کێ مافی باسکردنی نەوشیروان مستەفای هەیە..؟

سۆران محەمەد غەریب

  لە یادی (٥) ساڵەی کۆچی دوایی )نەوشیروان مستەفا)ڕێکخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕابەری بزوتنەوەی چاکسازی لە باشوری کوردستان. کاتێک لەم دوو ڕۆژەدا بە سەرنجەوە ڕوانیم ..! بۆم دەرکەوت ژمارەیەکی بەرچاو هەن کە باسی ئەم کەسێتیە ناسراو و کاریگەرە دەکەن ، هەر باسکەرێک بەشێوەی جیاجیا دێتە باسکردنی ... هەر لە پیاهەڵدانەوە بیگرە تا ڕەخنەلێگرتن :

- هەیە تەنها پیاهەڵدان دەکات کە سەرچاوەی سۆزی تاکەکەسیەتی بەرامبەر نەوشیروان مستەفا و ئەو مێژوەیەی کە هەیبوە بەوەی جیاواز لەسەرکردەکانی تر ژیاوە.. ئەمە لە کاتێکدا ئەم تێڕوانینە سەرچاوەکەی هەڵقوڵاوی هزری پڕی ناو ئاوەزە نیە.

- هەیانە وای دادەنێن لە قۆناغی ژیانیدا بە پاکی کاری سیاسەتی کردوە ، وەلێ لە دوای نەمانی ... هاوڕێ و هاوڕێبازەکانی یان خانەوادەکەی ناپاکیان لێکردوە .. ئەمەش وەک نیشاندانی گلەییکردن بە نەبونی وردی و سەلیقە لە بژاردەکانی.

- کۆمەڵێکی تریش بە هێرش کردنە سەری گوایا خودی خۆی ئەوەی ویستوە کە ئێستا ڕودەدات دەیبینین.

- دوا کۆمەڵیش هەن کە هیچ کەسم نەدی باسیان بکات ئەوانیش ئەوانەن کە کەمترین قسە یان هەڵوێستیان نیە. لێرەدا من ئەو کۆمەڵەیەشتان بۆ دەردەخەم وە لە خوارەوە دێمە باس کردنیان کە ئەوانە کێن و چین ...!!؟

   خوێنەری بەڕێز جا وەرن لە ڕێگای ئەم پۆلێنکاریە وردەی خوارەوە ئەم خەڵکانە بناسن و ئەوەی لە ڕابردودا کەس نەیگوتە من لێرەوە پێتان دەڵێم و بۆ هەر کۆمەڵەیەک لەمانەی سەرەوە قسەی تایبەتم هەیە ، ئینجا دڵنیام هەندێ لە خوێنەر پێیان ناخۆش ئەبێت یاخود لە کاتی پۆڵێنکردنەکەمدا خۆی لەناو یەکێک لەو کۆمەڵانەدا دەبینێتەوە کە خەسڵەتەکانی تیادا هەیە و باسیان دەکەم ...؟ ئەمە بەرگێکە و دەیدورم هەر کەسێک لەسەر دڵی گران بێت ، ئەوا پیرۆزی بێت و بۆم دەردەکەوێت و باشتر دەیناسم .. هیچ ڕێگریەک نیە بەوەی لە ڕێگای گفتوگۆی ژیرانە یان وەڵامدانەوەی شارستیانە بۆچونی خۆی بگەیەنێت ... تا من و خوێنەرانی تریش بە تەواوی سنگ فراوانیەوە وەریبگرین و سوپاسی دەکەین.

   خۆئەگەر بێتو بەرژەوەندخوازێک یان کەسێکی نا خاوەن هزر لە سونگەی بیری دەمارگیری خۆیەوە قسەی نەگونجاو و نا ژیربێژیانە دەرپەڕێنێت ..!!؟؟ ئەوا بە قورسترین شێوە وەڵام دەدرێتەوە ... ئەگەری ئەوەش دادەنێم  کەسانێک هەبن  بە دەست و ویستی خۆیان نەیانەوێت خۆیان بخەنە ژێرباری ڕاستی لێکەوتە و ڕوداوەکان یاخود بە ئاراستەیەکی ترلە ڕێچکەی ڕاستەڕێ لابدەن ، جا ئەمەش بۆ مەرام و مەبەستێکی دیار یان نادیار بێت...؟ ئەوانە ئازادن لەوەی کە ئارەزومەندانە نایانەوێت ڕاستیەکان لە ناو کاسەی سەری خۆیااندا جێ بکەنەوە. 

   پێش هەموو شتێک و باسکردنی ئەم ناوەرۆکە ... دەمەوێت ئەوە بڵێم : هەرگیز بەوە قایل نابم کە هیچ کەسێک یان لایەنێک بوێری ئەوەی تیادا بێت بەرپەرچی ئەم ڕاستیانەم بداتەوە کە ئاشکرایان دەکەم ، چونکە ئەوەی لە ژیانمدا لە دەستمداوە کەم نەبووە کە بەهۆی ڕووبەڕونەوەم لە دژی گەندەڵی سیاسی پێم کەوتوە ...!! تەنانەت وەک پارێزەرێک بە تەنیا لەناو گرنگترین و کاریگەرترین کایەی دامەزراوەکاندا کە لە سەرتاسەری هەر وڵاتێکدا بوونی هەیە ئەویش (دەسەڵاتی دادوەری)ە  ئەمەش بێ پشت بەستن بە هیچ کەس و لایەنێک ئەرکی ئەم ڕووبەڕوبونەوەیەم لە گۆڕەپانەکەدا لە ئەستۆگرت و بەرەنگاری گەندەڵترین و پۆخڵەواترین دەسەڵات بوومەوە لە ناو  شوێنێکدا کە پێی دەوترێت(دادگا) و لە لایەن کەسانێکەوە کە ئاشی ئەم دەسەڵاتە دەگێڕن کە پێی دەوترێت (دادوەر) .

   بۆیە ئەمە دەڵێم ...!! لەم بەرنگارەبونەوەیەدا ڕوبەرووی گەورەترین بەربەرەکانی بومەتەوە چ لە لایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری ستەمکارانەی (یەکێتی و پارتی) توشی چەندە کارەسات بومەتەوە هەر لە بەندکردنم لەسەر هەڵدانەوەی بەڵگەکانی گەندەڵی دادگانی هەرێم و دادوەران تا دەگاتە ژیان وەستان و نان بڕینم ، دواجاریش لەم پێناوەدا دەربەدەربووم و بێ بەری بوونم لەو خاکەی کە تیایدا چاوم هەڵهێنا و گەورە بووم کە نەتوانم بۆ هەتاهەتایە بگەڕێمەوە ئەمە لە لایەک ، لە لایەکی تریشەوە چاڵ هەڵکەندن و کلک گرێدانی ئەوانەی بەناوی هاوبیر و هاوڕێباز و هەندێ بەرپرسی باڵای ناو بزوتنەوەکە  بە کلک گرێدانیان لەگەڵ (یەکێتی و پارتی) تا من بێدەنگ بکەن ، بەڵام دواجار ڕێگای دەربەدەری سەربەرزیم هەڵبژارد نەک خۆڕادەستکردن و سەرشۆڕی.

   پێویست ناکات باس لەو ڕابردوە درێژەم بکەم ، لەبەر ئەوە لێرەدا هەر ئەوەندە بەسە کە خەڵکانێک یان هاوڕێکانم باشم دەناسن و گەواهییدەری ئەوەن کە بە قسە ڕەق و قسەلەڕوو خۆنەویست ناسراوم . سەرباری ئەمەش لەبەرامبەر هەر کەس و لایەنێک لە ئاراستەی ڕاستیخوازی بۆ تۆزقاڵێک لانادەم ، ئینجا کەسی لادەر لە ڕێگای ڕاستی ناتوانم چاوپۆشی لێبکەم ، ئینجا هەر کەس یان هەرچی لایەنێک بێت. لای بەندە و لە ڕاوبۆچونەکانم ڕەنگی خۆڵەمێشی بونی نیە یان سپیە پێی دەڵێم سپی .. بە ڕەشیش دەڵێم ڕەش.
پۆلێنێک لەسەر قسەکەران لەسەر نەوشیروان مستەفا :

کۆمەڵەی یەکەم/ ئەوانەن لە دوو ڕوانگەوە پیاهەڵدان دەکەن :

١/ لەبەر ئەوەی سودمەند دەبن و دەگەن بە بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان تەنانەت ئەگەر بزوتنەوەکەش لە قەبارەیەکی بچوکیش بێت..! بەو نیازەی لە ئایندەدا دەستکەوت و پایەیەکیان پێ ببڕێت  پێش پوکانەوەی بزوتنەوەکە بە تەواوی.
٢/ لەبەر کاڵفامی و تێنەگەیشتن لەوەی کە هەیە و دەبینرێت و خۆلادان دەکەن لە هەموو ئەو ڕاستیانەی کە هەن و ڕویانداوە.  
کۆمەڵەی دوەم/ ئەم کۆمەڵەیەیە کە مافی خۆیانە ڕەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان بگرن بە خودی نەوشیروان مستەفاشەوە ، ئەمیش بە بوونی ئەم پێوەرەی خوارەوە :
   ئەو کەسانەن لە دوور و نزیک نەک هەر سودمەند نەبوون لە بوونی ئەم بزوتنەوەیە ، بەڵکو لە پشتگیری و خۆدانەپاڵ ئەم هێزە جگە لە زیان پێکەوتنیان هیچ بەشێکیان نەبووە ... بەو ڕادەیەی ژیان و تەمەنی خۆیان دانا لە پێناو گۆڕینی دەسەڵاتێکی قۆرخکار و ستەمکار و تاڵانچی و دژە دادی وەکو(پارتی و یەکێتی) ، لە ئێستادا مافی ئەو خەڵک و کەسانەیە پرسیار بکەن و بڵێن :
    ئایا نەوشیروان مستەفا خۆی باوەڕی بە چاکسازی نەبوە و ویستویەتی بەردەوامی بدات بەم دۆخە ناهەموارە ..؟؟ یان ئەوەتا کەسانی دەوروبەری لە ناو بزوتنەوەکەدا لەگەڵ خانەوادەکەی هەلپەرست و بەرژەوەندپەرست بون و ناپاکیان لێ کردوە ...؟؟
    ئەوانەی بەرژەوەندخواز نەبوون و لە ڕوانگەیەکی پاکەوە ئەم پرسیارانە دەکەن..؟ مافی ئەوەیان هەیە لێپچینەوە بکەن لە گشت ڕویەکەوە ...ئایا ناوبراو لە زانایی و داناییەوە ئەو خەڵکانەی داناوە و بە ویستی خۆی بووە..؟؟ ئەگەر وای کردبێت دەبێت چی لەسەر بگوترێت و چی بکرێت بۆ مێژوو ...؟ 

   ئەگەر لە ڕوانگەی نەزانیشەوە بێت لەم بژاردانەی ... کەواتا پێویستە بزانرێت چۆن نەزان بوە ..؟  لەو کاتەدا ئەو بیرمەند و خوێندەوار و کۆمەڵناسێکی ژیر و بە سەلیقە بوە ..؟ 

  دەخوازێت توێژینەوە وخوێندنەوەی پێویستی بۆ بکرێت ...

  ئەمە پرسیارگەلێکی زۆری تریش هەن کە بکرێن ، چونکە ئەم خەڵکانە بە کۆمەڵێک هیوا و ئامانجەوە شوێن ئەم سەرکردەیە کەوتن و لە ئاکامیشدا ڕەنج و ماندوو بونییان بوە بڵقی سەرئاو  بەشێوەیەک هەموو هەناسەیەکیان لە پێناو ئایندەیەکی گەش لە ڕێگای چاکسازیداسەرئەنجامەکەی تەنها میزڵدانێکی تەقیویان ڕادەستکرا...!!!

کۆمەڵەی سێیەم/ ئەوانەن کە هێرش دەکەن بۆسەر ناوبراو بەوەی خۆی دەستکردی ئەو دۆخەیە و ویستی خۆی وابوە کە ژیانی خەڵکی نەگۆڕێت و بەردەوام بێت. ئەم بابەتەش پێویستی بەبەڵگەی باوەڕپێکراو هەیە نەک بە شێوازێکی هەڕەمەکی. هەر کاتێک بەڵگە هەبوو یان ڕەخنەی دروست گیرا...؟؟  پێویستە ڕێز لەم بۆچونانە بگیرێت نەک هێرشی ناڕەوا بکرێتە سەر خاوەن ڕەخنە.

بەتایبەتی کاتێک بیانویەک هەبێت لە بارەی ئەم ئاراستەیەوە کە دەوترێت :

   ئەگەر نەوشیروان مستەفا خۆی بە پاکی و دوور لە هەر بەرژەوەندیەکی کەسی و خانەوادەیی سیاسەتی کردوە و بزوتنەوەی گۆڕانی دروست کردوە..؟؟ کەواتا بۆچی لە دوای خۆی ئەم بزوتنەوەیە بەم دەردەچوو وەکو بەفر بە تیشکی بەتینی گەرمی خۆر وا زوو توایەوە ..؟ ئەگەر کەسە نزیک و خانەوادە و هاوڕێیاکانی هۆکاری پشت ئەم دۆخەن و بزوتنەوەکەیان بەم جۆرە قڵپ کردۆتەوە ..؟ کەواتا پێویستە هەر کەسێکە و لە چ ئاستێکدایە ڕیسوا و شەرمەزار بکرێت نەک قڕوقەپی لێ بکرێت.

کۆمەڵەی چوارەم/ ئەمانە ئەو کەس و خەڵکانە دەگرێتەوە کە پاڵیان داوەتەوە و کپ و بێدەنگن و نقەیان نیە و گوتە لە بەردەوە بێت لەو جۆرە کەسانەوە نایەت ... ئەمانە ئەو بەرژەوەند خواز و هەلپەرست و ناجوامێرانەی ناو بزوتنەوەکە بون و کە هەتا پایە و پارە و موچە هەبوو لەپاڵ بزوتنەوەکە بوون دواجار پشتیان تێکرد بەبێ ئەوەی بچوکترین هەوڵیان دابێت بۆ گۆڕینی دۆخی خراپی خەڵک و چاکسازی کردن .. بە شێوەیەک هەر ئەوەندە قسەیان هەبوو هەتا بەرژەوەندیان لە ئارادا بوو ، بەڵام دواتر کە بە مەرام و ئاواتی خۆیان گەیشتن بێدەنگیان لێکرد.

   ئەم جۆرە کەسانە دیارن و دەبینرێن لە ناو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێیەتی و یان لە ناو هەر دامەزراوەیەک لە دامەزراوەکانی تر شوێنیان هەیە. ئەمانە جگە لە چاوچنۆکی و پارەبەدەستهێنان..!! هیچ بەرهەمێکیان بۆ خەڵکی بەشمەینەت و بێ دەرەتان نەبووە.

   کۆتا قسەشم ئەوەیە وەکو سپاردەیەک بۆ تەواوی خەڵکی و خوێنەر ، ئەم ڕابردوە ئەگەرچی زۆر تاڵ بوو لە فریوخواردن بە دوای بیروباوەڕێک کە جگە لە نائوێدی هیچی تری لێ بەرهەم نەهات ، وەلێ لەمە تاڵتر و بەئازارتر ئەوەیە جارێکی تر هاوڵاتیان فریو بخۆن و هێزی تر بە چەشنی گۆڕان و لەسەر هەمان ئاواز بتانکاتە کەرەستە و بەکارت بهێنێتەوە بۆ هەمان ئامانجی نەهاتەدی و هەمان ئەنجام. 
  لەبەر ئەوە ئەم قسە و گوتانەم هەڵبگرن بۆ ئایندە و ئەمڕۆش دەبێتە مێژوو و تەمەن مەودا بدات هەموی دەبینینەوە...

18/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر