لە ڕۆژی (ڕۆژنامەگەری کوردی ) دەبێت چی بڵێین ..؟

سۆران محەمەد غەریب
   (٢٢) نیسانی هەموو ساڵێک یادی دەرچونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیە کە ڕۆژنامەی(کوردستان)ە و کە پێش (١٢٥)ساڵ لەمەوبەر دەرچوە. هەڵبەتە هەموو ساڵێک لەم بەروارەدا چەندەها گوتار دەنوسرێت و چەندین لێدوان دەدرێت کە تیاندا هەیە شایانی ئەوەیە بەبەرزی بنرخێنرێت، لێ کەسانیش هەن کە بەناو و پیشەی ڕۆژنامەگەریەوە جۆرەها لێدوان دەدەن و قسە دەردەپەرێنن.هەندێکیان لە شوێنی بەرپرسیاریەتین ئەمەش دەبێتە لێکەوتەی خراپ و نەرێنی لە لای خوێنەر و گوێگر بەتایبەتی و لای ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بە گشتی. دواجار بەم ئاراستە خراپەیان لەسەر لێدوان و کارکردن دەبێتە مایەی شێواندن و شاردنەوەی ڕاستیەکان و لەسەر تەواوی ڕۆژنامەنوس و خەڵکانی دڵسۆز و خۆنەویستیش دەکەوێت ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە بەو پێیەی کە هەندێکیان لە شوێنی بەرپرسیارێتی هەستیارن لە پێگەی ناو ڕێکخراودا خۆیان بە دەمڕاست و نوێنەری تەواوی ڕۆژنامەنوسان دادەنێن. ئەمە جگە لەوەی کە ئەو پێگە و پایەی هەیانە بۆ بەرژەوەندی و دەستکەوتی تاکە کەسی خۆیان نەبێت، دەنا هیچ بەرهەم و خزمەتێکیان بە توێژی ڕۆژنامەگەران نەبوە و نەگەیاندوە. تیاندا هەن هەموو لێدوانکیان تەنها بۆ خۆدەوڵەمەندکردنە و هیچی دی...   
   ئەگەر تێڕامان لە وتەکانیان بکرێت و ڕوماڵی پشت ئەو پەردەیە بکرێت کە وتەکانیان لێوەی هاتوە هەموو نهێنیەکان ئاشکرا دەبن و دەردەکەوێت پاڵنەرەکان چین و لە پێناو چیدایە...! بە تایبەتی لەوانەی مەبەستی ناڕەوا و نا مرۆڤانە دەرهەق بە مافی خەڵکی و ڕۆژنامەگەران لە پشتیەوە بوونی هەیە.
   لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتەی کە (سەرۆکی حکومەتی هەرێم) لە لاپەڕە و هەژمارەی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە سەبارەت بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری، دواتر چەند لێدوانێکم بیست و خوێندمەوە کە نەدەکرا بێدەنگ بم لەبەرامبەریدا بەتایبەتی لە کەسانێک کە هیچ بەهایەکیان بۆ پیشەی ڕۆژنامەگەری نەهێشتۆتەوە تا ئەو سنورەی زۆرینەی هاوڵاتیان  لە ناو هزریاندا وایان لێهاتوە گومان لەسەر هەر ڕۆژنامەنوسیک دادەبنێن کە ڕۆژنامەنوسانی بێگەرد و خۆبەخش و خۆنەویست نەماون هەمویان لەکەدار دەکرێن بەوەی جوڵێنراوبن لە لایەن لایەنێکەوە یان بەرپرسێکەوە.
   ناچارم لێرەدا لاپەڕەی ئەو مێژوە هەڵبدەمەوە ئەویش کۆبونەوەیەکی سازدراوبوو لە لایەن سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان(مەسرور بەرزانی) کە لە مانگی (٦)ی ٢٠٢٢ لە لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنوس و ڕێکخراوی ڕۆژنامە نوسان و ڕاگەیاندکاردا بوو.. سەرەتای کۆبوونەوەکە بە پێشەکیەک دەستی پێکرد لە لایەن سەرۆکی حکومەت(مەسرور بارزانی) ، ئەم کۆبوونەیە بە دوو ئاراستەی جیا لێکدانەوەی بۆ کرا یەکەمیان / گوایا بۆ مەبەستی ڕووسپیکردنەوەی حکومەتی کوردستان وهەرێمی کوردستان بوو لەبەرامبەر ئەو فشارە نێو دەوڵەتیانەی لەسەری بووە. دوەمیان / بوونی هەندێ دەنگی دیار و  بوێری ناو کۆبونەوەکە لەبەرامبەر پاشەکشەی بواری ڕۆژنامەگەری لە ڕووی مامەڵە کردن و فەرامۆش کردنیانیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم. 
   لێرەدا نامەوێت تەواوی کۆبونەکە لەم گوتارەدا باس بکەم کە ٣ کاتژمێر ٣٠ خولەکی خایاند ، بەڵکو ئاماژە دەخەمە سەر ئەو دەستپێکەی کە سەرۆکی حکومەت کردیە دەروازەیەک بۆ چونە ناو پرسیار و گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان. لێرەدا بە ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە سەرنجی خۆم دەخەمە سەر سەرەتاکەی کە دەبوایە ڕۆژنامەنوسان لە لایەن خۆیانەوە بیکەنکردایە ڕیزبەندی پرسیارەکان و بینوسن و بە پرسیار ڕووبەڕوی ناوبراویان بکردایەوە، بەڵام جێی داخە نەک ئەمانە نەکرا، بەڵکو لای هەندێکیان وەکو لە کوردستان هیچ کەم کورتیەک نەبێت ئاوەها باخەڵ خاڵی بوون لە پرسیار کردن ئینجا نازانم بە چ پێوەرێک بۆ کەسەکان و ئامادەبوان شیان بکەمە ...!!! ئایا لەبەر ترس بوە یان شەرم یاخود بەرژەوەندی و تێوەگلان و چاوبەرەوژێری لەبەرامبەر دەسەڵات و حکومەت کە من وەکو خۆم هەریەک لەم شتانە لە مەزەندەی خۆمدا بوونیان هەیە.
    ئەمەش پێشەکیەکەی حکومەتە لێرەدا زۆر بەوردی باسیان دەکەم لەگەڵ هەر قسەیەکی کە دەبوایە بەرامبەر بەمەش ئەو پرسیار و ڕونکردنەوانە بگوترایە، بە ڵام جێگەی داخە نەگوترا ... بەم شێوەیەی خوارەوە :
(ڕاگەیاندن گواستنەوەی هۆکارێکە بۆ گواستنەوەی هەواڵ بۆ هاوڵاتیان کاری ڕاگەیاندن دەبێت هەواڵ بگەیەنێت نەک دروستی بکات).
دەبوایە پرسیار بکرایە : جەنابی سەرۆک ئەو ڕۆژنامەوانەی کە باسیان دەکەیت .. ئایا ئەوانەن سەربە دەسەڵاتن یان دەرەوەی دەسەڵات ..؟ ئەوانەی هەواڵ دروست دەکەن دەزگاکانی چ بەرپرسێکە و کێی لە پشتە..؟
(بۆ ئەوەی خەڵکی خۆمان لە هەموو چاکە و خراپەیەک و ڕەخنەیەک ئاگاداربکەینەوە وئەوانەی دەبێت لەگەڵ خۆمان و خەڵکی خۆمان ڕاستگۆ بین).
دەبوایە پرسیار بکرایە : ئەوە کێ لەگەڵ خۆی و خەڵکی هەرێم ڕاستگۆ نیە ..؟ ڕۆژنامەنوسی ئازا و دڵسۆز و بوێر ئەوانەی بەند دەکرێن سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت لە ڕێگای بە ناو یاسا و دادگاوە بۆ مەبەستی بێ دەنگ کردنیان یان ڕۆژنامەنوسانی سەر بەحیزبە دەسەڵاتدارەکانن ئەوانەی بۆ مەرامی کەسی خۆیان ئەم پیشەیە بەکاردەهێنن و بەرگری لە هەموو خراپی و ناشرینیەکانی دەسەڵاتداران دەکەن و پینەپەڕۆ بۆ بەرپرسەکان دەکەن..؟
(شتی بچوک گەورە نەکرێن و گەورەکانیش باس نەکرێن و شتی خراپ باس بکرێت و باش باس نەکرێت و ڕێگا لە باشەکان بگیرێت).
دەبوایە بگوترایە : کامە شت بچوکە و گەورە کراوە ...؟ کوردستان تاڵان کراوە لە لایەن دەسەڵاتداران و گەندەڵکارانەوە  ؟ زەوت کردنی زەوی و سامانی گشتی لە لایەن بەرپرسانەوە و داگیر دەکرێت  ئەمە شتی بچوکە و گەورە دەکرێن .. شەق هەڵدان لە مامۆستا  و هاوڵاتیان لە خۆپیشاندا بۆ مافی خۆیان ؟ کوشتن و لێدان و زیندانی کردنی ڕۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران بۆ داواکردنی مافەکانیان ؟ خاک فرۆشن و ڕاکردن لە خاکی کوردستان پاش بەخشینی خوێنی هاوڵاتیانی کوردستان و هێزی پێشمەرگە ؟ نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی ئاو - کارەبا - ڕێگاوبان - ژینگەی پاک ... هتد سەدەها ئاریشەی تر ئەمانە شتی بچوکن و گەورە دەکرێن..؟ ئەی ئەو شتە گەورانە کامانەن کە بچوکی دەکەینەوە ڕۆژنامەنوسان باسیان ناکەن ...؟
(توشی چەندین قەیران بووین لەوانە قەیرانی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و قەیرانی ئابووری لەم کابینەیەشدا توشی قەیرانی پەتای کۆرۆنا بووینەوە کاریگەری لەسەر بژێوی خەڵک و حکومەت ئایا کەمتەرخەمی هەیە لە لایەن دەسەڵاتەوە یان لە دەرەوەی ویستی دەسەڵاتەوە نەتوانین جێبەجێی بکەین).
دەبوایە بگوترایە : قەیرانی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی هەر لە بچوکترین هۆکاری ناوخۆیی کوردستان تا دەگاتە دەست هاوشتنە هێزە دەرکی و دراوسێکان لە باشوردا ئەوە (پارتی و یەکێتی) و هێزە پاشکۆکان لێی بەرپرسیارن نەک خەڵک و هاوڵاتیان، چونکە بڕیاری نابەجێ و نادروست ئێوە دەیدەن ... ئەوە ئێوەن بڕیاردەرن و ئەوەی باکتان نەبێت ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەییە. ئەوە ئێوەن بە ناوی ئابوری سەربەخۆوە  نەوتان هەناردە کرد لە پێناو دەوڵەمەندکردنی خۆتان خەڵکتان هێنایە مایەپوچی و قەیرانتان بەسەر هاوڵاتیان و موچەخۆراندا هێنا. ئەوە ئێوە بوون دەستی بێگانەتان گرتوە هێناوتانە ناو باشور و قەڵاچۆی نەیارەکانیان پێ دەکەن لە ڕێگای چاوساغی دام و دەزگاکانتان. قەیرانی کۆرۆنا دەردێکی جیهانی بوە لە هیچ وڵاتێکدا کاردانەوەی لەسەر بژێوی موچە خۆران نەبوە ئەوە لە کوردستاندا کراوەتە بیانوو، لەبەر ئەوەی پێش کۆرۆناش دۆخی خەڵکی کوردستان هەر نالەبار بوو. ئینجا پرسیار لە خۆتان بکەن حکومەتی پێش خۆت بە دەست کەسێکەوە نەبوە کە دوور بێت لێتان..! ئەوە فەرمانڕەوایەتی بنەماڵەیی خۆتانە ئەم هەموو قەیرانانەی بەسەر هاوڵاتیاندا هێناوە.
(ئەوەندەی پەیوەندی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە هەبێت ، من زۆر باوەڕم بە ئازادی ڕادەبڕین هەیە هەموو کەس ئازادە ڕای خۆی دەرببڕێت ، بەڵام ئازادی مانای ئەوەیە کە تۆ ئازادیت کە مافی کەسی تر پێشێل نەکەیت، تا ئەو کاتە ئازادیت کە تەعدا لە ماف و ئازادی خەڵکی تر نەکەیت).
دەبوایە بگوترایە : ئەوە کێیە بەربەستە لەبەردەم ئازادی..؟ ئەو کەسانە کێن مافی تاکەکانی کۆمەڵگا پێشێل دەکەن؟ ئەو دەسەڵاتە بە دەست کێوەیە کە تاکەکەس سەرکوت دەکات بۆ ئەوەی دەنگی ئازاد کپ بکات ؟ ئەوانە کێن کە ڕۆژنامە نوس و خەڵکی ئازاد لەسەر خەونەکانیان لەسایەی بێ دادی و نایەکسانی و بێ یاسایی لە زانکۆ دەفڕێندرێت و دوای ئەشکەنجەدان و تیرۆر کردنی تەرمەکەن فڕێ دەدەن و دواجار خۆیان لێ بێ ئاگا دەکەن؟ ئەوانە کێن ڕۆژنامە نوس لە ناو ئامێزی دایکیان شەهید دەکەن؟ ئایا کێ پێشێلکارە بەرامبەر بە ماف و ئازادیەکانی ڕۆژنامە نوس ؟ ئەوە ڕۆژنامە نوسە یان دەسەڵاتە ڕەهاکەی دەسەڵاتداری حیزبی و بنەماڵییەکانە ؟
(ڕۆژنامە نوسی و ڕۆژنامەوانی ئەرکێکی پیرۆزە بۆیە دەبێت ئەم پیشەیە لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە ڕێگا نەدەن کە کەسانێک بە ناوی ڕۆژنامەگەر و ڕۆژنامەنوسی گرفت بۆ ئێوە و پیشەکەی ئێوە دروست بکەن و نەکەونە ژێر کاریگەری خەڵکانێک کە بتوانن بەکارتان بهێنن بۆ ئەوەی لە دژی بەرژەوەندی گەل و نیشتمان بەکارتان بهێنن).
دەبوایە بگوترایە : پیشەی ڕۆژنامەوانی لە لایەن ئەو ڕۆژنامەنوسانەوە پیرۆز ڕاگیراوە کە بەرگری لە مافی خەڵک و هاوڵاتیان دەکەن و لاپەڕە پیسەکانی بەرپرسە گەندەڵەکانی هەرێم و ناو حیزبە دەسەڵاتدارەکان هەڵدەدەنەوە، هەر ئەو ڕۆنامەنوس و بوێر و ڕاستگۆ و دڵسۆزانەشن کە ڕوبەڕووی سکاڵا لەسەر جوڵاندن دەبنەوە و دەوەستنەوە کە لە دژیان تۆمار دەکرێت لە دادگاکاندا و بە بڕیاری هەندێ بەرپرس دەیانهێنن و دەیانبەن تا بێدەنگ بکرێن یان توندوتیژی و ئازاریان دەرهەق دەکرێت تا سنوری کوشتن، بەڵام ئەوانەی پێنوسی ڕۆژنامەنوسیان کردۆتە ئامرازێک بۆ پەیدا کردنی پارە و دەستکەوتی تاکەکەسی خۆیان هەریەکەو لە پاڵ حیزبێکدا تەواو بۆ خۆیان حەواونەتەوە ، چونکە باسی گەندەڵی و بێسەروبەری و نادادی دەسەڵات و حکومەت ناکەن و لە جوانترین شێوەدا ڕوخساری حکومەت دەخەنە تابلۆی ناو نوسینەکانیانەوە و وەک فریشتە وێنای حکومەت و دەسەڵاتداران دەکەن. ئەوانەن کە دژی گەلی کورد و نیشتمان بەکار دەهێنرێن، نەک ئەوانەی کە هەڵە و خراپی و گەندەڵی و نادادی دەبینن و بڵاوی دەکەنەوە.
(لەسەر بەرنامەی حکومەت و چاکسازی حکومەت چی کراوە باسی دەکەین . بیستومانە تۆمەتی ئەوە دەخرێتە پاڵ حکومەت بەوەی سەرکەوتوو نەبوە پێوەری هەڵسانگاندنی حکومڕانێتی بکەین).
دەبوایە بگوترایە : حکومەت کام هەنگاوی ناوە تا پێی بگوترێت چاکسازی کردوە؟ ئایا موچەی هاوڵاتیانی زیادیکردوە و لە کاتی خۆیدا دەدرێت ؟ ئاستی بژێوی تاکەکەسی بەرز کردۆتەوە؟ خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان ئاو - کارەبا - ڕێگاوبان هتد چاکردوە ؟ پرۆژەی گشتی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان فەراهەم کردوە ؟ دامەزراندنی بۆ دەرچوان کردۆتەوە ؟ هەلی کاری بۆ بێکاران ڕەخساندوە ؟ زەوی و زار و سامانی گشتی داگیرکراوی دەسەڵاتدارانی حیزبی و بەرپرسان بۆ حکومەت گەڕێندراوەتەوە ؟ موچەی دەیەها هەزار بندیواری ناشایستە بڕاوە و گەڕێندراوەتەوە بۆسەر گەنجینەی حکومەت ؟ خەرجی بەرپرسەکان کەمکارەواتەوە تا ژیانی هاوڵاتیانی پێ باش بکرێت ؟
هێزی ٧٠ و ٨٠ یەکخراوەتەوە ؟
کام لەم قسانە وانیە..؟ تا بگوترێت تۆمەت بۆ حکومەت دروست دەکرێت..؟
  سەرباری ئەمەش دەتوانرا دەیەها پرسیاری تری لێبکرایە کە گوێ بیستی نەبوین، بەڵام چەند ڕۆژنامەنوسێکی کەم توانیان بوێرانە هەندێ پرسیار و ڕونکردنەوە بدەن کە شایەنی دەستخۆشیە. دڵنیام ئەگەر هەندێ ڕۆژنامەنوسی دڵسۆز و دانسقەی خۆنەویست لەو کۆبونەوەیەدا بونایە بێ سڵەمینەوە هەموو جۆرە پرسیارێکیان دەکرد و ڕۆنکردنەوەی خۆیان دەدا.
   ئێستا پاش تێپەڕبونی (١٠) مانگ بەسەر ئەم کۆبونەوەیەدا، بێجگە لە بڵاوکراوەکەی سەرۆکی حکومەت لە ٢٢ / ٤ / ٢٠٢٣ هیچی ئەوتۆمان نەبینیوە تا بڵێین  دۆخی ڕۆژنامەگەری بەرەو باشتر چووە، هەر ئەمە نا، بەڵکۆ دۆخەکە خراپتر و نالەبارتر بوە بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنوسان.
   سەیرەکە لەوەدایە هەندێک کەس بە ناوی ڕۆژنامەنوس و ڕۆژنامەگەری و ڕێکخراوەوە هاتون جارێکی دی بە شان و باڵی بڵاوکراوەی سەرۆکی حکومەتدا هەڵدەدەن و ستایشی دەکەن. ڕوون و دیارە چ مەبەستێک لە پشتیەوە هەیە و خۆیان بۆچی مەلاس داوە...

23/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر