ئامینەی کاکە باوە.. دەنگی پەتی لغاوە

سۆران محەمەد غەریب
تازەترین هەواڵی سیاسی ئەم دواییانەی کوردستان کە بوەتە جێگای سەرنج و بابەتی گەرمی گفتۆگۆکردن لە ڕاگەیاندنەکان و تاڕادەیەکی بەرچاویش بوەتە هەواڵێکی گرنگی جیهانی و بەدیاریکراویش لە وڵاتی سوید. ئەو پرسە هەستیارەیە کە وابەستەیە بە سەقامگیری و مانەوە یان لەبەر هەڵوەشاندن و داڕمانی حکومەتی سوید ، تەنانەت چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت حکومەتی (سوید) بخاتە بەردەم ئەگەری ئفلیج بوون.

نامەوێت بچمە سەر باسکردنی هەندێ لایەنی ناو بابەتەکە کە پەیوەندیدار نیە بەئایندەی کوردستان ، بەڵکو سەرنجەکانم دەخەمە سەر ئەو بڕگانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر چارەنوسی نەتەوەی کورد. پرسەکەش هێندە بایەخدارە  تا ئەو ڕادەیەی زۆر بەڕوونی تێکهەڵکێشی و گرێدراوە بە چاڕەنوسی حکومەتی سوید و هەڵپەسێراوبوونێتی لەسەر دەنگی (بەڵێ)و(نەخێر)ی تەنها کەسێک لە ناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە ، بەو پێیەی ئەندامی پەرلەمانە ... نە خۆی لە سەنگەری سەر بەدەسەڵات دەبینێتەوە و نە سەر بە بەرهەڵستکارانە.

ئەو دەنگە کاریگەرەش ئایندەی حکومەتی سویدی خستۆتە بەر مەترسیەکی ڕەش و نالەبار ، بە شێوەیەک ڕا و بڕیار و دەنگی تەنها ئافرەتێکی کورد هاوکێشەی دۆخەکە بە بارێکدا لاسەنگ دەکات..  لێرەدا شایانی گوتنە لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا دەبێت شانازی بەم دەرفەتە بە دەست هاتوەی دەستی کوردێک بکەین و بیکەینە هێمای شکۆداری ، لەگەڵ ئەمەشدا وا دەخوازێت هەر تاکێکی کورد کە باوەڕی تەواوی بە گیانی کوردبونی ڕاستەقینە و دڵسۆزانە هەیە بەم کارە بەرهەمدارە بزانێت و لێیەوە فێربن ... کورد گوتەنی :

(پەڕۆیەکی لێ دابدڕێت). 

هەواڵی ئەو کوردەی کە گۆڕەپانی هەواڵەکانی بەرفراوان کردوە ، ئافرەتێکی ڕەسەن و خۆنەویست و مرۆڤ دۆستە ئەویش(ئامینە کاکە باوە)یە ... لێرەدا باس لە ژیان و مێژووی ئەم ئافرەتە ناکەم ، چونکە هێندە باسکراوە بە تەواوی ناسراوە ، بەڵام بە پێویستی دەزانم زۆر بە کورتی و ڕوونی تەواوی تێڕوانینی خۆم لەم چەند خاڵەدا بخەمە ڕوو :

١-لە ڕووی بیروباوەڕەوە : ئەم ئافرەتە جۆرێ لە ڕەسەنایەتی پێوە دیارە و بە ئاشکرا دەبینرێت کە لە کەسانی تردا بە دەگمەن دەردەکەوێت ، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو بنەما یەکەمیان : پەرەوەردەی خێزانی و ئەو دەوروبەرەی سەری تیادا هەڵداوە بەوەی لە سەرەتای تەمەن و گەشەکردنیەوە بە هەناسەی یاخیبونەوە بەرامبەر بە دەسەڵات و ستەمکار گۆشکراوە دواتریش جەنگاوە ، دوەمیان : پەرەوەردەی خۆڕسکانە و دروستکردنی کەسێتیەکی بەهێز کە زادەی هەناوی باوەڕبون بە خودە و پەیتا پەیتا وایلێکردوە مکوڕ و سەرسەختانەتر بەگژ ستەم نادادی و دەسەڵاتداری ستەمکار و نامرۆڤانەدا بچێتەوە.

٢-لە ڕووی ڕەگەزەوە(جێندەر): ئامینە کاکە باوە وەکو ڕەگەز مێیە ، بەڵام نابێت ئەوە لە یاد بکرێت ئەم مێیەی لە کۆمەڵگای دواکەوتو و پیاوسالاریدا دەبێتە ئامرازێکی بەکارهێنراو بۆ مەبەستی ناڕەوای جۆراوجۆر . ئەمانەش بە هۆکاری لاوازی لە خودی کەسەکاندا ئەمە لە لایەکەوە ، لە لایەکی تریشەوە خودی ڕەگەزی مێ کاتێک خۆیان کەمایەتی و سوکایەتی بە کەسایەتی خۆیان دەکەن ... ئینجا لەبری تەقەلا و تێکۆشان بۆ بە ئامانج گەیاندنی یەکسانی ڕاستەقینە و سەلماندنی ئەو ڕاستیەی کە هیچ جیاوازیەکیان نیە لەگەڵ ڕەگەزی نێردا ، کەچی هەڵدەستن بە کاری لاوەکی و بێ مانای وەک ڕوکەشی ساختە و ئارایشت و گۆڕانکاری و جوانکردن لە ڕواڵەت و ڕوخساری دەرەکی بەرامبەر بەمە تۆزقاڵێک بایەخیان بەو ئاراستەیەدا ناڕوات کە دەبنە مایەی پێشخستنیان لە بواری هۆشەنگی و هزری.

ئەوەی زیاتر جێگای سەرسام بوونە ئەو هەڵوێستە بێ وێنەیەیە کە خاتوو(ئامینە) نواندویەتی بە هەموو خوێندنەوەیەک نەک هیچ مێینەیەکی تر ناتوانێت بەو شێوازە پیادەی بکات ، بەڵکو لە بارتەقای خەبات و هەوڵدانی سەدان پیاوی چالاک زیاترە ، لەبەر ئەوەی ئا لەم کاتەدا هەزارەها بێ خەم هەن و ئەوەی باکیان لێی نەبێت خەمی نەتەوە و ئێستا و پاشەڕۆژە و ناتوانن بە تۆزقاڵێکی ئەو کارە پڕ بەرهەمە هەڵبستن. نابێت ئەوەش لە یاد بکەین خەڵکانی زۆر لە ڕەوەندی کوردی بونیان هەیە کەچی بچوکترین دەنگ و هەنگاویان لێ بەدیناکرێت ، ئەمەش لەبەر بەرژەوەندی تاکەکەسی و خۆویستی ئەو خەڵکانەن یاخود سڵکردنەوە و نەبوونی هەست و هەڵوێستەی نەتەوەیی.

٣-لەڕووی سیاسی و ئایندەی کوردەوە: ئەگەر تێڕابمێنینە دۆخی سیاسی دۆزی کورد دەبینن لە باشوردا وێڕای بونی قەوارە و هەرێمێکی لاواز و داتەپیو هیچ ئایندەیەکی گەش و خۆری بەردەوامی لە فەرمانڕەوایەتی کردنی دەسەڵاتدارانی لێ بەدیناکرێت ، بە جۆرێک لە هەر کات و ساتێکی نزیک بێت یان دوور بەرەو خامۆشبون دەچێت. وە تەنها تروسکایەک مابێت ئەو هێزە گیانباز و خۆبەخشەیە کە باوەڕی بە مانەوە هەیە و ڕیشەیەکی توندوتۆڵی داکوتیوە هەرەوەها بە هەموو پێوەرەکان سەلمێنەری بونی مۆرکی کوردبونی ڕاستەقینەیە ، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی تورکیا کە بە ڕەگەزپەرستی و نامرۆڤانەترین شێواز لە لایەن ئۆردوغانەوە پەیڕەوی دەکرێت ، لە ڕێگای تەنیا یەک دەنگەوە سنورێکی بۆ دادەنرێت بەوەی وڵاتی سوید نەچێتە بەرەی (هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی) کە تورکیا تیایدا ئەندامە و لەو ڕێگایەوە قسەڕەوی تورکیا و داوای کۆمەک کردن لەبەرامبەر وڵاتی سوید بونی نابێت.

سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستانیش نەک لە لایەن وڵاتی سویدەوە هەر دژایەتی ناکرێت ، بەڵکو هاوکاری هەمەلایەنەش دەکرێت. سەرباری ئەمەش هەر لەم ڕێگایەوە کار بۆ ئازادکردنی (سەڵاح دەمیرتاش) دەکرێت لە ڕێگای وڵاتی سوید و پەیوەندیە دەرەکیەکانیەوە.

لە هەر لایەنێک لەم لایەنە سیاسیانە دەتوانین بڵێین سەرکەوتن و بە ئامانج گەیشتنی داواکاری (ئامینە کاکە باوە) لە ڕێگای ئەم دەنگەیەوە ، دەبێتە لغاو کردنی ئۆردغان و هاوبیران و نۆکەرانی و شکست پێهێنای زۆر خەون و هیوای دەوڵەتی تورک.

14/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر