پارتی و یەکێتی چییان لە بەغداد دەوێ؟

سەرکەوت شەمسەدین


لەم ئەزمونە کەمەی ئێمە لە بەغداد بوین دەرفەتێکی گەورەبوو بتوانین لە نزیکەوە سەوداو مامەڵەکانی پارتی و یەکێتی لە بەغداد باشتر تێبگەین، بزانین پرسە گرنگەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چین، پێوەرەکان بۆ دۆست و نەیار لە بەغداد چین، هێزەکانی ناوەراست و باشور و رۆژئاوای عێراق لەسەر و لە چیدا ناکۆکن لەگەڵ هەرێم؟ بۆ پارتی هێواش هێواش کار بۆ گەراندنەوەی مالکی دەکات، بۆ ناتوانن لەگەڵ سەدر سیاسەت بکەن؟ بۆ وەزیری داراییەکەی سەر بە پارتی بۆ رۆژێکیش پارەی ئەو کۆمپانیایانە دواناخات بەڵام لە ئاست دواکەوتنی موچە و پارەی جوتیارانی هەرێم بێ دەسەڵاتە؟ هەموو ئەمانە بێ کارکردنی ورد لە بەغداد تێگەشتنیان زەحمەتە.


ئەوەی بۆ ئێمە رونبویەوە کە هەردوو حیزب خاوەن چەندین گرێبەستی زەبەلاحی سەدان ملیۆن دۆلارین لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق (بۆنمونە کۆمپانیای کار ی سەربە پارتی و قەیوان ی سەربە یەکێتی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی کارەبا و نەوت ی عێراق بەهای گرێبەستەکانیان نزیکەی دوو ملیار دۆلارە). چەندین گرێبەستی تر لەگەڵ کۆمپانیای هاوبەشی سەربە نوری مالکی و گروپی عەساییب وهەندێ لە بازرگانە سنوننەکان.


ئەم گرێبەستانە بەشێوەیەک کراون و پارێزراون کە دەستبۆبردنیان زەحەمەتە. ئەمانە کە سودی هەردوو حیزب و هێزەکانی ناوەراست و باشوری تێدا پارێزراوە (بۆ نمونە گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت کە بەشی زۆری کۆمپانیای سەربە پارتی و یەکێتین)، خاڵی بەیەک گەشتن و ململانێی پارتی و یەکێتی و هێزەکانی باشورە، نەک پرسی موچە و بودجە و پارەی جوتیاران.


چەند جارێک هەوڵ هەبوو بۆ لێکۆڵینەوە لەم گرێبەستانە بەڵام هەرزوو لێکۆڵینەوەکان پەکیان کەوت. کاتێک  پەرلەمانتارێکی کوتلەی نەسر ی سەر بە عەبادی  بابەتی ئەم گرێبەستانەی وروژاند  کوتلەی پارتی کەوتنە لۆبیکردن و هەوڵدان بۆ دەمکوترکردنی، هەتا وەزیرێکی پارتی لە بەغداد بە عەبادی وتوبوو "ئەگەر ئەو پەرلەمانتارەتان بێدەنگ نەکەن، ئێمەش مەلەفمان لایە لەسەرت."


کاتێکیش بەزۆر توانرا بابەتی لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی کارەبا و نەوت  بکرێت کە هەردوو کۆمپانیای قەیوان و کاریشی دەگرتەوە، پارتی لەرێگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکەیەوە بابەتەکەیان داخست و دواتر لیژنەیەک پێکهێنرا بەڵام لیژنەکە نەیتوانی هیچ کۆبونەوەیەک بکات و ئەنجامی نەبوو.


بۆیە گرێی سەرەکی نێوان پارتی و یەکێتی لەگەڵ بەغداد (کە لەسەر زۆر بابەت ناکۆکن جگە لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی کۆمپانیاکانیان) کێشەی موچە و بودجە و کێشەی پارە جوتیاران و کەرکوک نیە. 
یەکێتی کە تەواوی نوێنەرە کوردەکانی کەرکوکی بۆخۆی قۆرغ کردووە هیچ شەرێکی جدی بۆ مافی کەرکوک لە بودجە و دامەزراندن نەکرد، هیچ کارێکی جدی بۆ پێکهێنانی لیژنەی کاتی مادەی ۱٤٠ نەکرد. 
پارتی یەک رۆژیش دانیشتنی پەرلەمانی بۆ دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان تەرخان نەکردوە، بەتایبەت شەنگال و مەخمور کە میدیاکانی شین و رۆرۆیانە.


ئەوپەری بێ ئاگاییە پێتوابێت لەدوای ۲٠۱٠ ەوە پارتی و یەکێتی جگە لە گرێبەست و بەرژەوەندی حزبی هیچ جۆرە بابەتێکی بەرژەوەندی گشتی ستراتیژی کارکدنیان نەبووە لە بەغدا. هەموو ئەو شەرفرۆشت نە بە محمد تۆفیق عەلاوی سەدر هیچ پەیوەندی بە بودجەی کوردستان و کەرکوک ەوە نیە، بەڵام بۆ فریودانی حزبەکانی تر لە کۆبونەوە فەرمیەکانی ئەوەی پێیدەوترێت گەلەکۆمەی کوردایەتی داواکاریەکان کۆمەڵێ خاڵی کۆنکرێتین، بەڵام قسەی جدی لەپشتی پەردە دەکرێت کە جگەلە پارتی و یەکێتی حزبەکانی تر هیچ بەشدارییەکیان پێناکرێت و وەک بوکەڵە لەلایەن پارتی و یەکێتی ەوە بەکاردەهێنرێن.

05/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر