا زۆر دڵنیایە کە ئەو سەرە هەتا سەر نابێت تا کڵاوی بۆ دانێت...

16/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر